هـێزی نه‌رم

سوپاس بۆ ئەوانەی هەقیان سەرخست

09:33 - 2024-10-21
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
380 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 


دەرئەنجامی هەڵبژاردن وەک پرۆسەیەکی سەر بە جیهانی هێزی نەرم، وێڕای ئەوەی وا دەکات حزبەکان بەخۆیاندا بچنەوە و قەبارە و کاریگەریی خۆیان لەسەر کۆمەڵگەکەیان ببینن، رۆحییەتی قبووڵکردنی ئەو تەحسیڵ حاسڵەش دەکات بە ئەرکی سەرشانی هەموولایەک.
ئەوەی وایکرد لە هەڵبژادنەکەی دوێنێدا، ئاستی سەرکەوتنی پرۆسەکە و کوالیتیی دەنگدەر زۆر بەرزببێت، رەخساندنی ئەو دۆخەیە کە حزب و دەنگدەری دوای درۆکەوتوو، لەو حزب و دەنگدەرە وریا و خاوەن ویست و ئیرادەیە جیابکرێتەوە کە دەیەوێت بە شێوازێکی دیموکراسیی و شارستانیی جێ پەنجەی لەسەر نەخشەی گۆڕانکارییە گەورەکاندا هەبێت. 
بەرزکردنەوەی ئاستی کەسێتیی دەنگدەر لە ئەندامێکی ترساو و بیرنەکەرەوە و کڕدراوەوە بۆ کەسێکی بەهێزی خاوەن ئیرادە و ئازاد لە هەڵبژاردنی رێگەی راستدا، هەنگاوێکی لەپێشینەی یەکێتیانەبوو کە لە خەمی ژیان و کەرامەتی خەڵکدایە. دەنگدەر لەکاتی بەشداریکردنی لە خولی شەشەمی پەرلەماندا بە گوڕ و جیاواز و ئازابوو، کەسایەتییەکی ناڕازیی هەبوو لە حوکمڕانی و دەوڵەتداریی نادادپەروەرانە، بەرچاو روون بوو، بەهۆی وتارە روون و راشکاوەکانی سەرۆک بافڵ و کەسایەتییە دیارەکانەوە، خەڵک دەیزانیی یەکێتی چی دەوێت و چی داوادەکات و بەنیازە لە ئایندەدا چی بکات، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەر توانیی شان بداتە بەر باری لاری دۆخەکە و لەگەڵ یەکێتیدا هەوڵی راستکردنەوەی بدات و لە هەوڵەکەشیدا کارامە بوو. رێژەی بەرزی بەشداربووان لە دەنگداندا بەتایبەتی لە سلێمانی، راددەی توندیی ململانێکە و جددییەتی خواستی گۆڕانکاریی لە بارودۆخی کوردستاندا نیشان دەدات. 
خەڵک کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا دەنگی نەدەدا، یان بە رێژەیەکی کەم دەچوون بۆ دەنگدان، لەبەر بێ ئومێدیی بوو، بەڵام ئەمجارە ئومێد هاندەری هەمووان بوو.
بێگومان دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێدا و لە هەموو هەڵبژاردنێکدا، کارەکتەرێکی هەرە گرنگی پرۆسەکەیە، سوپاس بۆ ئەو حزبەی خاوەن ئایدیۆلۆژیای گۆڕانکاریی بوو، توانیی ئاستی دەنگدەر بەرەو  رۆڵگێڕێکی کارا و بڕیادەر لەسەر ئایندەی خۆی و گەلەکەی بەرێت. ئەمەش بە پێچەوانەی کاری ئەو لایەنانەیە کە بە وەهم و ناڕاستیی دەنگدەری خۆیان فریودا، یان کاریان ئەوە بووە خەڵک ساردبکەنەوە لە دەنگدان. ئافەرین بۆ سەرکردایەتییەک کە ئەوەی وتی کردی و دڵی رەنجاوی خەڵکەکەی خۆی بەدەستهێنایەوە و چاونەترسانە بەگژ دۆخەکەدا چووەوە و ئومێدی باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دەرکردنی وڵاتەکەمانی لە چەقبەستوویی کرد بە وێردی سەرزاران. سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بە دەنگەکانیان هەقیان سەرخست و گەرموگوڕییەکی باشیان بە پرۆسەکە بەخشی.

وتارەکانی نوسەر