کەرکوکییانە

کەرکوک و دادوەری گوێزەرەوە

10:27 - 2024-10-22
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
37 خوێندراوەتەوە

مێژووی سەت ساڵی رابردووی کەرکوک لیپە لە ململانێ و ناکۆکی و ناجۆری دروستکراو، لەو سەت ساڵەدا زۆر کەم دەرفەتی ئەوە دراوە کەرکوکییەکان بیر لەخۆیان بکەنەوە، هەمیشە خەڵکی تر لە بری ئەوان بیری کردوەتەوە و بڕیاری داوە، ئەوەش هۆیەک بووە بۆ ئەوەی ئەو دانیشتن و پێکەوەژیانەی نێو گازینۆ و چایخانەکان نەگاتە بارەگا سیاسییەکان و رایەداران، لە کەرکوک هەرکەس برینی خۆی دەبینێت، کەس برینی ئەوی تر نابینێت، یانی هەرکاکە و یابە و قارداشێک شین بۆ خۆی دەکات و نایەوێت ئازاری ئەوی تر هەست پێ بکات، ئەمەش وای کردووە هەموو خۆیان بە قوربانی بزانن هەر ئەوەندەی دەستیشیان بڕوا قوربانی بوونی خۆیان لە بیر بکەن و ببنە بوونەوەرێکی تر.

لە کەرکوک هەرکەس برینی خۆی دەبینێت، کەس برینی ئەوی تر نابینێت، یانی هەرکاکە و یابە و قارداشێک شین بۆ خۆی دەکات و نایەوێت ئازاری ئەوی تر هەست پێ بکات

ساڕێژکردنی برین و چارەسەرکردنی ئەم دۆخە پەیوەستە بەوەوە، کە چۆن ئەو رابردووە بخوێنینەوە و بە چ شێوازێک بیخەینە بەردەم دادگای ویژدان، لانی کەم بۆ ئەوەی دادوەری گوێزەرەوە رۆڵ لەئاشتکردنەوەی راستینەدا ببینێت، دادگاییکردنی رابردوو بۆ ئەوەی سبەینێ لە ئەمڕۆ نەچێت و نەوەکانی داهاتوو بتوانن پێکەوە بژین، بۆ سزادان و ناشرینکردنی کەس نییە، وەک ئەوەی هەندێک دەیانەوێت ئاوا خوێندنەوەی بۆ بکەن، نەخێر ئەمە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەوەکانی داهاتووە، بۆیە زۆر پێویستە هەموو لەو راستیە بگەین.
بابەتی دادوەری گوێزەرەوە، بابەتێکی زۆر بایەخدارە بۆ دەرخستنی هەقیقەت، ئەمە بەشێکی بە بەڵگەو ئەرگۆمێنت دەکرێت و بەشێکیشی بە گێڕانەوەو مێژووی زارەکی، سەت ساڵ بۆ ستەم و چەوسانەوە هەزار ساڵ پترە، لێ بۆ پیاچوونەوە و هەڵسەنگاندن زۆر کەمەو ماندوێتییەکی زۆری ناوێت، دەکرێت ئاوەزدارانی هەموو پێکهاتەکان دوور لە بیرکردنەوەی ناسیونالیستانەی کوێر بێن بەیەکەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەن، سەرەتایەکی باش.
لەم رۆژانە دانانی سێ قایمقام بۆ سێ قەزای کەرکوک کە هەرسێکیان عەرەبن هەندێک نیگەرانی لێکەوتەوە، دیارە هەشبوون دەیانویست نیگەرانییەکان بەئامانجی تر وێنا بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاوڕدانەوەی خێرای ئێمە لە سەت ساڵی بەرێ، دەبێ بڵێین نیگەرانییەکان لەجێی خۆیدان، بەڵام ئەمە کێ دەتوانێ بیڕەوێنێتەوە، هەر ئەوەی کە کەرکوکی بوون سەرتر لە عوبێدی بوون و جەباری بوون ببینین، هەروەها ئەو کارەکتەرانەش هێندە ئاوەز دار بن کە لە مانای دادوەری گوێزەرەوە بگەن و لە داوەریکردنی جوتیارێکی داقوقی خاوەن تاپۆ و هاوردەیەکدا، کە گەرەکێتی قوتی جوتیارەکە ببڕێت مرۆڤ و کەرکوکی و ویژداندار بن.

وتارەکانی نوسەر