باخچەلی راست دەكات؟

10:03 - 2024-11-11
دڵشاد تاڵەبانی
88 خوێندراوەتەوە

دڵشاد تاڵەبانی

 

دەوڵەت باخچەلی چەندین ساڵە دژ بە هەر ئەجێندایەك بووە کە باسی لە چارەسەری سیاسی بۆ كێشەی كورد لە باكوور کردبێت.ئەو نوێنەرایەتی یەكێك لە باڵە ناسیۆنالیستە توندڕەوەكانی تورك دەكات. لەپڕ بانگەشەی پێچەوانە دەكات بۆ چارەسەری دیموكراسیانە و داوایكرد ئۆجەلان بێتە پەرلەمان، تا وتارێك بدات و داوا لە پەكەكە بکات بۆ وازهێنان لە خەباتی چەكداری. دواتریش ئەوەی راگەیاند كە تورك دەبێت كوردیان خۆش بوێت، گوایە (ئەو توركەی كوردی خۆش نەوێت تورك نییە).
ئەردۆغانیش لە 101 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری توركیادا، پشتگیریی لە وتەكانی كرد. 
ئەمە ئاراستەیەكی نوێیە لە گوتاری ناسیۆنالیستەكانی تورك، كە ساڵانێكی دوور و درێژ دژی هەموو خواستێكی كورد بوون. ئاخۆ ئەمە هەر قسەیە بۆ پڕوپاگەندە، یاخود بە راستی هەڵوێستی گۆڕاوە؟
مەبەستی هەرچی بێت، دانی بە كورددا ناوە لە توركیا و ئەوەی كە كاریگەرییان هەیە لە توركیا و بە شەڕیش چارەسەر ناكرێت. 
بەرامبەر بە ناسیۆنالیستە توندڕەوەكانیش رووبەڕووی بەرهەڵستی دەبێت و كۆمەڵێك دەنگی ئەوان دەدۆڕێنێت.
رەنگە هۆکاری زۆر لە پشت ئەوەوە بێت و ئەردۆغان هەوڵبدات پشتگیریی كورد وەرگرێت بۆ خولێكی داهاتووی حكومڕانی.
هۆکار هەرچی بێت، ئەوا هەل و دەرگایەكە كە دەبێت كوردی باكوور لە دەستی نەدات، زۆر بە وریایی و هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكات و ئاگای لەوە بێت، فێڵێك نەبێت، كە پاشان بڵێن نەهاتوونەتە دەم داواكەیان و بەرپرسیارێتی نەگەیشتنیشی بە ئەنجام، بخەنە سەر لایەنی كوردی. 
داوای مامەڵە لەگەڵ ئۆجەلان، جا ئایا ئەمان بە راستی بۆچوونیان گۆڕاوە، یان ئۆجەلان بۆچوونی گۆڕاوە؟ هەرچی بێت، ئەمە گۆڕانكاریی گەورە لە توركیا دەهێنێتە كایەوە.
 ئایا كاریگەریی لەسەر هەڵوێستی حكومەتی ئەردۆغان بەرامبەر بە باشوور و رۆژئاوا دەبێت و ناکۆکییەکان و شەڕ هێور دەکاتەوە؟ هەڵوێستی پەكەكە لەمە چی دەبێت؟
ئەمانە هەمووی پرسیارن تا ئەوە رووندەبێتەوە، هەڵوێستی ئۆجەلان چی دەبێت و بە راستی رێگا دەدریت بێتە بەردەم پەرلەمان؟ ئەگەر ئەوە بكرێت، دوو ئەگەر لە بەردەم پەكەكە دەبێت، یان بە قسەی ئۆجەلان بكات و چەك دانێت و بڕواتە پرۆسەی سیاسییەوە، زەمانەت چی دەبێت؟  یان دژی قسە و بۆچوون و هەڵوێستی ئەو بوەستێت، ئایا ئەوە لەیەكترازانی تێدا دروست ناكات؟ ئەمانە هەمووی پرسیارن كە چەند هەفتەی داهاتوو هێندێكی دەكەوێتەڕوو.
بە بڕوای من چارەسەری ئاشتییانە باشترە لە شەڕخوازی و باوی شەڕی پارتیزانی و بەتایبەتی لە دەرەوەی سنوور نەماوە و ناگاتە ئەنجام، پاش هەموو شەڕێكیش هەر دەبێت دانوستان بكرێت. ئەگەر دەسەڵاتی توركیا لەوەدا راستگۆ و جددی بێت، پێویستە هەموو لایەنە كوردییەكان هەڵوێستیان یەك بخەن و گوشاری سیاسی بكەن، ئەوكات دەسەڵات هیچ پاساو و بیانووی نامێنێت.

وتارەکانی نوسەر