سەرژمێری و سێ‌ مەترسی

09:45 - 2024-10-23
فەرید دڵشاد
38 خوێندراوەتەوە

فەرید دڵشاد


سەرژمێری گشتیی، نەخشەڕێگا و پلانی كاری دەوڵەتی لەسەر بنیات دەنرێت و بنەمایەكی سەرەكیشە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن، چونكە تا ئامار و سەرژمێری نەبێت ناتوانرێت وەك پێویست هەڵبژاردنێكی دروست بكرێت، هەروەها لەڕێگایەوە، زانیاریی پێویست لەسەر كۆی دانیشتوان سەبارەت بە رەگەز، تەمەن، ئایین، رەوشی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی كۆدەكرێتەوە.
لە زۆربەی وڵاتاندا، 10 ساڵ جارێك سەرژمێری دانیشتوان دەكرێت، تا ئێستا لە عیراق هەشت سەرژمێری گشتیی كراوە، ئەوانیش سەرژمێرەكانی ساڵانی 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987  دوایین سەرژمێریش لە ساڵی 1997 بوو، وەزارەتی پلاندانانیش رۆژی 24/11/2024ی دیاریكردووە بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری.

ئەگەر كورد بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرژمێریدا نەكات و تەواو ئامادە نەبێت رەنگە پرۆسەکە ببێتە بەڵایەكی گەورە بۆی

سەرژمێری نیعمەت یان بەڵا
ئێستا لە عیراق سەرژمێریی ئەزموونی دەستیپێكردووە و قۆناغی زۆری بڕیوە و چۆتەپێشەوە، لە 86 ناوچەی عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، بەپێی خشتەكانی بودجەی ساڵی 2024، حكومەتی عیراق، بڕی 300 ملیار دیناری بۆ سەرژمێری گشتیی دانیشتوان تەرخانكردووە، كە 38 ملیار دیناری پشكی هەرێمی كوردستان دەبێت.
هەرچەندە سەرژمێری دانیشتوانی بۆ وڵاتە پێشكەوتووەكان دەبێتە نیعمەت، بەڵام ئەمجارە ئەگەر كورد بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكات و تەواو ئامادە نەبێت رەنگە ببێتە بەڵایەكی گەورە بۆی، لەبەر ئەوەی سەرژمێریی ناكۆكی مێژوویی لەسەر مافی حوكمڕانی ناوچە جێناكۆكەكان یەكلایی دەكاتەوە، بەتایبەت لە ئێستادا 600 هەزار عەرەب هێنراونەتە كەركوك.

كاراكردنەوەی مادەی 140
كاتێك سەرژمێری دەکرێت ئەگەر كورد 5+1ی ناوچە جێناكۆكەكان نەهێنێت، ئەوە راستەوخۆ ژمارەی عەرەب زیاد دەكات، ئەوكاتە مادەی 140 كارا دەكەن و داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی دەكەن بۆ ئەوەی فەرمان سالاری دەربكات بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە جێناكۆكەكان بکرێت، بەوەش بەپێی دەستوور ئەو ناوچانە دەخەنەوە سەر عیراق بۆ ئەمەش توركمانەكان لەگەڵ ئەوەن لە چوارچێوەی عیراقدا بن نەك هەرێم.

كەمبوونەوەی بودجەی كورد
یەكێکی تر لە مەترسییەكانی ئەم سەرژمێرییە ئەوەیە كە  گرفتی ئابووری بۆ كورد دەهێنێت و  پشكی كورد لە بودجەی گشتی عیراق بۆ خوار 12 % كەم دەكات، بەو پێیەی ژمارەی دانیشتوانی عەرەب زۆر زیادی كردووە بەهۆی خستنەوەی منداڵی زۆر، بەڵام كورد لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی منداڵی لە یەك بۆ دوو دانەیە.

کەمبوونەوەی كورسی پەرلەمان

هەروەها سەررژمێری دانیشتوان پەیوەستە بە دیاریكردنی سروشتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عیراق، بەتایبەتی سەبارەت بە دیاریكردنی كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی، رەنگە كورد لە داهاتوودا ژمارەی كورسییەكانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كەم بكات، بەمەش پێگەی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عیراق لاواز دەبێت و ناتوانێت شەڕی مافەكانی بكات.

وتارەکانی نوسەر