دەرهێنەر و رەخنەگری شانۆیی هونەرمەند عەبدولڕەزاق محەمەد عەزیز لە نەتەوەی عەرەبە و ساڵی 1955 لە كەركوك لە دایكبووە و یەكێكە لە دەرهێنەرە بە ئەزموونەكانی شارەكە. خولی نواندن و شانۆنووسی و دەرهێنان بۆ شانۆكارانی كردۆتەوە و 200 زنجیرە نواندنی رادیۆیی نووسیوە و بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتدا كردووە.
هونەرمەند عەبدولڕەزاق محەمەد بە دوالاپەڕەی وت: سەرەتای دەستپێكردنی هونەریم بۆ قۆناغی سەرەتایی دەگەڕێتەوە لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوودا كە لە یەكەم شانۆگەری بە ناوی(رهل الكهف – خاوەنی ئەشكەوت) وەك ئەكتەر بەشداریم كرد. لەو ساڵانەدا توانیم بەشداریی لە زیاتر لە 40 نمایشی شانۆیی بكەم بە تایبەتی ئەو فێستیڤاڵانەی كە لە چالاكی پەروەردەیی كەركوك بەڕێوەدەچوو و توانیم سێ جار خەڵاتی باشترین ئەكتەر وەربگرم.
وتی: بە هاوكاری چەند هاوڕێیەكی هونەرمەند توانیمان تیپی شانۆیی (تجریبی- ئەزموونگەری) لە كەركوك دابمەرزێنین كە تیپێكی مۆڵەتپێدرا و بوو و ئەندامەكانی بریتیبوون لە هەیسەم عەبدولڕەزاق، داود عەلی، جەعفەر موسا و یاوز فائق و داود زیاد و كامیل شەمعون، هەروەها ژمارەیەك لە نووسەر و میوزیكژەن و شێوەكار و رۆژنامەنووس و رەخنەگر لە پێكهاتەكانی كورد و توركمان و مەسیحی لەخۆ گرتبوو. ئەو تیپە توانی چەندین خەڵات و بڕوانامە بەدەستبهێنێت. ساڵی 1982 تیپێكی نوێمان بە ناوی (تیپی شانۆی قەڵا) دامەزراند و زۆربەی هونەرمەندانی بە ئەزموونی كورد وەك ئیسماعیل هەورامی، جیهاد دڵپاك، عەلی كەریم، جەلیل زەنگەنە و شەماڵی عەبەڕەش ئامادەی زۆربەی چالاكییەكانی ئێمە دەبوون.
دەرهێنەر عەبدولڕەزاق محەمەد لەبارەی دۆخی شانۆی كەركوك وتی: دۆخی شانۆ لە كەركوك بە گشتی و دۆخی شانۆی كوردی بە تایبەتی لە حاڵەتی سڕبووندایە، بۆیە پێویستە جگە لە فێستیڤاڵەكان، نمایشی شانۆ بە بەردەوامی هەبێت و لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی نمایشە شانۆییەكان هەبێت و لەهەمووشی گرنگتر هۆڵێك بە تایبەتمەندیی نێودەوڵەتیی دروست بكرێت و گرنگی بە شانۆی منداڵان و ژنان بدرێت.
رزگار شوانی