با نیشتمان وا ناشیرین نەکەین، کە نەتوانین جوانی بکەینەوە

11:19 - 2025-02-04
دووتوێ
39 جار خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری 


سێیەمین وێستگەی سەردانەكەی تیمی كوردستانی نوێ بۆ دەڤەری راپەڕین، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوو. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی هەر بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارێك، جگە لە راپەراندنی كارەكانی، گوێگرتن و چۆنییەتی هەڵسوكەوت كردنییەتی لەگەڵ فەرمانبەر و ئەو كەسانەی كە سەردانی فەرمانگەكەی دەكەن. 
ئەوەی دەمەوێ لێرەدا باسی بكەم، رەنگە زۆر جیاواز بێت لە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی، زیاتر را و بۆچوونی خۆمە سەبارەت بە هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و روانینی ئەو بۆ پرس و كێشەكانە. یەكەم شت كە سەرنجی منی راكێشا ئەتەكێت و شێوازی پێشوازی و چۆنێتی هەڵسوكەوتی هیوا قەرەنی بوو، پیاوێكی كەشخە، لەسەرخۆ، گوێگر، سەنگین، هەروەها شێوازی قسەكردنەكەی بوو، زۆر بە لامەوە شیرین بوو كاتێك كە بە كوردییەكی زۆر پاراو و لەسەرخۆ و ئارام قسەی دەكرد، تا د. عەدالەت سەرپەشتیاری تیمەكە، لە قسەكانی نەبۆوە، قسەی پێ نەبڕی و زۆر بە وردی گوێی گرتبوو، هاوكات زمانی جەستەی بە ئەتەكییەتبوونی ئەوی لای من دەرخست. پاشان كە نۆرەی ئەو هات، زۆر بە وردی و بە نەرمی و بە ورەیەكی لەڕادەبەدەر قسەی كرد. باسی لە رۆڵی میدیا لە قەیران و چارەسەكردنی كێشەكان كرد، ئاماژەی بە رۆڵی میدیای ئەلكترونی لەئێستادا كرد و وتی: بە داخەوە سۆشیال میدیا و میدیای ئەلكترۆنی وای كردووە، كە خەڵكی زۆر خۆیان بە میدیای كاغەزییەوە سەرقاڵ نەكەن و هاوكات خەڵك زیاتر حەزیان لە بابەتی كورت و پوختە و ناپەڕژێنە سەر بابەتی دوور و درێژ و ئەمەش ئاماژەیەك بوو كە خەڵك ئێستا زیاتر خویان بە شتی كورت و سادە و پوختەوە گرتووە.
یەكێك لە جوانترین قسەكانی ئەو ئەمە بوو(با نیشتمان ناشیرین نەكەین كە دواتر ناتوانین جوانی بكەینەوە). ئای ئەو قسەیە چەند بەری دڵی گرتم و چەند منی تاساند. ئێستا كە بە داخەوە قەیرانەكان هەموو بوارەكانی ژیانی ئێمەی تەنیوە و نائومێدی و هەندێكجار خەمساردی و بێ باكی هەندێك لە بەرپرسانی باڵای ئەم هەرێمە، باڵی بەسەر هەموویاندا كێشاوە، ئەم قسەیە تروسكاییەك بوو بۆ ئەوەی ناكرێت ئێمە جوانییەكانی نیشتمان نەبینین، هەرچەند بە داخەوە چەند ساڵێكە هەوڵێك لەلایەن نەیاران و هەروەها هەندێك یاری ناوخۆیی لە ئارادایە كە جوانییەكان ناشیرین بكەن و ناشیریینەكان جوان بكەن. كەس نییە ئاگاداری گەندەڵی و كەمتەرخەمی و كەم و كورتی ئەم هەرێمە نەبێت، هەندێكی لەلایەن نەیارانەوەیە و هەندێكی بەهۆی لێنەزانی و نەبوونی پلانی خۆمانە. قسەكەی كاك هیوا قەرەنی ئاهێكی وەبەر مندا هێنایەوە كە هەموومان دەتوانین بە یەكگرتوویی و یەكریزی و رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد بەسەر كەند و كۆسپەكاندا زاڵ بین، بەو مەرجەی واز لە هەندێك لە بیر و بۆچوونە بەرتەسكەكان بهێنین، بە شێوەیەك جیهانیی بیر بكەینەوە و ناوچەیی رەفتار و كردار لە خۆمان نیشان بدەین و هەموومان خۆمان بە خزمەتكاری نیشتمان و هاووڵاتیان بزانین. مافی هەر كەسێكە كە لە حكومەت یان حزب  توڕە و ناڕازی بێت، بەڵام كەس بۆی نییە سووكایەتی بە نیشتمان و پیرۆزییەكانی نیشتمان بكات، چونكە نیشتمان دایكە و كەسیش بێڕێزی بە دایكی خۆی ناكات. كاك هیوا بە راستی بێ هیوای نەكردم و كورد وتەنی ناوەكەی خەسار نەكردووە و هیوای لێدەبارێ، بۆیە ئەگەر هەموومان وەك كاك هیوا بیر بكەینەوە و وەك ئەویش هەڵوێست وەربگرین و كار بكەین، دەتوانین، بەڵام بە مەرجێك لە هەندێك بیرتەسكی و نا شارەزایی خۆمان دەست هەڵگرین.
لە كۆتاییدا دەڵێم كاك هیوا، خۆزگە هیوای ترمان زۆر دەبوو، تا هیواكانمان بێ هیوا نەبێت و هیوای داهاتوویەكی پرشنگدارمان هەبێت، و كورد وتەنی ناوەكەت پڕ بە پێستی خۆتە.

#گەشتنامە

بابەتە پەیوەندیدارەکان