دەڤەری راپەڕین

كانگای كوردایەتی، سەخاوەت و میواندۆستی

11:22 - 2025-02-04
دووتوێ
33 جار خوێندراوەتەوە

گۆران فەتحی


ناوچەی (پشدەر و بتوێن) رانییە و قەڵادزێ، بە راستی دیوە جوانەكانی كەلتوری كوردی پاراستووە، میواندۆستی و سەخاوەت و جوامێری و جوانیی ناخی خەڵكەكەشی، هاوتەریبە لەگەڵ جوانی سروشتەكەی، كە بە داخەوە گرنگی پێویستی پێنەدراوە و سوودی لێنەبینراوە، بۆ ئەوەی ببێتە ناوچەیەكی گەشتیاریی لەسەر ئاستی كوردستان.
كە دەڵێین، خەڵكی ئەو دەڤەرە هەڵگری دیوە جوانەكانی كەلتوری كوردییە، لە خۆوە نییە، ئەوەی سەردانی ئەو دەڤەرە بكات،  بۆ رانییە بێت یان قەڵادزێ یان هەر شوێنێكی تری ئەو ناوچەیە، بۆن و بەرامەی كوردبوون دەكات، جوانی مامەڵەی خەڵكەكەی و میواندۆستی و دەسكراوەیی و سەخاوەت دەبینێت.
خەڵكی پشدەر و بیتوێن، پڕن لە جوامێری و ئازایەتی و هەردەم تینوی ئازادین، سەرهەڵدانی راپەڕینی باشووری كوردستانیش لەو دەڤەرەوە لە ساڵی 1991، باشترین بەڵگەیە لەسەر جوامێری و پاڵەوانێتیی خەڵكی ئەو ناوچەیە، ئەو راپەڕینەی بووە هۆی رزگار بوونی زۆربەی هەرە زۆری ناوچەكانی كوردستانی عیراق لە ژێر دەستی رژێمی بەعسی فاشی و دواتر بووبە هەوێنی دروستبوونی هەرێمی كوردستان.

قوربانیدانی خەڵكی ئەو دەڤەرە تەنها لە كاتی راپەڕیندا نەبووە، بەڵكو هەر كاتێك كوردستان مەترسی لەسەر بووبێ و پێویستی بەوان بووبێت

قوربانیدانی خەڵكی ئەو دەڤەرە تەنها لە كاتی راپەڕیندا نەبووە، بەڵكو هەر كاتێك كوردستان مەترسی لەسەر بووبێت و پێویستی بەوان بووبێت، ئەوان بە گیان و ماڵ ئامادەبوون، بەشداریی خەڵكی رانیە و قەڵادزی و تەواوی ناوچەی پشدەر و بیتوێن لە شەڕی دژ بەداعش و شەهید و بریندارەكانیان لە كەركوك و دەوروبەری نموونەیەكی دیار و ئاشكرای گیان فیدایی پشدەریی و بیتوێنییەكانە.
ناونانی ئەو دەڤەرەش بە راپەڕین، شایستەی ئەو ناوچەیەیە و پێویستە هەموو خزمەتگوزارییەكیان پێشكەش بكرێت، لەلایەن حكومەتی هەرێم و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەتایبەتی كە یەكێتیی بوون بە تەواوی رۆچۆتە ناو ناخی خەڵكەكەی و كوردبوون و یەكێتیی بوون لای ئەوان دوانەیەكی لەیەك دانەبڕاوە.
دوا قسە ئەوەیە، خەڵكی دەڤەری راپەڕین، پێویستە بە بارتەقای قوربانییەكانیان قەرەبوو بكرێنەوە، لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بونیاتنانەوە، هەروەها هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەو بێكارییەی لەو ناوچەیەدا هەیە و وایكردووە گەنجانێكی زۆری دەڤەرەكە روو لەهەندەران بكەن.

#گەشتنامە

بابەتە پەیوەندیدارەکان