شلێر لیمۆ خاوەنی نووسینگەی شۆفێریی (هاوژین) لە شاری سلێمانی زیاتر لە 1500 فێرخوازی فێری شۆفێریی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كردووە، لە سەرەتای دانانی نوسینگەكەیەوە هەوڵیداوە ژنانیش هاوشانی پیاوان فێری شۆفێریی ببن.
خاتوو شلێر لیمۆ بە دوالاپەڕەی وت: سەرەتای ساڵی 2000، كاتێك وەك ژنێك نووسینگەی شۆفێرییم دانا، هەوڵمدا ژنانیش شانبەشانی پیاوان فێری شۆفێریی بن و كارەكانی رۆژانەی خۆیان رایی بكەن و یەكەم ژنیشم تا ئێستا پیاوانم فێری شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كردبێت.
وتی: لە ساڵی 2000 ەوە تا ئێستا زیاتر لە 1500 پیاوم فێری شۆفێریی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كردووە و بوونەتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێریی خۆیان، هیواداریشم ژنانیش زیاتر گرنگی بە شۆفێریی بدەن.
وتیشی: لەو ماوەیەدا هەلی كارم بۆ چەندین پیاو و ژن و گەنجی خاوەن بڕوانامە رەخساندووە، كە ئەوان وەك مامۆستا و راهێنەر لە نووسینگەكەم كار بکەن بۆ فێركردنی فێرخوازان و بە نیازم نووسینگەكەم بەرفراوانتر بكەم و هەلی زیاتر بۆ كچان و ژنان بڕەخسێنم.
وتیشی: ئامانجم سەلامەتیی هەمووانە، هەر بۆیە پەیامم بۆ شۆفێران ئەوەیە كە هیچ شتێك لە خۆیان گرنگتر نییە، بۆیە هەوڵبدەن یاسا و رێساكانی هاتووچۆ لەبەرچاو بگرن و پابەندی یاسا بن و رێز لە پیادە بە تایبەتی بەساڵاچووان بگرن و هاوكات داوا لە ژنان دەكەم لە كاركردن نەترسن و بە دڵسۆزییەوە كار بكەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن.
محەمەد عەبدولڕەحمان