كوردستان لەڕووی گرد و تەپۆڵكەی شوێنەوارییەوە زۆر دەوڵەمەندە و ئەم گرد و تەپۆڵكانەش مێژووی كۆنی كوردستانیان لە ئامێزدا هەڵگرتووە
زانستی شوێنەوار ئەو زانستەیە كە گرنگی بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی ئەو پاشماوە و كەرەستە و كەلوپەلانە دەدات كە مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا لە سەردەمانی كۆندا بەكاری هێناون. ئەو شارستانییە كۆنانەی تەنیا پاشماوەیان ماوە، چەندین تایبەتمەندیی خۆیان هەبووە لە بیناسازی و هونەر و نەخش و نیگار، ئەمەش وای كردووە گرنگی بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی هەموو جومگەكانی ئەو شارستانییە كۆنانە بدرێت و زانیاریان لەسەر كۆبكرێتەوە لە:
- ناساندنی روخسار و شێوەی مرۆڤی كۆن لە رێی توێژینەوەی تایبەتمەندی و پێكهاتەی جەستەی مرۆڤی كۆن و بەراوردكردنی لەگەڵ مرۆڤی ئێستادا.
- زانینی بیروباوەڕی ئاینی كۆن و شێوازی پەرستن لە رێی خوێندنەوەی دەقە ئاینییە كۆنەكان و شێوازی پەرستگا و ئەو پەیكەر و پێداویستییانەی لەپەرستگاكاندا بەكارهێنراون.
- خستنەڕووی هونەری بیناسازی سەردەمەكان و بەكارهێنانی نەخش و نیگار و چۆنییەتی بەكارهێنانی كەرەستە و پێداویستی لە خانوو كۆشك و پەرستگا و قەڵاكاندا و توێژینەوە لەبارەی هونەری نەخش و نیگاری ناو كۆشكەكان و كاریگەرییان لەسەر سەردەمەكانی تر.
- شارەزابوون لە نەریت و چۆنییەتی ژیانی ئێستای ناوچەكە هۆكارێكە بۆ زانینی چۆنییەتی ژیانی كۆنی ناوچەكە و چۆنییەتی بەكارهێنانی كەرەستە و پێداویستی لەسەردەمە كۆنەكاندا.
مۆزەخانەی سلێمانی
بایەخی رۆژهەڵاتناسان بە شوێنەوار
لە سەدەكانی ناوەڕاستدا، كڵێسە باڵا دەست بووە و بودجەی زۆری بۆ گەڕان و پشكنین لەرێی گەڕیدەكانەوە تەرخانكردووە و زانیاری زۆریان لەسەر مێژوو و شوێنەوار و جوگرافیا و دابونەریتی ئەو وڵاتانەی لەژێر دەسەڵاتیان بووە تۆمار كردووە. ئەمەش وای كرد گرنگی زۆر بە شوێنەوار و مێژووی ئەو وڵاتانە بدەن و بەشێكی زۆری پارچە و پەیكەری شوێنەواری ببەنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان سەرەتا لە كۆشكی پاشاكان و دواتر لە مۆزەخانەكان نمایش كران.
