سەرەکی » ئاراستە » به‌یادی شه‌هید به‌كره‌وه‌ باسێكی‌ داستانی قه‌یوان-ماوه‌ت

به‌یادی شه‌هید به‌كره‌وه‌ باسێكی‌ داستانی قه‌یوان-ماوه‌ت

پشتیوان هه‌مزه‌

شه‌هید به‌كرم له‌ پێشمه‌رگایه‌تی ناسی، كوڕێكی كورته‌باڵای توكمه‌و گورج و سوكه‌ڵه‌.

هه‌میشه‌ روخۆش و ده‌م به‌پێكه‌نین، به‌ گاڵته‌بازی و به‌زم و سه‌فاو خۆشی له‌گه‌ڵ براده‌ره‌كانی زۆر شادو دڵ خۆشبوو.

قۆڵی هه‌ڵده‌كردو پوزه‌وانه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كێشاو له‌ رێگه‌و رێڕه‌وی سه‌ركه‌وتنی شاخدا له‌ پێشه‌وه‌ وه‌ك سوێسكه‌ هه‌ورازی ده‌بڕی، هیلاكی و ماندوبوونی لانه‌بوو، جگه‌ له‌ چه‌ك و تاقمی خۆی، زۆرجار هاریكاریی هاوڕێیانیشی ده‌كرد.

كوڕێكی گوێڕایه‌ڵ، به‌ به‌ڵێ و نه‌خێر وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بوو، زۆرجار خاوه‌ن پێشنیازو بۆچونی تایبه‌تی خۆی بوو، بۆچونه‌كانیشی راست ده‌رده‌چوون.

له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كان كه‌ له‌گه‌ڵی بووم، چاونه‌ترسی و چاو قایمی زۆرم لێده‌بینی، ئازاو شه‌ڕكه‌رێكی لێزان بوو، ده‌تگوت ده‌رچوی فێرگه‌ی سه‌ربازییه‌.

من كه‌ ناسیم له‌كه‌رتی یه‌ك بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی براده‌ره‌كانی له‌ كه‌رتی تیپ بوون، ئه‌میش خۆی بۆ كه‌رتی تیپ گوێزایه‌وه‌، لێره‌وه‌ زیاتر توانیم ئه‌و قاره‌مانه‌ بناسم، كه‌ چه‌ند به‌وه‌فاو راستگۆو هه‌ڤاڵدۆسته‌.

شه‌ڕگه‌ی قه‌یوان-ماوه‌ت
وه‌ك تیپی 93ی كۆیه‌ داوا له‌ ئێمه‌ش كرا بچین بۆ به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌ قه‌یوان-ماوه‌ت، زۆربه‌ی تیپه‌كه‌مان به‌یه‌ك ره‌تڵ به‌ فه‌رمانده‌ی تیپ و سه‌رپه‌رشتیاری هێزه‌كه‌ ره‌هبه‌ری سه‌ید برایم به‌ڕێكه‌وتین، ته‌نها چه‌ند مه‌فره‌زه‌و موته‌فه‌ڕیقه‌یه‌ك له‌ ده‌شتی كۆیه‌ مانه‌وه‌.

گه‌یشتینه‌ دۆڵی جافه‌تی، له‌ سه‌ركردایه‌تی و له‌ گونده‌كانی سه‌رگه‌ڵوو، یاخسه‌مر، مالومه‌، گه‌وره‌دێ و وڵاغلوو، ده‌ماینه‌وه‌.

رژێم تا ده‌هات هێزی كۆده‌كرده‌وه‌ بۆ گرتنی ئه‌و ناوچه‌یه‌، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش بۆ پارێزگاریكردن له‌ ناوچه‌كه‌و باره‌گاكانی، بڕیاری به‌رگریكردنیداو هه‌ر له‌ قۆپكی قه‌یوانه‌وه‌ تا ماوه‌ت و سه‌ر سنوور، هێزی بۆ دانرا.

ئێمه‌، تیپی 93 نێردراین بۆ سه‌ر شاخی خه‌مزه‌، كه‌ له‌ پاڵ گوندی خه‌مزه‌وه‌ و له‌ پێش قۆپكی قه‌یوانه‌وه‌ بوو، به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ بوو، كراین به‌دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێك له‌سه‌ر شاخ سه‌نگه‌ر لێدراو جێگیركرا، به‌شه‌كه‌ی تر له‌ خواره‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌روچاوه‌ی هاوینه‌هه‌واری (كانی گه‌وه‌ره‌) بۆ به‌دلكردنی ئه‌وانه‌ی سه‌رشاخ و بۆ خواردن دروستكردن مانه‌وه‌.

كانی گه‌وه‌ره‌، شوێنێكی خۆش و فێنك بوو، كارێزێك بوو باوه‌شێك ئاوی به‌ته‌وژمی ساردی به‌فراوی لێده‌رده‌چوو، ده‌گوترا له‌كاتی خۆی شوێنی شێخ مه‌حمود بووه‌و لێی ژیاوه‌.

ئه‌و ئاوه‌ ته‌زێنه‌ره‌ به‌خوڕ به‌و شاخ و دۆڵه‌دا ده‌چووه‌ خواره‌وه‌، كه‌ ره‌زو باخێكی میوه‌ی جۆراو جۆری له‌سه‌ر بوو، له‌ خواره‌وه‌ش ئه‌ستێركێكی گه‌وره‌ی له‌به‌ر دروستكرابوو، خۆمان لێده‌شۆری و مه‌له‌مان لێده‌كرد.

سه‌ر شاخی خه‌مزه‌ رووه‌و سلێمانی بوو، له‌ خه‌مزه‌وه‌ كۆنه‌ رێگایه‌كی ئۆتۆمبێل هه‌بوو تا ئه‌م كانی گه‌وه‌ره‌یه‌ ده‌هات.

له‌ سه‌ر ئاوه‌كه‌ی كانی گه‌وه‌ره‌ دامه‌زراین، شه‌و حه‌ره‌سیاتی توندو تۆڵ و رێك و پێك داده‌نرا و به‌یانیانیش زوو بۆسه‌ له‌ خواره‌وه‌ی رێگایه‌ داده‌نرا، پێشه‌وه‌ی به‌ره‌كه‌ بوو، هێرشبكرایه‌ یه‌كه‌مجار بۆ ئێمه‌ ده‌كرا.

نزیكه‌ی مانگێك ماینه‌وه‌، تا راده‌یه‌ك چاوه‌ڕوانییه‌كی ناخۆشبوو، هه‌مووی حه‌زی ده‌كرد هه‌رچی زووه‌ شه‌ڕه‌كه‌ درووستبێت و یه‌كلایی بێته‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانیه‌كی زوو شه‌به‌قی، له‌ ده‌نگی تۆپی ده‌بابه‌ كه‌ به‌سه‌ر قۆپی خه‌مزه‌و شاخه‌كانی ده‌ورو پشتمانیه‌وه‌ ده‌نا، به‌ئاگا هاتینه‌وه‌، زانرا ده‌ستپێكی هێرشه‌.

به‌په‌له‌ بڕیاردرا هه‌موو به‌ره‌و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌و ده‌وروبه‌ری خۆمان رێبكه‌ین، به‌وریاییه‌وه‌ دامه‌زراین.

چه‌ند رۆژێك پێشتر له‌ به‌یانیه‌كی زوودا بێ سڵه‌مینه‌وه‌ به‌ رویه‌كی خۆش و گه‌ش و پێكه‌نیناویه‌وه‌، وه‌ك هه‌موو جارێك شه‌هیدبه‌كر هه‌ڵساو پشتێنی لێ توندكردو پوزه‌وانه‌كه‌ی به‌ست و قه‌یتانی ئه‌دیداسه‌كه‌ی قایم كردو به‌هه‌ردو ده‌ست شایه‌له‌ی تاقمه‌كه‌ی گرت و هه‌ڵی دایه‌ سه‌رپشتی و له‌ نێو قۆڵ و شانی گیركردو نیتاقی لێداخست و كڵاو جه‌مه‌دانیه‌ قیته‌كه‌ی خسته‌ سه‌ری، نازانم بۆ به‌رێكه‌وت هێنده‌ به‌وردی چاوم له‌سه‌ری بوو به‌بێ هۆ.
روه‌و سه‌ركه‌وتن بۆ سه‌ر شاخی خه‌مزه‌و چونه‌ ناو سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی رووبه‌ڕو بوونه‌وه‌ی دوژمن، رێیكرد.

