״پشتیوانی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ كەمكردنەوەی قەیران و گرژییەكان״

12:23 - 2025-01-09
عیراق
82 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە كۆشكی بەغدا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی نوێنەران و پێویستیی دابینكردنی پێداویستیی لۆجستی و تەكنیكی بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان. سەبارەت بە كاروباری دارایی و بودجەی وەبەرهێنان لە پارێزگاكان و پەرەپێدانی هەرێمەكان، تەئكید لەسەر پێویستیی جێبەجێكردنی پابەندییە داراییەكان و پێداچوونەوە بە خەرجییەكان و پاراستنی سامانی گشتی و كەمكردنەوەی گەندەڵی، كرایەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا، باس لەدواكەوتنی پێشكەشكردنی چەند پڕۆژەیاسایەكی گرنگ كرا كە لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمارەوە ئامادەكراوە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، لەوبارەیەشەوە پێویستیی كاری هاوبەش و هەماهەنگی لەنێوان سەرۆكایەتیی كۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران دووپاتكرایەوە بۆ ئەوەی پرۆژەیاسا دواكەوتووەكان بخرێنە بەرنامەی دانیشتنەكانی نوێنەرانەوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هاووڵاتیانەوە هەیە.
سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەش، تەئكید لەسەر پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و گرنگی پشتیوانیكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان كرایەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكان و دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكان لەڕێگەی دیالۆگەوە كە ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهێز بكات.
كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و وەزیری داد
لەلایەكی دیكەوە و لە كۆبوونەوەیەكدا، سەرۆك كۆمار و خالید شوانی وەزیری داد، باسیان لە پلان و هەوڵەكان كرد بۆ گرنگیدان بە دۆخی گرتووخانەكان و میكانیزمی كاركردن لە دامودەزگا دادوەرییەكاندا.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەكرد كە پێویستە میكانیزمەكانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان فەرمانگەكانی وەزارەتی داد و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەدا كارابكرێت.
لای خۆیەوە، وەزیری داد، پشتیوانییەكانی سەرۆك كۆماری بۆ وەزارەتی داد بە هەنگاوێكی گرنگ وەسفكرد لە دانانی بناغەی دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێكردنی پرەنسیپەكانی دەستپاكی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان