ئێران - ئیسرائیل

لە جەنگی بریکارەکانەوە بۆ پێکدادانی راستەوخۆ

09:52 - 2024-10-27
جەمال ئارێز
123 خوێندراوەتەوە

بەریەککەوتن و جەنگی ئێران و ئیسرائیل، ئەگەر تا ماوەیەک بەرلەئێستا جەنگی ئیسرائیل و نفوزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووبێت، ئەوا ئێستا بووە بە جەنگی راستەوخۆ.
بەگوێرەی زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی و توێژەرانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ئەم جەنگە هێشتا جەنگی بەوەکالەتە و خاوەن کەیسەکان هێشتا لەپشتی پەردەوەن و بەریەککەوتنی راستەوخۆیان نەبووە، چونکە بەبۆچوونی ئەوانە خاوەنی راستەقینەی کەیسەکە بریتین لە ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبیی سوننە مەزهەب لەلایەک، چین و روسیا لەلایەکی دیکەوە، بەڵام بەهۆی پەلوپۆ و رەگ و ریشاڵی کەیسەکەوە ئیسرائیل بە ئاشکرا نوێنەرایەتیی گروپی خۆرئاوا دەکات و ئێرانیش نوێنەرایەتیی چین و روسیا دەکات، بەڵام پێدەچێت سەختیی گورزە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئەو گروپە نادەوڵەتییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکارییانە، ئێرانی ناچارکردبێت لانیکەم خاوەنداریی لەو بەشەی کەیسەکە بکات و لەسەریان بێتە جواب.
لە دوو سێ ساڵی رابردوودا رێککەوتننامەی ئاشکرا و نهێنیی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئیسرائیل و بەناوی رێککەوتنی ئیبراهیمی و رێککەوتنی چین، روسیا، عیراق، ئێران لەبارەی کردنەوەی رێڕەوی فاو – تورکیا لەلایەک و جەنگی روسیا – ئۆکرانیا جیهانیان بە ئاشکرا کرد بە دوو بەرەی زەقەوە. بۆیە ئەگەر جەنگی روسیا - ئۆکرانیا بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی ناتۆ بێت لە سنوورەکانی روسیا، ئەوا رێککەوتنی ئیبراهیمی-یش جەنگێکی پێشوەختە بوو  بۆ بێ ئەرزشکردنی رۆڵی روسیا لەوەی تاکە سەرچاوە بێت بۆ دەستەبەرکردنی وزە و سووتەمەنی و دانەوێڵە  بۆ ئەوروپا.
دیارە لە جەنگی روسیا – ئۆکرانیادا وزە و دانەوێڵە دوو چەکی گرنگن بەدەست روسیاوە و نزیکیش لەگەڵ چیندا لە تێڕوانینیان سەبارەت بە رەتکردنەوەی هەژموونی ئەمریکا بەسەر بڕیاری سیاسی و ئابووریی جیهانەوە، چینیش هاوبیر و هاودیدی روسیایە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئێرانی دوای شۆڕشی ئیسلامیش وەک نەیاری تەقلیدیی ئەمریکا و ئیسرائیل ناسراوە، جگە لە پێگە مەزهەبییەکەی لە ناوچەکەدا و تێڕوانینی هاوبەشی روسیا و ئێرانیش سەبارەت بە دۆخی سوریا بۆ روسیا وەک دوا میراتی سۆڤیەت لەسەر دەریای ناوەڕاست و بۆ ئێرانیش وەک تەواوکەری هیلالی شیعی، هەموو ئەم هاوبەشیی و بەرژەوەندییە تێکئاڵاوانە وایانکردووە جەنگەکە لە رووکاردا ببێتە جەنگی ئێران و ئیسرائیل.
چەند خاڵێک هەن کە شرۆڤەکاران و توێژەرانی ناوەندە سیاسییەکان ئاماژەی پێدەدەن ئەویش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی ئێران و ئیسرائیل بوونەتە سەرەڕمی ئەو تەنگژە گەرمە، بەڵام چەند خاڵێکیش هەن کە هەردوولا نایانەوێت دۆخەکە بگەیەننە بنبەست، بەتایبەتی هەردوولا نەیارێکی تەقلیدییان هەیە کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی سوننە مەزهەبن، کە ئەوانە بە وریاییەوە چاوەڕوانی دۆخەکە دەکەن و لەبردنەوەی هەریەک لەو دوو سەرە رمەی جەنگەکەدا، ئەگەری هەیە ئەوان جڵەوی کێشەی فەلەستین بگرنەوە دەستی خۆیان، وەک ئەوەی لە ناوەڕاست تا کۆتایی سەدەی رابردووی بەرلە سەرهەڵدانی رێکخراوە جیهادییە شیعییەکان ئەو جڵەوەیان بەدەستەوە بوو، بەهێزبوونی ئەوانیش مەترسییە هەم بۆ سەر ئیسرائیل و هەم بۆسەر ئێران و گروپە شیعەکانی دۆستی، بۆیە پێناچێت پێکدادانەکانی ئێران و ئیسرائیل ئەو سنوورە تێپەڕێنێت کە هەیە و زیادەڕۆیی لەدژی بەرژەوەندیی هیچ لایەکیاندا نابێت. 

وتارەکانی نوسەر