گەشتنامەی دووەم

10:53 - 2025-02-04
دووتوێ
43 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای گەشتی تیمی کوردستانی نوێ بۆ گەرمەسێر و بڵاوکردنەوەی دووتوێیەکی پانۆرامایی سەبارەت بەو گەشتە، هەر ئەوکات رامانگەیاند کە گەرمەسێر دوا وێستگەی گەشتی تیمی کوردستانی نوێ نابێت، بەڵکو ئەم گەشتانە بەردەوام دەبن لە گەرمیانەوە بۆ کوێستان و هەموو ئەو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیانە دەگرێتەوە کە کوردستانی نوێ بەتایبەتی و میدیای یەکێتی بەگشتی بەلایانەوە گرنگە دەنگ و رەنگیان هەبێت و هەم ئەوان خۆیان بە خاوەنی ئەو میدیایە بزانن و هەمیش میدیای یەکێتی خۆیان لێ بکاتە خاوەن و ببێتە مینبەرێک بۆ خستنەڕووی کێشە و گرفت و داواکارییەکانیان و هەمیش ببێتە ئاوێنەنمای کار و چالاکییەکانیان لە هەموو ئاستەکانی سیاسی، کارگێڕی، کۆمەڵایەتی، ئابووریی و هونەریی و رووناکبیریی بەگشتی.
ئەگەرچی کوردستانی نوێ بەگوێرەی دەرفەت لە قۆنا‌غەکانی رابردوودا لە هیچ کام لەو ناوچانە غافڵ نەبووە، بەڵام لەنزیکەوە ئاشنابووە بە هەموو دەستکەوت و گرفتەکان، بەڵام دیداری رووبەڕوو لەگەڵ ئۆرگانی حزبی و ئیدارە و خەڵک و رووناکبیران و میدیاکارانی ئەو سنوورانە، رۆڵێکی زیاتری دەبێت لە جۆشدانەوەی ئەو پەیوەندییە و دەرەنجامەکانی گەشتەکەی گەرمەسێر بۆخۆی گەواهیدەری ئەو راستییەیە، کە هەنووکە کوردستانی نوێ چاوێکی کراوەیە لەو دەڤەرە و رۆژانە هەواڵە سیاسی و کارگێڕییەکان و چالاکییە ئەدەبی و رووناکبیرییەکان و کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیانی سنووری گەرمەسێر هەم حزوریان هەیە لەسەر لاپەڕەکانی کوردستانی نوێ و هەمیش بەدەنگەوەچوونی لایەنە بەرپرسەکان بۆ کێشەکانیان خێراتر بووە.
بۆ گەشتی دووەمیش کە لە رۆژی 30/1/2025دا بۆ دەڤەری راپەڕین کردمان، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکەین هەمان دەرەنجامی لێ بکەوێتەوە، بەتایبەتی ئەو حەماسەش کە لەو دەڤەرە بینیمان، کەمتر نەبوو لە جۆش و خرۆشی گەرمەسێرییەکان، بگرە بەگوێرەی هەڵکەوتەی دەڤەری راپەڕین و ئیدارەکەی کە هەردوو قەزای رانیە و پشدەر و چەندین ناحیە لەخۆدەگرێت، کە گرفتی فرە پێکهاتەییان نییە لەگەڵ نەتەوە و مەزهەبی دیکەی سەردەستدا، جۆش و بەدەنگەوەهاتنیان مایەی خۆشحاڵی بوو، بەتایبەتی لە تێگەیشتنی لێپرسراوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ میدیاکارانی سنوورەکە و تێگەیشتنیان لە ئەرکی میدیا و کۆبوونەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین چ لەبارەی گرنگیدان بە ئەرکی شارەوانییەکان و چ خستنەڕووی رەخنە و پێشنیازەکانی هاووڵاتیانی سنوورەکە بۆ زووتر چارەسەرکردنی گرفتەکان.
وەک تیمی گەشتەکە ئێستا زیاتر لەوە دڵنیابووین کە ئەم گەشتانە چەندە ئەرکێکی میدیاییە، هێندەش ئەرکێکی حزبییە بۆ دروستکردنەوەی رایەڵەی پەیوەندیی پتەوی نێوان خەڵک و یەکێتی لە هەموو سنوورەکاندا، چونکە لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی بیروڕاکانماندا لەگەڵ ئەو توێژانەی بینیمانن، هەمووان کۆک بووین لەسەر ئەوەی دەبێت ئەرکی میدیا جیاوازبێت لەو گەڕەلاوژێیەی لە سۆشیال میدیا و پەیج و ئەکاونتە فەیکەکاندا بوونەتە دیاردە و رای گشتی پێ چەواشە دەکرێت، بەجۆرێک ژیانی خەڵک و بواری کارگێڕی نە ئەو بەهەشتەیە کە هەندێک ئیدیعای دەکەن و نە ئەو دۆزەخەشە کە هەندێک وێنای دەکەن، بۆیە خەڵک و ئیدارە بەگشتی میدیایەکیان گەرەکە وێنەکان وەک خۆی بگوازێتەوە و رای گشتی چەواشە نەکات. ئێمەش وەک کوردستانی نوێ و میدیای یەکێتی بەڵێنی ئەوەمان پێدان کە لەئاستی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەدا بین.

 

جەمال ئارێز

#گەشتنامە

بابەتە پەیوەندیدارەکان