وریا ماملێ كوڕی هونەرمەندی ناوداری كورد محەمەدی ماملێ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بابەتێكی لەسەر سانسۆركردنی گۆرانییەكی باوكی لەلایەن ساواكەوە(دەزگای هەواڵگری پێشووی ئێران) بڵاوكردۆتەوە و نووسیویەتی لەسەر دوو دەستەواژە گۆرانییەكی باوكم سانسۆر كرابوو.
وریا ماملێ نووسیویەتی: لە كۆتاییەكانی ساڵی 1965 هونەرمەند محەمەدی ماملێ بە هاوكاریی مامۆستای میوزیكژەن موجتەبا میرزادە لە رادیۆی كرماشان دوو گۆرانی(لالە بە دەستان) و ( لەبەر بێرییە بانەمەڕان) تۆمار دەكات، دواتر ساواك گۆرانی لالە بەدەستان سانسۆر دەكات.
وریا ئاماژەی بەوە كردووە كە یەكێك لە كارمەندانی رادیۆ بە هونەرمەند محەمەدی ماملێی وتبوو، ساواك تەنها لەبەر وشەی(خۆناوەی گەردن) و (دەستی بەدكاران) گۆرانییەكەیان سانسۆر كردووە.
شیعری گۆرانییەكە هی مامۆستا هاشمی نانەوازادەیە، ئەمەش بەشێكە لە گۆرانییەكە:
وەنەوشە و بەیبوون پشكوت، هەوڵ مانگی بەهاران
خۆناوەی گەردنی یار دێ، دەنكە دەنكە وەك باران
چەند رۆژان یار لێم بوو، گەڕام وەك شێت و هاران
بۆ خۆت بمكوژە، چاكە، نەك بە دەستی بەدكاران
جەواد حەیدەری