(هەبوو نەبوو) ئەو بەرهەمەی لە هەولێر وەكو شانۆ و لە بەغدا وەكو دراما تۆمار كرا

11:20 - 2025-02-05
دووتوێ
9 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە درامای هەبوو نەبوو

ئا: رەوەست نەوزاد

(هەبوو نەبوو) ئەو دراما بەناوبانگە كوردییە بوو كە لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو پەخشكرا، ئەوكاتە دەنگدانەوەیەكی گەورەی لەناو جەماوەری كوردستاندا هەبوو، كە ئەویش بەهۆی ئاستبەرزی نواندنی لەلایەن ئەكتەرەكانی و بەپێزی چیرۆكی ناو دراماكە بوو، كە باس لە كاراكتەرێك بەناوی(رەجەبی پاقڵەخۆر) دەكات.هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان، وەك دەرهێنەری دراماكە دوای تێپەڕینی نزیكەی نیوسەدە بەسەر تۆماركردنی، باس لە چیرۆكی بەرهەمهێنانی(هەبوو نەبوو) لە شاری بەغدا بۆ كوردستانی نوێ دەكات و دەڵێت: لە سەرەتای كارەكە بەرهەمهێنانی (هەبوو نەبوو) بۆ نمایشێكی شانۆیی ئامادەكرا، بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی شانۆی عیراقی، كە بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ ئەنجامی دەدا، هەر ئەو نمایشەش لە دەرهێنانی من بوو، كە چیرۆكەكە لە دەقێكی عەرەبی وەرگیرابوو، ئەوكات لەگۆڤاری (التراث الشعبي) بڵاوكرابۆوە، خوالێخۆشبوو مامۆستا عومەر شێخەڵڵا وەریگێڕابووە سەر زمانی كوردی، كە ئەویش بە ئاڕاستەی گەڕاندنەوەی بوو بۆ بەسەرهاتە بنەڕەتییە كوردییەكەی كە چیرۆكی (ماش) بوو كە لە نووسینی محەمەد عوسمان.

 

كاری نواندنەكە لە دراماکەدا سێ رۆژی پێچووە، كە شەو و رۆژ كارمان دەكرد، ستافەكەمان نزیكەی 30 تا 35 كەس دەبوون، لەوانە چواریان ژن بوون

وتیشی: نمایشی ئەو شانۆیە لە 18/3/1980 بۆ یەكەمجار لەسەر شانۆی (مسرح الثورة الجوال) نمایشكرا، كە لەفێستیڤاڵەكەدا دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو و سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا، هەر لەهەمانساڵدا، لە تەلەفزیۆنی بەغدا بەشێوازێكی نوێ وەكو نمایشی شانۆی تەلەفزیۆنی تۆماركرا، كە بەشێكی زۆری بەشداربووان لەمیانەی ئەو بەرهەمە بوون بە ئەستێرە و ناوبانگیان پەیداكرد.
سەبارەت بە ئەكتەرەكانی(هەبوونەبوو) سەباح عەبدولڕەحمان وتی: لە سەرەتادا خوالێخۆشبوو هونەرمەند عەبدلواحید مەرجان بۆ بینینی رۆڵی (رەجەب) دەستنیشان كرابوو، بەڵام دواتر درا بە هونەرمەند سەعدون یونس، كە دواتر بوو بەو رەجەبەی كە تا ئەمڕۆش لای خەڵكی هەر هەمان رەجەبە.
ئاماژەی بەوەشكرد:(هەبوونەبوو) تاكە بەرهەم بوو، كە كێشەی هەڵبژاردنی رۆڵی ژنیان بۆ نەهاتۆتە پێش و وتی: لەوكاتەدا خوالێخۆشبوو خانمە ئەكتەر سەمیرە عەبدۆك و ژمارەیەك لە ژنی بەهرەمەند و بوێر، هاتنە نێو بەرهەمەكە و زۆر سەركەوتووانە رۆڵی خۆیان بینی، ئەوانیش: ئاواز مەحمود سۆفی، جیهان ئەحمەد، شلێر كۆیی. ئەوەی جێگای سەرنجە هەموو ئەو ژنانە لە خێزانێكی هونەری بوون و هاوشانی هاوسەر و برا و كەسی نزیكی خۆیان ئەو ئەركە پیرۆزەیان بەجێگەیاند.
هونەرمەند عەلی ئەحمەد یەكێك بوو لە ئەكتەرە سەرەكییە بەشداربووەكانی شانۆ و درامای(هەبوونەبوو)، باسی رۆژانی تۆماركردنی بەرهەمەكەی كرد و وتی: دوای نمایشكردنی وەكو شانۆ كە 10 رۆژ لە هۆڵی (گەل) لە هەولێر نمایشەكە بەردەوام بوو، جەماوەرێكی زۆری هەبوو، بیرمە لە 20/4/1980 لە تەلەفزیۆنی بەغدا وێنەی گیراو تۆمارمان كرد، بەڵام شەڕی عیراق و ئێرانی بەسەردا هات، بۆیە دوای سێ ساڵ ئینجا كاری مۆنتاژی بۆ كراو ناردیانە تەلەفزیۆنی كەركوك و وتیان بڵاویبكەنەوە.
وتیشی: كاری نواندنەكە سێ رۆژی پێچوو كە شەو و رۆژ كارمان دەكرد، ستەفاكەمان نزیكەی 30 تا 35 كەس دەبوون، لەوانە چواریان ژن بوون، بەرهەمەكە بەشێوەیەك بوو كە تا ئێستاش ناوبانگ و دەنگی خۆی هەر ماوەو تا كوردیش بمێنێ بەرهەمێكی بەو شێوەیە نایەتە كایەوە، هۆكارەكەشی بۆ گرنگی بابەتەكە لەڕووی فۆلكلۆری نەتەوەیی دەگەڕێتەوە كە هەمووی پەند و سەرگوزشتە بوو. 
سەبارەت بە چیرۆكی بنەڕەتی(هەبوونەبوو) مامۆستا عەلی ئەحمەد رای جیاوازی لەگەڵ مامۆستا سەباحی دەرهێنەر هەیە و زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو دەڵێت: چیرۆكی بابەتەكە كوردی بوو، كە باس لە (تەمبەڵ حەسەن) دەكات، بەڵام كاتی خۆی قاسم محەمەدی دەرهێنەر، دكتۆرای لە بەغدا لەسەر ئەو چیرۆكە وەرگرت، دواتر كردیە شانۆگەری بەناوی (كان یا مكان) و بەر لە ئێمە بەزمانی عەرەبی نمایشیان كرد.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان