ئاژانسی (سانا) رایگەیاندووە: لە ئێستادا هەوڵێك هەیە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە بۆ لابردنی هەندێك لە سزاكانی سەر سوریا، ئەوەش لەسەر بنەمای بەڵگەنامەیەكی ئەوروپی كە لەم رووەوە ئامادەكراوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسەكە، ئەم بەڵگەنامەیە لە گفتوگۆ داخراوەكان لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا بەكاردەهێنرێت و چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتییەكەدا كە لە 27ی مانگی داهاتوو دەبەسترێت، پەسەندبكرێت.
هەروەها بەڵگەنامەكە رێوشوێنی هەڵگرتنی فراوانی سزاكانی ئەوروپا لەخۆدەگرێت كە سەپێنراوە بەسەر كەرتی فڕۆكەوانیدا، ئەمەش بەمەبەستی ئاسانكردنی گەشتە ئاسمانییەكان لە شارەكانی سوریاوە بۆ یەكێتیی ئەوروپا، ئەوە جگە لەلابردنی قەدەغەكراوە سەپێنراوەكان بەسەر تەكنەلۆژیای غاز و نەوت و هەناردە و بەشداریكردن لە پرۆژەكانی ژێرخانی ئابووری و پارەداركردنی.
هەروەها رێكارەكانی هەڵگرتنی هەندێك سزای تر لەخۆدەگرێت وەك بازرگانیی جیهانی و جارێكیتر كردنەوەی كەناڵەكانی ئابووری لەنێوان یەكێتیی ئەوروپا و دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە بانكییەكان لەنێوان بانكەكانی سوریا و ئەوروپادا.