هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەندازیار ئاوارە كوێخا عەلی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین، لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، تیشك دەخەنە سەر پرۆژە و كاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی، كێشە و گرفت و پێویستییەكانی سنوورەكە.
رۆژی 30/1/2025، تیمێكی كوردستانی نوێ، بەسەرپەرشتی سەرنووسەری كوردستانی نوێ، سەردانی دەڤەری راپەڕین-ی كرد و لە رانیە چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لایەنە حزبی و حكومییەكانی سنوورەكە و مامۆستایانی زانكۆ و نووسەران و رۆژنامەنووساندا، كرد.
ئامانج لە سەردان و كۆبوونەوەكان، بایەخپێدانی زیاتری راگەیاندنی یەكێتی و كوردستانی نوێ-یە بە سنوورەكە لە هەموو بوارەكاندا، یەكێك لەو بوارە گرنگانەش پرسی ئیدارەو شارەوانی و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و كێشە و داواكاریی خەڵك و دانیشتووانی سنووری ئیدارەی راپەڕینە.
شایانی باسە، پێشتریش رۆژی 12/12/2024، تیمێكی كوردستانی نوێ، بەسەرپەرشتی سەرنووسەری كوردستانی نوێ، سەردانی شاری خانەقین-ی كرد. بڕیاریشە تیمەكە سەردانی شار و ناوچە جیاوازەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بكات.
دیدارەكان لە ژمارەی داهاتووی كوردستانی نوێ-دا بڵاودەكرێنەوە.