بایەخی شوێنەوار لە كوردستان
گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، خاكی كوردستان شوێنی یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان دەوڵەتە زلهێزەكان بووە و سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە كە ببێتە هۆی گرنگیدان بە شوناس و مێژوو و كەلتور و پاراستنیان لەفەوتاندن، گەر زۆر دوور نەڕۆین و بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی میرنشینی بابانییەكان، دەبینین بەهۆی ململانێ لەسەر دەسەڵات و دەستێوەردانی بێگانە، میرە بابانییەكان شوێنەوارێكی ئەوتۆیان بۆ بە جێ نەهێشتووین، جگە لەوەش پێگەی جوگرافی هەر یەك لە میرنشینە كوردییەكان كارێكی وای كردووە كە نەتوانن حوكمڕانی هەموو خاكی كوردستان بكەن و بەشێكی لەژێر دەستی عوسمانی و بەشێكی لەژێر دەستی ئێرانییەكاندا بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زۆری نەخش و قەڵا و شوێنەوارەكانمان ماون و بە شێوەیەكی وا نەشێوێنراو و تێك نەدراون كە ببێتە هۆی سڕینەوەی یەكجارەكیان. هۆكارێكی گرنگی تریش ئەوەیە كە كورد بە درێژایی مێژوو خۆی حوكمڕانی خۆی نەكردووە و بەردەوام دەسەڵاتی عەرەب و فارس و تورك حوكمی كردووە و ئەم دەسەڵاتانەش هەوڵیانداوە مۆركی نەتەوەیی لای تاكی كورد بسڕنەوە و شوێنەوارەكانیان بە مەبەست تێكداوە، تاوەكو نیشانی بدەن كە باوباپیرانی كورد خاوەنی شارستانییەتی خۆیان نەبوون.
شوێنەوارناسانی كوردستان
شوێنەوارناسانی كوردستان هێندە زۆر نین و ئەزموون و شارەزایی و پسپۆڕییان لەسەر مێژووی كۆنی كوردستان و خوێندنەوەی نووسینە كۆنەكان نییە تاوەكو بتوانن بە شێوەیەكی زانستی كاری كنە و پشكنین ئەنجام بدەن، تاوەكو ئێستاش لە زۆربەی كنە و پشكنینە خۆماڵییەكان پەنا بۆ شوێنەوارناسانی عەرەبی عیراقی دەبەن، چونكە ئەوان ئەزموون و شارەزاییان لە شوێنەوارناسانی كورد زیاترە و كنە و پشكنینش بودجەیەكی زۆری پێویستە.
شوێنەواری پەیكوڵی
كوردستان لەڕووی گرد و تەپۆڵكەی شوێنەوارییەوە زۆر دەوڵەمەندە و ئەم گرد و تەپۆڵكانەش مێژووی كۆنی كوردستانیان لە ئامێزدا هەڵگرتووە و تاوەكو ئێستا پاراستوویانە و چاوەڕێی كنە و پشكنینی زانستی شوێنەوارن.
بۆ نموونە یەكێك لەو شوێنە گرنگانەی لە كوردستاندا هەیە شوێنەواری پەیكوڵیە، ئەو بەردە نووسراوانەی لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراون بە درێژترین دەقی نووسینی شاهانەی سەردەمی ساسانی دادەنرێت لە جیهاندا.
مۆنۆمێنتی پەیكوڵی لەلایەن پادشای ساسانی نارسە لە (293-302/3) بینا كراوە. مۆنۆمێنتەكە كەوتۆتە دۆڵێك لە رۆژئاوای ناوەڕاستی چیاكانی زاگرۆس، ئەوپەڕی باشووری زنجیرە چیای قەرەداغ.
ئەم شوێنەوارە نزیكەی 100كم لە باشووری شاری سلێمانییەوە دوورە. مۆنۆمێنتەكە كاتێك دروست كرا كە پیاوماقوڵان و خانەدانەكانی ئیمپراتۆرییەتی ساسانییەكان چاوەڕێی گەیشتنی نارسە بوون بۆ متمانە پێدان و پەسەندکردنی وەك پاشای ئیمپراتۆرییەتی ساسانی.
گواسترانەوە بۆ مۆزەخانەی سلێمانی.
لەپێناو رێگریکردن لە تاڵانبردنی لە كۆتایی سەدەی بیستدا و لەپێناوی پارێزگاریكردنی بەشی زۆری بەردە نووسراوەكانی پەیكوڵی و پەیكەرەكانی نارسە گواسترانەوە بۆ مۆزەخانەی سلێمانی.
106 بەردی نووسراو
لە ئێستادا 106 بەردی نووسراو و پارچە بەردی بچووك كە بۆ هەردوو زمانی پەهلەوی ساسانی و پەهلەوی ئەشكانی دەگەڕێتەوە، لە مۆزەخانە پارێزراوە، لە راستیدا بەردەكانی پەیكوڵی لەنێوان شوێنە دۆزراوەكان كە لە ناوچەكە پارێزراوە، دەریدەخات كە كوردستانی ئێستا لەسەردەمانێكدا دووڕیانێكی رێڕەوی ستراتیجی دڵی ئیمپراتۆرییەتێكی مەزن بووە.
پارچە نەخشێنراوەكان
پارچە نەخشێنراوەكانی نێو كۆمەڵەكەی پەیكوڵی، تیشك دەخەنە سەر روخساری هەیكەلی بنەڕەتی یادگارییەكە، بەردە رووچاڵەكان و كۆڵەكەی سێ چارەك و بنكەی شێوە جەرەسی، هەردوو دیوار و لوتكەی مۆنیومێنتەکە رازاندۆتەوە.
پەیكەرە گەورەكانی نەرسی
لە نێوان رەگەزە نەخشێنراوەكاندا پەیكەرە گەورەكانی نارسە جوانترین شێوازی روخساری شاهانەی ساسانی دەردەخات، چوار نیوە پەیكەر بە هەمان بەرزی و هەمان شێوە نەخشێنراوە، هێرزفێڵد وای بۆ دەچێت كە هەر یەكێكیان لەناوەڕاستی هەر دێواریكیدا بەشێكی دانەبڕاوی بیناكە بێت.
پەیكەری ساسانی
پێنجەمین نیوە پەیكەری نارسە یەكسەر وازی لێهێنراوە و بەكارنەهێنراوە، لەقەدی پەیكەرەكە و بەشێكی گەورەی تاجی سەری نارسە لەگەڵ ئەوەشدا دەموچاو و روخساری پاشا دیار نییە، لەئەنجامدا وا دەردەكەوێت رێك لە پارچە ئەسڵییەكە بچێت، لەگەڵ ئەوەشدا وردەكاریی وردی پشتی پەیكەرەكە نموونەیەكی دەگمەنی هەمە لایەنەی پەیكەری ساسانی پێشكەش دەكات.
بەردە نووسراوەكان نەپارێزراون
هاوكات دەقی ساسانی هەشت چینی بەردەكانە كە تێكڕا 46 دێڕە، بە پێچەوانەوە دەقی ئەشكانی پێكهاتووە لە 43 دێڕ كە 7 چینی داپۆشیوە، تەنیا یەك چینیش لە كۆی هەموو بەردە نووسراوەكان نەپارێزرا، نە لە ئێستا و نە لە رابردوودا كە 146 دانەن، هێمای نووسینەكان زۆر بە باشی هەڵكەندراوە، وشەكان و بۆشایی نێوانیان زۆر بە رێكی دانراوە لە شێوە و قەبارەدا، سەرەڕای ئەوەش خوێندنەوەی دەقەكە ئاسانە، بۆیە پێی دەوترێت یادگارییەكی مەزن، لەنەخشی ساسانیدا لە سەدەی سێیەمی زاینیدا باو بووە، بە شێوەیەكی باش هەموو هێمایەك لەوەی تر جیاكراوەتەوە، كە لەپەیكوڵیدا بەكارهێنراوە، لە ساڵی 2006 بە دواوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ مۆزخانەی سلێمانی، تیمێكی پسپۆڕی ئیتاڵی، لێكۆڵینەوە لەشوێنەوارەكە دەكەن، رابەرایەتی رووپێوێكی فراوانی دۆڵەكە و خوێندنەوەی هێماكانی دەكەن كە ئێستا لە مۆزەخانە پارێزراوە.
سەرچاوەی ئەم وتارە، دیدارێكم بوو لەگەڵ هاشم حەمە عەبدوڵڵا بەڕێوبەری مۆزەخانەی سلێمانی، بە سوپاسەوە تەواوی بەشەکانی تری مۆزەخانەی بۆ روونكردمەوە.