دوای 23 ساڵ لە داخستنی رێگەكە..

شەقامی بینای كۆنی پارێزگای كەركوك كرایەوە

12:54 - 2025-02-05
کوردستان
27 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
لەسەر راسپاردەی پارێزگاری كەركوك، دوێنێ لەلایەن لیژنەكانی لابردنی زیادەڕۆیی و بەڕێوەبەری شارەوانی، شەقامی بینای كۆنی پارێزگای كەركوك بە رووی هاتوچۆی شۆفێران و هاووڵاتیاندا كرایەوە.
لەبارەی هەڵمەتەكەوە، ئەندازیار عومەر ئەحمەد بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە، شەقامی بینای كۆنی پارێزگای كەركوك داخرابوو، ئەوەش جۆرێك لە ئاستەنگی هاتوچۆ و قەرەباڵغی دروستكردبوو، وتیشی: بە بڕیاری رێبوار تەها پارێزگای كەركوك، دوێنێ سەرجەم كۆنكرێتەكانی سەر شەقامەكان لابران و بۆ لەمەودواش رێگە بە هیچ لایەن و فەرمانگەیەك نادرێت رێگە بە رووی هاووڵاتیان و شۆفێراندا دابخات.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لەسەر رێگەكە، شەقامی بەرەو گەراجی بەغدا، باڵەخانە حكومییەكان، دیوانی سەرۆكایەتیی حكومەت، لیژنەی مادەی 140، ئەوقافی سوننە، وەبەرهێنان و لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق و چەند دامەزراوەیەكی حكومی لەسەرە و بەكردنەوەی رێگەكەش چیتر قەرەباڵغی لەو سنوورە نابینرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان