دەروازەی راپەڕین و ساڵیادی شایستە

11:43 - 2025-02-04
دووتوێ
30 جار خوێندراوەتەوە

   كوردەوان محەمەد سەعید

بە درێژایی مێژوو ستەم و ستەمكاریی لە هەر شوێنێك هەبووبێت، كەسانێك هەبوون دژی ستەمكار راپەڕیون و بەرەنگاری بوونەتەوە، بەڵام راپەڕین و بەرەنگاربوونەوە هیچ كات بێ قوربانیی نەبووە و نابێت، دەڤەری راپەڕینیش، بە تایبەتی شاری رانیە، یەكەم شوێنە كە بڕیاری داوە قوربانی بدات و بەرامبەر بە دیكتاتۆر و ستەمكار راپەڕێت، ئەوە بوو پێنجی ئاداری 1991 راپەڕی و دەیان قوربانیی داو و بوو بە پزیسكی ئاگری راپەڕینێكی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان و بوو بە بەردی بناغە بۆ بنیاتنانی ئەمڕۆ.
لە سەردانی تیمێكی كوردستانی نوێ بە سەرۆكایەتی د. عەدالەت عەبدوڵڵا و دوای دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ دامەزراوە حزبی و حكومی و ئەكادیمییەكانی دەڤەری راپەڕین، یەكێك لەو بابەتانەی باسكران، مەسەلەی یادكردنەوەی ساڵانەی یادی راپەڕینەوەكە بوو، كە بەرپرسان و خەڵكی دەڤەری راپەڕین پێیان وابوو ئەو یادەی ساڵانە دەكرێتەوە لە ئاستی قوربانییەكان و گەورەیی رووداوەكەدا نییە، لە راستیدا ناهەقیان نییە و رووداوێكی مێژوویی لەو جۆرە، هەق نییە تەنیا بە دانانی چەپكە گوڵێك لەسەر مەزاری شەهیدان و دەركردنی بەیاننامەیەك كۆتایی پێبێت.
لەبەر ئەوە لەم مینبەرەی كوردستانی نوێوە پێشنیاز دەكەم ساڵانە بۆ یادی راپەڕین، واتە لە پێنجی ئاداردا فیستیڤاڵێك رێك بخرێت، فیستیڤاڵێك دەیان چالاكیی وەك: شانۆ، پیشانگای شێوەكاری، سیمینار و پانێل و گفتوگۆی ئەكادیمیانە، چالاكی ئەدەبی و سروود و چالاكیی كەلتوریی خەڵكیی ناوچەكە، فیستیڤاڵێكی لەو جۆرە دەكرێ دوو رۆژ یان زیاتر بخایەنێت، رۆژی یەكەم تەرخان بكرێت بۆ سەردانی مۆنۆمێنت و مەزاری شەهیدان و خوێندنەوەی بەیاننامە و پێشكەشكردنی سروود و شانۆ، رووژی دووەم دەكرێ تایبەت بێت بە خوێندنەوەی شعیر و چیرۆك و توێژینەوەی ئەدەبی، رۆژی سێیەم دەكرێ تەرخان بكرێت بۆ مامۆستایانی زانكۆ و كەسانی ئەكادیمی تا سیمینار و پانێلی خۆیان تایبەت بەو یادە پێشكەش بكەن و لە كۆتاییشدا خەڵاتی رێزلێنان دابەش بكرێت بەسەر سەرجەم بەشداربوانی یادەكەدا.
ئەوەی باسمانكرد، بە وتن ئاسانە و بە كردەوە گرانە، بەڵام بەو مانایە نییە كە هەرگیز توانای جێبەجێكردنیمان نەبێت، دەكرێ ناوەندی رێكخراوەكانی راپەڕین سەرپەڕشتی بكات و دەزگا حزبی و حكومییەكانی ناوچەكەش پشتیوانیی لێ بكەن و حكومەت خەرجییەكانی بۆ دابین بكات و پاشان بە هەماهەنگیی هەموو لایەك كارەكانی رێك بخرێت، بەڵام مەرجە بۆ فیستیڤاڵێكی وا سێ مانگ پێشتر سەرجەم تیپە شانۆییەكان هونەرمەندان و ئەدیبان و شاعیران و مامۆستایانی زانكۆ و هەموو ئەوانەی بڕیارە بەشداریی بكەن، ئاگادار بكرێنەوە بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بكەن، چونكە ئامادەكردنی بەرهەمێكی هونەریی، یان زانستی و ئەدەبی شایستە بە پەلەپەل ناكرێت و ئەگەر بشكرێت، كرچ و كاڵ دەردەچێت.

#گەشتنامە

بابەتە پەیوەندیدارەکان