كەركوك، هێمن ئەحمەد
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە كۆبوونەوەیەكدا پشتیوانیی ئیدارەی كەركوكی بۆ زانكۆی كەركوك و تەرخانكردنی زەوی بۆ زیادكردنی رووبەرەكەی و تەواوكردنی كۆمەڵگەی زانكۆكان راگەیاند و وتیشی: رێگری لەو مافیایانە دەكەین كە دەستدرێژیی دەكەنەسەر زەوییەكان و داگیریان دەكەن، پاراستنی موڵك و سامانی گشتیی ئەركی ئێمەیە.
لە كۆبوونەوەكەدا، هەریەك لە یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوك و بەڕێوەبەری شارەوانی و ژمارەیەك فەرمانگەی پەیوەندیدار و تۆماركردنی موڵك و خانووبەرە، ئامادەبوون.
ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو زەوییەی بۆ زانكۆی كەركوك تەرخانكراوە 315 دۆنمە، بڕیارە سەرجەم ئەو كۆلێژانەی كە لەناو شارن، ئەوانیش بهێنرێتە نێو زانكۆی كەركوكەوە و لەو شوێنە بینایان بۆ دروست بكەن.