هونەرمەندی گۆرانیبێژ زاهیر جەلال بۆ کوردستانی نوێ :

حەزم لە نواندن بوو، تا گۆرانی

10:50 - 2025-02-05
هەمەرەنگ
16 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەند زاهیر جەلال هاشم ساڵی 1961 لە گەڕەكی ئەسحابەسپی سلێمانی لەدایكبووە و تا پۆلی دووی ناوەندی خوێندوویەتی و لەبەر بارودۆخی سیاسی وازی لە خوێندن هێناوە و ئێستا خانەنشینە. 
هونەرمەند زاهیر جەلال بە دوالاپەڕەی وت: هەر لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی هەستی نواندن و دەنگخۆشیم تێدا بوو مامۆستاكانی ئەوسای وانەی سروود لە زۆربەی بۆنەكان بەشدارییان پێدەكردم بەتایبەتی لە ساڵانی 1983 و 1984. 
وتی: یەكەمین گۆرانیم بە ناوی (لەرزان لەرزان) بوو كە بۆ تەلەفزیۆنی كەركوك تۆمارم كرد و دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو. با ئەوەش بڵێم من زیاتر حەزم لە نواندن بوو هەتا گۆرانی وتن، نواندن لام خولیایەك بوو دواتر ئەو خولیایەشم هاتە دی و بەشدارییم لە چەندین شانۆگەری و فیلمدا كرد لەگەڵ هونەرمەندە گەورە و بەناوبانگەكاندا و چەندین كۆنسێرتم لە بۆنەكاندا لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای شنروێ ساز كردووە و لە بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان و لە هەڵەبجەی شەهید گۆرانیم وتووە.  
وتیشی: گۆرانی زۆرم لە تیڤی و بە شێوەی شیریت و سیدی بڵاوكردۆتەوە كە ژمارەیان نازانم، سەبارەت بە هونەری شانۆ و مۆسیقا و گۆرانی دەڵێم نابێت ئەو هونەرانە بوەستن، بەڵام بارودۆخی ئێستا وایكردووە چالاكییەكان كەمبوونەتەوە، ئەمەش جێی داخە. داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری دەكەم كە رێگە لەو دەنگە ناشاز و ناخۆش و شێوێنەرانە بگرێت. هونەر پێناسەی میللەتێكە و بۆ هەندێك هونەرمەند، هونەر بۆتە بژێوییەكی باش بۆ ژیانی و هەندێك هونەرمەندیش هەن بۆ بژێوی ژیانیان ناچارن لە پاڵ هونەرەكەیان كارێكی تر بكەن. 

 ئالان محەمەد جەزا 

بابەتە پەیوەندیدارەکان