راپۆرتی: ئارێز حسێن
لە چوارچێوەی گەشتی تیمی کوردستانی نوێدا بۆ دەڤەری راپەڕین، مەڵبەندی رێکخستنی راپەڕین، بووبە دووەم وێستگەی گەشتەکەمان، لەو بارەیەشەوە پێشوازییە گەرمەکەیان بە نەریتی میوان دۆستی، لە دەرەوەی ئیتیکی حزبایەتی، بۆخۆی هاندەری ئەوەمان بوو کە لەنزیکەوە لە دۆخی حزبایەتی و چۆنێتی راییکردنی کاری رێکخراوەیی لە سنوورەکە تێبگەین.
سیاسەتی پەکنەخستنی کاری هاووڵاتیان
هەر لە روونکردنەوەکانی وتەی بەخێرهێنانی هەڤاڵ جەزا سەید مەجید– ەوە، ئەوەمان بۆ ئاشکرا بوو کە ئەگەرچی رۆژانی پێنجشەممە پشووی کاری مەڵبەندە، بەو پێیەی زۆربەی کارو چالاکییەکان و کۆبوونەوە حزبییەکانیان دەخەنە رۆژانی شەممەوە، کە پشووی رەسمیی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانە، تا کادرانی رێکخستنەکان کە لە دامەزراوە کارگێڕییەکاندا خزمەت دەکەن، لە رۆژانی دیکەی هەفتەدا بەهۆی کاری حزبییەوە لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکانی فەرمانگەکانیان دانەبڕێن، بێگومان ئەوە بە زیانی راییکردنی کاری هاووڵاتیان دەشکێتەوە، بۆیە رۆژانی شەممە تەرخانکراوە بۆ کار و چالاکی و کۆبوونەوە حزبییەکان، ئەوەش نەریتێکە دەهێنێت لە زۆربەی دەڤەرەکانی دیکە چاوی لێبکرێت و لاسایی بکرێتەوە.
جۆشدانەوەی گیانی حزبایەتی
لە بەشێکی دیکەی ئەو خاڵانەی لە وتەی بەخێرهێنانەکەی هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕیندا تێبینیمان کرد، ئەوە بوو هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاریی لە سنوورەکەدا خراوەتەگەڕ، بەمەبەستی جۆشدانەوەی گیانی حزبایەتی و گرنگیدان بە میدیا بەگشتی و میدیاکانی یەکێتی لەسنوورەکە بەتایبەتی، ئەوەش لە ڕێگەی بەشداریی ئەندامان و کادرانی سنوورەکە لە کۆڕ و سیمینار و چالاکییە رووناکبیرییەکان لە رووی بەشداریی کادرە رۆشنبیر و میدیاکارەکانی سنوورەکە چ بەنووسین لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ و چ بە بەشدارییان لە کەناڵەکاندا وەک میوان بۆ شرۆڤەی سیاسی و بەرگریی لەمافەکانی خەڵک و قسەکردن لەسەر کاروباری حزبایەتی و بەرگریی لە هێڵی گشتیی سیاسەتەکانی حزبەکەیان.
رۆڵی میدیا و حزبایەتی
لە روونکردنەوەکانی سەرنووسەری کوردستانی نوێشدا بۆ هەڤاڵانی مەڵبەند، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە گرنگە میدیای یەکێتی دوور لە نەریتی میدیای حزبیی تەقلیدی، مکووڕ بێت لەسەر بەرگریی لە داخوازییەکانی خەڵک، لەو بارەیەشەوە سیاسەتی میدیایی نوێی یەکێتی بۆ هەڤاڵان روونکردەوە کە دەبێت رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەتایبەتی و میدیای یەکێتی بەگشتی بە رێژەی 25 ٪ بۆ حزب بێت و رێژەی 75 ٪ بۆ خەڵک بێت، بەڵام بەو مەرجەی هێڵی سیاسی و مسداقییەتی خۆی لەدەست نەدات و یەکێتییانە بەرگریی لەخواستەکانی خەڵک بکات.
هەر لە وێستگەی دووەمی گەشتی تیمەکەدا، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەڵبەند، کۆڕێک بۆ د.عەدالەت عەبدوڵڵا سەرنووسەری کوردستانی نوێ بەڕێوەچوو، کۆڕەکە تایبەت بوو بە شرۆڤەکردن و روونکردنەوەی سیاسەتی هەنووکەیی یەکێتی لە خزمەتی ستراتیژە جێگیرەکەدا کە خۆی لە مافی چارەی خۆنووسیندا دەبینێتەوە، بۆ ئەوەش هەنگاوەکانی یەکێتی لە ئاستی حزبی و حکومی و پەرلەمانی لە هەرێم و بەغدا و ئەو ئاستەنگە ناوخۆیی و عیراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانە خرانە ڕوو کە دێنە پێش تا خواستەکانی خەڵک و هەوڵەکانی یەکێتی و تیمەکانی وەک ئەوەی پێویستە، نەیەتەدی.
بەشداریی کادران، رەنگدانەوەی پەرۆشیان بوو
وەک تێبینیمان کرد قەرەباڵعی و پڕبوونەوەی هۆڵی کۆبوونەوەکەی مەڵبەندی (8) ی راپەڕین، ئاماژەیەکی روونی پەرۆشییان بوو بۆ فێربوون و تێگەیشتن لە سیاسەتی هەنووکەیی حزبەکەیان و وروژاندنی پرسیارە جددییەکانیان لەسەر کۆی تەوەرەکان و باسوخواسی کۆڕەکە، ئەوەی نیشاندا کە کادرانی حزبیی ئەو دەڤەرە دابڕاو نین لە رووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، بەڵکو سەرنج و تێبینییەکانیان مایەی خۆشحاڵی بوو، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا جۆرێک لە متبوون و سستی بەبواری پەروەردەکردنی کادرانەوە دیاربوو، بەڵام کادرانی سنوورەکە هۆشیارانە لەگەڵ کاروانی رووداو و پێشهاتە سیاسییەکاندا لەسەر هەموو ئاستەکان رێیان کردووە.