دوا دیمه‌ن و دیدار
خۆشی بێئاگابوو له‌وه‌ی كه‌ دوا رۆینه‌و ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ده‌م رێگا پێچاو پێچه‌كانی سه‌ركه‌وتنی سه‌ر شاخ تێی هه‌ڵكردبوو، به‌ وتنی گۆرانیه‌كه‌ی حه‌مه‌ جه‌زا (لێره‌ش له‌نێو شۆڕشی خوێناویدا)، سه‌ركه‌وت و له‌سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێكی هاوسه‌نگه‌ری دامه‌زران.

دوژمن چه‌ندین هێرشی یه‌ك له‌دوای یه‌كیكرد، هه‌موی شكستی هێنا، پاشان كه‌ زانی سودی نییه‌، ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ هێرشی خه‌ستی ئاسمانی و دوایی تۆپبارانكردنی سه‌نگه‌ره‌كان به‌ تۆپی ده‌بابه‌و راجیمه‌.

مخابن، تۆپێكی ده‌بابه‌ دای له‌ سه‌نگه‌ره‌كه‌ی به‌كر و هاوڕێكانی، بووه‌ هۆی شه‌هیدبوونی به‌كر و برینداربونی مامۆستا زیره‌ك خدر.

له‌ به‌یانیه‌وه‌ تا شه‌و شه‌ڕو به‌رگریه‌كی زه‌حمه‌تكرا، چونكه‌ شوێنه‌كه‌ ناله‌بارو روته‌ن بوو، شه‌و پاشه‌كشه‌كرا بۆ زنجیره‌ی قایوان و قۆپكی قه‌یوان.

وڵاخ په‌یداكراو فه‌رده‌كایان لێهه‌ڵبه‌ست، ته‌رمی شه‌هید به‌كرو مامۆستا زیره‌كی بریندارمان لێباركرد، چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ناردم كه‌ یه‌كیان مامه‌ دڵه‌ (دڵزار ئه‌مین)بوو، به‌داخه‌وه‌ ناوی ئه‌وانی ترم بیرنه‌ماوه‌، شه‌و چوینه‌ باره‌گای تیپی 47ی پیره‌مه‌گرون له‌ گوندی گاپیڵۆن، ئه‌وكات شۆڕش ئیسماعیل فه‌رمانده‌ی تیپه‌كه‌ بوو، له‌وێ نه‌بوو سه‌رقاڵی به‌ره‌كانی شه‌ڕبوو، چاوه‌ڕێمانكردو هاته‌وه‌، داوای یارمه‌تیمان لێكرد و ئه‌ویش ده‌سته‌به‌جێ ئۆتۆمبێلی ئاماده‌كردو به‌ زوویی به‌ڕێی كردین.

سه‌عات پێنجی به‌یانی گه‌یشتینه‌ مزگه‌وته‌كه‌ی یاخسه‌مەر، ته‌رمه‌كه‌مان له‌ناو مزگه‌وت داناو پێشمه‌رگه‌كان لای بوون، منیش له‌گه‌ڵ مامۆستا زیره‌ك چوینه‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خه‌سته‌خانه‌كه‌ی دكتۆر شاڵاو، مامۆستا زیره‌كم له‌وێ دانا بۆ چاره‌سه‌ركردن و خۆشم چومه‌ سه‌روتر بۆ لای دكتۆر كه‌ریم له‌ باره‌گای مامۆستا نازم، هه‌واڵی شه‌هیدبوونی به‌كرم پێگه‌یاند كه‌ كوڕه‌ پوریه‌تی، ئه‌ویش به‌په‌له‌ ئۆتۆمبێلی هێناو له‌گه‌ڵ كاك كامه‌رانی برای و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر چوینه‌وه‌ خواره‌وه‌ بۆ مزگه‌وت و له‌وێ ته‌رمه‌كه‌مان باركردو چوینه‌ سه‌رگه‌ڵوو، له‌وێشه‌وه‌ بردیانه‌وه‌ بۆ ده‌شتی كۆیه‌ و له‌ گوندی قازبه‌گیان به‌خاكیان سپارد.

شه‌هید به‌كر عه‌زیز ئه‌حمه‌د، ساڵی 1960 له‌ كۆیه‌ له‌ دایكبووه‌، ساڵی 1981 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌.

رۆژی 2/9/1986 له‌ داستانی قه‌ویان-ماوه‌ت شه‌هیدكرا.

 737 جار بینراوە