ئەمڕۆ مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لەشاری سلێمانی، سەردانی فەرماندە و تێکۆشەری دێرین و پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، هەڤاڵ مەحمود رەشید ئەحمەد ناسراو بە (خاڵە نەبەز) یان کرد.
لەو سەردانەدا مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال وێڕای بەخشینی چەپکەگوڵی رێز و وەفای سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لە نزیکەوە لەبارودۆخی تەندروستیان پرسییەوە و هیوای سەلامەتی هەمیشەییان بۆ خواست.
مەکتەبی سکرتاریەت ستایشی هەڤاڵ خاڵە نەبەز یان کرد وەک فەرماندەیەکی سەربازیی ئازا و خەباتگێڕ کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە چەکی شەرەفی لەشان کرد و وەک یەکێک لە پێشمەرگە مەفرەزە سەرەتاییەکان رۆڵ و پێگەی دیار بەرچاو بووە و هەمیشە شانازیش بەو رابردووەوە دەکەین.
لە بەرامبەردا هەڤاڵ خاڵە نەبەز سوپاسی مەکتەبی سکرتاریەتی کرد بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باشترین رایەڵەی خزمەت بووە بۆ گەیاندنی داوا رەواکانی گەلەکەمان و ئەمڕۆش بەهەمان رۆحیەتەوە لە خزمەتی ئامانجەکانی گەلەکەماندا دەبین.