مستەفا محەمەد
گەشت و بەسەرکردنەوەکەی هەڤاڵانی کوردستانی نوێ چەند وێستگەیەکی گرنگ و پڕبایەخی لەخۆگرتبوو، کە بێگومان هەڤاڵانی تر لەگۆشەنیگای جیاوازەوە قسەی تایبەتیان لەسەرکردووە.
ئەوەی من دەمەوێت لەسەری بدوێم و تەواو سەنجی راکێشام، وێنەیەکی پڕ مانا و بەهای زومی کامێراکەی کوردستانی نوێ بوو کە بە سەلیقەی جوانی کاکە حەمەی وێنەگر چرکێنراوە.
وێنەکە شەقامی سەرەکیی رانیە نزیک «هێمای سەرکەوتن»ـە کە یەکەم پێگەی راماڵینی بەعس و یەکەم چەخماخەی راپەڕینە، تیایدا ژینگەپارێزێک دەردەکەوێت، وێڕای ئەرکی خۆی، بەوپەڕی میهر و دەربڕینی سۆزی ئاژەڵدۆستییەوە دەستی ماندووی خستۆتە سەر سەگێکی بێ لانە و سەگەکەش لەوپەڕی ئاسودەییدا مرخەی لەخۆی بڕیوە و چاوەکانی داخستووە!
وێنەکە زۆر مانای جوان هەڵدەگرێ، کە هەریەکەمان دەکرێت لە گۆشەنیگای خۆیەوە گوزارشتی لێبکات، کە لەم گۆشەیەدا ئەمە ئامانجی من نییە، هێندەی دەمەوێت خەمی قووڵی هەردوو کاراکتەری وێنەکە بەیان بکەم.
یەکەم؛ ئەم ژینگەپارێزە نەک هەرخەمی پاکسازی شار، بەڵکو تاسەی خزمەتی ئاژەڵە بێلانەکانیشی لەکۆڵ ناوە و رۆژانە وەک پرسیم هەر کە کاتی کارەکەی دێت و لە شەقامەکە دەردەکەوێت، ئەم سەگە بێلانانە بەخێرایی لێی کۆدەبنەوە، ئەویش هەرچییەکی بەدەستەوە بێت لە خواردن پێیان دەبەخشێت، خۆ ئەگەر هیچیشی دەستنەکەوت، بە لاواندنەوە و دەربڕینی خۆشەویستیش بێ قەرەبووی دەستی خاڵی خۆی دەکاتەوە!.
دووەم؛ هەر دوێنێ بوو لەتاو دواکەوتنی مووچەکەی لەبەردەم ئیدارەی شاردا بینیمان کە ژینگەپارێزان ناڕەزاییان دەردەبڕی! لە راستیدا خەم داتدەگرێ کەدەبینی جیاوازییەکان چەند زۆر و مەینەتییەکان چەند بێ هیوان!
لە دنیای مۆدێرین و وڵاتی پێشکەوتوودا ژینگەپارێز لە زۆر چینی تر ژیانیان فەراهەمە، بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک چین و ژاپۆن شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابیندەکرێ و ئیمتیازێکی زۆر و بیمەیەکی تایبەت بەخۆیان هەیە، وە لە هەموو شارەکاندا خواردنەگەی تایبەت و رێز و پێگەی شایانیان هەیە، کەچی داخەکەم لەم وڵاتەی ئێمەدا تازە بەتازە مووچەیەکیان پێ رەوانابینرێ و قووتی ژیانیان بارمتەکراوە!.