لە بەیاننامەیەكی نووسراوی سەنتكۆمدا هاتووە، جەنەڕاڵ ئێریك كوریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) سەردانی سەربازانی ئەمریكای و یەپەگەی لە سوریا كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە: كوریلا سەردانی سوریای كردووە و لەگەڵ سەرباز و فەرماندەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و هەروەها نوێنەرانی یەپەگە/ هەسەدە كۆبووەتەوە و هەوڵەكانی رێگریكردن لە بوژانەوەی داعش لە ناوچەكە و دۆخی سوریا، هەڵسەنگێنراوە .
كوریلا بەوە ناسراوە كە بەشداری زۆرێك لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە، بەتایبەت جەنگی عیراق و ئەفغانستان. كوریلا كە ناوچەكە لە نزیكەوە دەناسێت، لە وتارگەلێكی جۆراوجۆردا كە لە ئەمریكا پێشكەشیكرد، كوردی بە هاوپەیمانێكی جێ متمانە ناوبرد.