بۆ جاری دووەمە دێنە گەرمیان

پرۆسەی وەرگرتنی سامپڵ لە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەستیپێكرد

11:52 - 2024-11-26
کوردستان
113 جار خوێندراوەتەوە

حسێن عەزیز


بە هەوڵی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، تیمێكی نیشتمانیی عیراقی هاتوونەتە سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەنجامدانی قۆناغی دووەمی وەرگرتنی سامپڵی خوێن بۆ پشكنینی DNA لە كەسوكاری ئەنفالكراوان لە ناحیەی رزگاری و پرۆسەكە دەستیپێكردووە.
عەلی دەروێش سەرۆكی رێكخراوی ناسنامە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لیژنەیەك سەربە پزیشكی دادوەریی و دامەزراوەی شەهیدانی حكومەتی عیراق، رێكخراوی (ICMP) بۆ جاری دووەمە دێنە گەرمیان و سامپڵی خوێن و بەڵگەنامە لە كەسوكاری ئەنفالكراوانی گەرمیان وەردەگرن بە مەبەستی ئەنجامدانی پشكنینی (DNA) بۆیان.
وتیشی: لە مانگی چواری ئەمساڵدا سەردانی گەرمیانیان كردووە و سامپڵیان وەرگرتووە، بڕیارە ئەمجارەش بۆ ماوەی هەفتەیەك بمێننەوە و ئەو كەسانەی پێشتر ناوەكانیان لای ئەو لیژنەیە تۆماركراوە سەردانی لیژنەكە دەكەن و سامپڵیان لێوەردەگیرێت، ئەوەش بەئامانجی ساغكردنەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی كە لە خوارووی عیراق هەیە و یەكێك لە لەمپەرەكانی بەردەم هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان ئەوەیە كە تائێستا (DNA) وەرنەگیراوە بۆ ئەوەی بزانرێت كە ئەو قوربانیانە دانیشتووی كام سنووری عیراقن و كەسوكاریان كێیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان