ئەو ناوەندە ئەكادیمییەی كە شایستەی پاڵپشتیكردنە

زانكۆی راپەڕین، لە بەدواداچوونی کوردستانی نوێ -دا..

11:01 - 2025-02-04
دووتوێ
29 جار خوێندراوەتەوە
زانکۆی راپەڕین بەرنامەی خۆی دەخاتەڕوو.. کوردستانی نوێش لاپەڕەکانی لەبەردەمدا واڵا دەکات

 بەدواداچوونی: سەرنووسەر

سەرەكیترین ناوەندی ئەكادیمی
  ماوەیەكی زۆرە، بە بەرنامە چاودێریی چالاكی و بۆنە زانستی و ئەكادیمییەكانی زانكۆی راپەڕین دەكەین، كە ئەمڕۆ، بە هەموو پێوەرێك، سەرەكیترین ناوەندی ئەكادیمیی سنوری ئیدارەی راپەڕینە، یەكێكە لەو دەسكەوتە بێ وێنانەی بواری زانست، كە دانیشتوانی ناوچەكە مافی خۆیانە شانازیی بە بوونییەوە بكەن، هاوكات گرەو لەسەر كاریگەری و رۆڵی بكەن لە پێشخستنی رووی شارستانی و رووناكبیریی تەواوی دەڤەری راپەڕیندا.
  چاودێریی كوردستانی نوێ بۆ زانكۆكە هەر تەنها بەهۆی پەیامنێرمانەوە نییە لە دەڤەرەكە، كە بێگومان ئەركی ئەوەیە هەموو رووداو و بۆنەو جووڵەیەكی تایبەت بەو دەڤەرەمان بۆ بگوێزێتەوە، بابەتەكە لە تێڕوانینی كوردستانی نوێ -دا بەدواداچوونە بۆ زانیاریی پێویست و بەردەوام لەسەر كاروباری خوێندنی باڵا بەگشتی لە هەموو شار و ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی لەو دەڤەرانەی هەرێمدا كە پێشتر ئەزموونی وایان نەبووە، كردنەوەی زانكۆیش تیایاندا هەر پەیوەست نییە بە پێویستیی دانیشتوانی ناوچەكە و پێگەیشتنی نەوەیەكی خوێندەوار كە دەتوانێت بگاتە قۆناغی خوێندنی زانكۆو پلەی بەرزتریش لە خوێندنی باڵاو هەر لەبەر ئەوەش مافی ئەوەیان هەیە كە لەنزیكترین شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیاندا درێژە بەخوێندن بدەن، نا بەڵكو بەندە بە تاقیكردنەوەی پرۆژەیەكی گەورەترەوە كە بڵاوكردنەوەی زانست و رۆشنبیریی زیاترە لەو دەڤەرانەدا، هەروەها هاندانی خەڵكەكەشیانە كە كوڕان و كچانیان، لەبەر دووریی زانكۆكانی كوردستان لە سنووری نیشتەجێبوونیانەوە، بێبەش نەبن لە تەواوكردنی قۆناغەكانی تری خوێندن، بەتایبەتی كە قەیرانی ئابووری و دارایی، بەداخەوە، زۆرجار هۆكارێكە بۆ ئەوەی سەدان خێزان لە ناردنی كەسی خۆیان بۆ تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ ساردببنەوە، بەڵام بێگومان كاتێك بەپێی تایبەتمەندیی و گەورەیی قەوارەی ناوچەكە و قەبارەی دیموگرافی، بڕیار لە كردنەوەی زانكۆ و ناوەندی ئەكادیمی لە چەندین دەڤەری دەرەوەی مەڵبەندی پارێزگاكان دەدرێت، ئەوا ئەوكات هەر پێویستیی بە چاودێری و بەدواداچوون نییە لە مەرجەعە رەسمییەكانیانەوە لە هەولێر و سلێمانی، بەڵكو ئەركی دامودەزگاكانی راگەیاندنیشە كە ئەو رۆڵە بگێڕن.

هەم هاندان، هەم پشتیوانیلێكردن
  زانكۆی راپەڕین، یەكێكە لەو زانكۆیانەی كە پێویستە بە وردی گرنگیی پێبدرێت، هەم بە مەبەستی هاندان و گەشەپێدان، هەم پاڵپشتی و پشتیوانیكردن لە هەر دەستكەوتێكی زانستی و ئەكادیمی كە بەدەستی دەهێنن. زانكۆكە كە زانکۆیەکی حكومییە لە هەرێمی کوردستانی عیراق و لە ساڵی 2010دا دامەزراوە، دوو کەمپی جوان و دڵگیری خۆی هەیە، کەمپە سەرەکییەكەی لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕیندایە و کەمپی دووەمیشی دەكەوێتە شاری قەڵادزێ  -ەوە. ئێمە وەك تیمی كوردستانی نوێ كە بە گەشتێكی میدیایی و رۆژنامەنووسی سەردانی سنوری ئیدارەی راپەڕین و ناوەندی شاری رانیەمان كرد، زۆر بە پێویستمان زانی كە بەسەركردنەوەی زانكۆكە بخەینە كارنامەی خۆمانەوە، بەتایبەتی كە پێشوەخت لەلایەن هاوكارانمانەوە لە سنوورەكە پێشنیار كرابوو. 
  بەدەر لەو بەسەركردنەوەیە، كوردستانی نوێ، هەموو مانگێك بە هەواڵ بێت یان راپۆرت، یان وێنەی فۆتۆگراف و ژانری تر، ئەو چالاكی و بۆنە زانستی و ئەكادیمییانەی زانكۆكەی رووماڵ كردووە. جگە لە لاپەڕەكانی تری، لاپەڕەی خوێندنی باڵای كوردستانی نوێ -یش هەمیشە كراوە بووە بۆ رووماڵی میدیایی كاروباری تەواوی زانكۆكانی هەرێم، لەناویاندا زانكۆی راپەڕین كە پێش سەردانەكەمان بۆ دەڤەری راپەڕین و حەرەمی زانكۆ لە كەمپی رانیە، هەواڵی چەندین پەرەسەندن و چالاكی و دەستكەوتی زانستییانمان پێگەیشتبوو و دڵخۆشی كردبووین، لەوانە: پڕكردنەوەی بەشێكی پێداویستییەكانی زانكۆكە لەلایەن سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە، بایەخدانی بەردەوامی جێگری سەرۆك وەزیران بە زانكۆكە، جگە لەوانە، وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق دانی ناوە بە زانكۆی راپەڕیندا، بەوەش دەرچووانی زانكۆكە ئیتر بڕوانامەكانیان لەسەر ئاستی جیهان بڕوا پێكراو دەبێت، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەسەر كۆچ كە بۆتە دیاردەیەكی بەربڵاو لە ناوچەكەدا و بەو نزیكانە بە ئامادەبوونی كونسڵی وڵاتان رایدەگەیەنن، كردنەوەی سەنتەری گۆڕانی كەشوهەوا و كردنەوەی چەند بەشێكی نوێ لە زانكۆكەدا. 

 

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دانی ناوە بە زانكۆی راپەڕیندا، بەوەش دەرچووانی زانكۆكە ئیتر بڕوانامەكانیان لەسەر ئاستی جیهان بڕوا پێكراو دەبێت

پەیام و ئامانج
   روونە كە هەموو دامەزراوەیەك پەیام و ئامانجی خۆی هەیە، ئێمە پێشتر لە ماڵپەڕی رەسمیی زانكۆكەدا پەیامی سەرۆكی زانكۆكەمان خوێندبووەوە و ببووە جێی سەرنجمان. پ.ی.د.پەیمان رەمەزان ئەحمەد، سەرۆكی زانكۆ كە بە رێككەوت لە سەفەر بوو و لە سەردانەكەماندا بۆ زانكۆ بە خزمەتی نەگەیشتین، لە پەیامی خۆیدا لە بارەی زانكۆی راپەڕینەوە زۆر پەرەگرافی جوان و بابەتیی نووسیوە، ئەو دەڵێ: زانكۆی راپەڕین، وەک زانکۆیەکی حکومی لە ناوچەکەدا، توانیویەتی خزمەتی بەرچاو پێشکەش بە خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین و ناوچەکانی دەوروبەری بکات لەبواری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا. ئامانجی زانکۆ بریتییە لە رەخساندنی سەرچاوە و زەمینەی لەبار بۆ خەڵکی ناوچەکە، کە تیایدا بتوانن بەشداربن لە گەشەپێدانی پرۆسەی ئەکادیمی و تەکنەلۆژی، بەجۆرێک کە دەرفەتی گونجاویان بۆ بڕەخسێت لە پێشبڕکێی بازاڕی کاردا.. لە شوێنێكی تری پەیامەكەیدا دەڵێ: زانکۆمان خاوەنی چەندین نەخشەڕێگا و پڕۆگرامی پەروەردەییە کە لەڕێگەیانەوە خزمەت بە بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی و پەروەردەیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆمان و دواتریش ئاستی زانستی و ڕیزبەندی زانکۆمان دەکات. زانکۆمان هەوڵ دەدات ببێت بە ناوەندێک بۆ کردنەوە و بنیاتنانی دەرگای گفتووگۆ لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکانی خوێندنی باڵا لە سەرتاسەری عیراق و کوردستان و وڵاتانی دەرەوە، بەمەبەستی دابینکردنی دەرفەتی خوێندن و راهێنان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆمان.

15 ساڵ ئەزموون
  بەبێ سەرنجدان لەو پەیامەی سەرۆكی زانكۆ، هەر بە ئەزموونی كاری ئەو 15 ساڵەی رابردووی زانكۆی راپەڕین ئەو راستییە بۆ كوردستانی نوێ ساغ بۆتەوە، كە ئێمە مامەڵە لەگەڵ ناوەندێكدا دەكەین، كە سەرەڕای ئەوەی میدیاكان، وەكو پێویست، ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە و بگرە هەندێجاریش، هەندێكیان، بە ناڕەوا، وێنەی ناڕاستیان لەبارەوە بڵاودەكەنەوە، بەڵام زانكۆیەكە شایەن بە هەموو پشتیوانییەكی میدیایی. ئەو زانیارییانەی كە لای كوردستانی نوێ هەن سەبارەت بە چالاكیی زانستیی رۆژانە و هەفتانەی زانكۆكە بەسن كە هان بدرێن و پاڵپشتی بكرێن. 
 كە تیمی كوردستانی نوێ رووی كردە حەرەمی زانكۆی راپەڕین، لەم روانگەیەوە بوو كە میدیا دەتوانێت بە شێوەیەكی پیشەیی و مەیدانییانەش فاكت و زانیارییەكان بە چاوی خۆی ببینێت. ئەو گفتوگۆیەی كە لە نێوان كوردستانی نوێ و ژمارەیەك لە مامۆستایانی بەڕێزی زانكۆكەدا دروست بوو دوای ئەوەی كە پێشوازییەكی گەرم و كەم وێنەیان لێكردین، ئەو سەرنجەی لا دروست كردین كە ئەم زانكۆیە ئەكادیمیگەلێكی دڵسۆز و پەرۆشی لێیە، پەرۆش بۆ زانست و خوێندەواری، بۆ گەشەی ئەكادیمی و شارستانی، بۆ پێشكەشكردنی وێنەیەكی جوان بۆ سنووری راپەڕین و خزمەتكردنی شایستەی دانیشتوانی ناوچەكە لە رێی پێگەیاندنی نەوەیەكی ئەكادیمی و زانستخواز و هەموو جووڵە و چالاكییەكی ئەكادیمی و رۆشنبیری. 

مژدەی دوو توێیەك بۆ راپەڕین 
  لەو دیدارەی كوردستانی نوێدا، لە نزیكەوە زانیاریی نوێمان لەبارەی زانكۆكەوە وەرگرت كە بیرۆكەی پاڵپشتییەكانی كوردستانی نوێی فراوانتر كرد. ئێمەش مژدەی ئەوەمان پێدان كە رۆژنامەكەمان لەمەودوا مانگی دووجار دووتوێیەكی تایبەت بە سنووری راپەڕین بڵاودەكاتەوە، لەو دوو توێیەدا كە هەر جارە و بە چوار لاپەڕە دەردەچێت دەكرێت هەموو چالاكی و بۆنەو رووداوە ئەكادیمی و زانستییەكانی زانكۆی راپەڕینیان تیادا تۆمار بكرێت، بەتایبەتی كە تایبەتمەندێتییەكی رۆژنامەكە ئەوەیە كە مێژووی نەتەوەیەك تۆمارو بە دیكۆمێنتیان دەكات، ئەرشیفێكی گەورەی 34 ساڵەیە بۆ گەلی كوردو خوێندەوارانی، كارێكی باش دەبێت كە زانكۆی راپەڕین-یش لە دەروازەی لاپەڕەكانی كوردستانی نوێ-ەوە شوێنێكی شایستەی لەناو ئەو ئەرشیفە نەتەوەییەدا هەبێت كە نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە و لەهەر مێژوویەكدا بێت دەتوانن بچنەوە سەری و بزانن ئەم زانكۆیە، لەسەرچاوە میدیاییەكاندا، چی و چۆنی لەبارەوە نووسراوە. 
      
یاداشتی لێكگەیشتن
  ئەوەی لەو دیدارەدا جێی دڵخۆشی بوو، پێزانینی سەرۆكایەتیی زانكۆی راپەڕین بوو بە رۆڵی رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە مێژووی رۆژنامەگەریی كوردیدا و داواكردنی دروستبوونی پەیوەندییەكی بەهێزتربوو لەگەڵ رۆژنامەكەدا وەكچۆن ئەمە خواستی پێشوەختی كوردستانی نوێ -یشە و هەرزوو لە دیدارەكەدا پێمان راگەیاندن، لەوەش زیاتر رێككەوتن بوو لەسەر ئەوەی لە داهاتووییەكی نزیكدا یاداشتێكی لێكگەیشتنیش لەنێوان هەردوولادا ئیمزا بكرێت بۆ ئەوەی كوردستانی نوێ، لە فۆرمە كاغەزی و دیجیتاڵییەكەشیدا ئەو سەكۆ دڵخوازە بێت كە تیایدا زانكۆی راپەڕین بتوانێت هەم پێویستی و كەموكووڕی و كێشەكانی بگەیەنێتە كاربەدەستانی باڵای وڵات، هەم پرۆژە و چالاكی و بۆنە زانستی و ئەكایدیمییەكانی بە رای گشتی بناسێنێت، ئەمەش ئەو بیرۆكەیە بوو كە تیمی كوردستانی نوێ هەر زوو پێشوازی لێكرد.

#گەشتنامە

بابەتە پەیوەندیدارەکان