سەرەکی » ئەدەب و هونەر » فریدا كالۆ و كه‌له‌پووری مه‌كسیك

فریدا كالۆ و كه‌له‌پووری مه‌كسیك

ره‌وه‌ز جه‌بار

ماگدالینا كارمین فریدا كالۆ كالیدرۆن» فریدا كالو» هونه‌رمه‌ندی ناوداری مه‌كسیكی. ئه‌و وێنه‌كێشه‌ی له‌ رێگه‌ی پۆرترێته‌كانییه‌وه‌ ناو و ناوبانگی به‌ جیهاندا بڵاو بووه‌وه‌. فریدا له‌و وێنه‌كێشانه‌یه‌ كه‌ قسه‌ی زۆری له‌سه‌ركراوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌و ژیانه‌ سه‌خت و ناخۆشه‌یدا كه‌ تا مردن به‌ ئازاره‌وه‌ ژیاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داهێنه‌رێكی مه‌زنی هونه‌ری شێوه‌كاری سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی بووه‌. فریدا له‌ وێنه‌كانیدا گرنگی به‌ كه‌له‌پووری مه‌كسیك ده‌دا. كه‌له‌پووری وڵاته‌كه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیلهامبه‌خش بوو بۆ تابلۆكانی.

فریدا كالۆ یه‌كێك بوو له‌ ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ر له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سیمیاریۆ دی كولتوورا مێكسیكانا. هونه‌ر لای‌ فریدا بۆ وروژاندنی پرسی ناسنامه‌ و جێنده‌ر و چینایه‌تی له‌ ناو كۆمه‌ڵگای مه‌كسیكیدا.

فریدا ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵ بووه‌ تووشی ده‌ردی شه‌پڵه‌ی منداڵان بوو. ئه‌م نه‌خۆشییه‌ زۆر ماندووی كردووه‌، ئازاری جه‌سته‌یی و ئازاری ده‌روونی په‌رێشانی كردبوو. ئه‌م نه‌خۆشییه‌ وای لێكرد خۆی له‌ هاوپۆله‌كانی بشارێته‌وه‌، چونكه‌ گاڵته‌یان پێده‌كرد. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكووڕییه‌ بشارێته‌وه‌ به‌رده‌وام ته‌نووره‌ی درێژی له‌ پێده‌كرد. باوكی، كه‌ پیاوێكی میهره‌بان بوو هه‌میشه‌ هانی ده‌دا وه‌رزش بكات. هه‌ر بۆیه‌ له‌ منداڵیدا یاری تۆپی پێ و مه‌له‌وانی و ته‌نانه‌ت زۆرانبازیشی ده‌كرد. به‌ هۆی ئیفلیجییه‌كه‌یه‌وه‌ دره‌نگتر خوێندنی ته‌واو كرد. سه‌رباری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا تووشی رووداوێكی هاتوچۆبووه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر جه‌سته‌ی شێواندووه‌.

فریدا له‌ ساڵی 1907 له‌ مه‌كسیك له‌ دایكبووه‌ و له‌ ساڵی 1954 له‌ ته‌مه‌نی 47 ساڵییدا مردووه‌. له‌ ساڵی 1929 شووی به‌ دیۆگۆ ریڤێرای هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كۆمۆنیست كردووه‌. وه‌ك له‌ فیلمه‌كه‌دا باسی لێوه‌ كراوه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی وه‌ك ژن و مێرد ژیاون، ژیانێكی پڕ له‌ عه‌شق و شه‌ڕ و جارجار دابڕانیان به‌سه‌ر بردووه‌. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی دیۆگۆی كۆمۆنیست پیاوێكی مێباز بووه‌. هه‌روه‌ك چۆن خولیای وێنه‌كێشان بووه‌ ئاواش خولیای سێكس بووه‌ و هه‌ر جاره‌ له‌ ته‌ك ژنێكدا سێكسی كردووه‌. فریدای شێوه‌كار له‌ ساڵی 1927 چووه‌ته‌ دنیای سیاسه‌ته‌وه‌ و بوو به‌ ئه‌ندامی حیزبی كۆمۆنیستی مه‌كسیكی.

فیلمی فریدا
ئه‌م فیلمه‌ كه‌ له‌باره‌ی ژیانی فریدا كالۆوه‌یه‌. ژیانی ئه‌و خانمه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌. چۆن ژیاوه‌ و چۆن كاری هونه‌ری كردووه‌. فیلمه‌كه‌ له‌ ساڵی 2002 به‌رهه‌م هاتووه‌. فیلمێكی رۆمانسی درامییه‌. چه‌ند ئه‌كته‌رێك رۆڵی تێدا ده‌بینن. له‌وانه‌ سه‌لما حایك، ئه‌لفرێد مۆلینا، جێفری راش. جولی تایمور ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌یه‌. له‌ فیلمه‌كه‌دا، سه‌لما حایك رۆڵی فریده‌ ده‌گێڕێت و ئالفرێد مۆلینا رۆڵی دیۆگۆ ریڤێرا ده‌گێڕێت. سیناریۆی فیلمه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی نافه‌رمی له‌ كتێبی فریدا: ژیانننامه‌ی فریدا كالۆ (Frida: A Biography of Frida Kahlo) وه‌رگیراوه‌. فیلمه‌كه‌ له‌ بۆكس ئۆفیس و وه‌رگرتنی بۆچوونی ئه‌رێنی ره‌خنه‌گره‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌ ده‌ستهێناوه‌. سه‌لما حایك به‌ هۆی رۆڵی كالۆوه‌ پاڵێوراو بۆ خه‌ڵاتی ئۆسكار وه‌ك باشترین خانمه‌ ئه‌كته‌ر. زمانی فیلمه‌كه‌ ئینگلیزییه‌. كاتی فیلمه‌كه‌ 125 خوله‌كه‌ و تێچووی فیلمه‌كه‌ دوانزه‌ ملیۆن دۆلاربووه‌ و داهاته‌كه‌شی په‌نجا و شه‌ش ملیۆن دۆلاربووه‌. ئه‌م فیلمه‌ چه‌ند خه‌ڵاتێكی بردووه‌ له‌وانه‌ براوه‌ی 2 خه‌ڵاتی ئۆسكار و 15 خه‌ڵاتی دیكه‌یه‌ و پاڵیوراو بۆ 46 خه‌ڵاتی دیكه‌.

چیرۆكی فیلمه‌كه‌
ژیاننامه‌ی نیگاركێش فریدا كالۆیه‌ به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ كتێبی ژیاننامه‌كه‌ی. ئه‌و ژنه‌ هونه‌رمه‌نده‌ی تێكۆشا له‌ رێگه‌ی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ گوزارشت له‌ ئازار و برینه‌كانه‌كانی بكات له‌گه‌ل شووكردنه‌ دژواره‌كه‌یدا. چیرۆكی فیلكه‌كه‌ ژیانێكی پڕه‌ له‌ خه‌م و مه‌راق و ئازاری ئه‌و ژنه‌یه‌ كه‌ چۆن به‌ ده‌ست جه‌سته‌یه‌كی نه‌خۆشه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی. به‌ جۆرێك كه‌ هه‌میشه‌ له‌ دۆخێكی خراپی ده‌روونی و جه‌سته‌ییدا بووه‌. چیرۆكی فیلمه‌كه‌ له‌ ئه‌وینداری فریده‌ و كوڕێكی هه‌رزه‌كاری هاوته‌مه‌نییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات به‌ ناوی ئه‌لێكس، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌ پاسه‌كه‌دا تووشی رووداوی هاتوچۆ ده‌بن. ئه‌لێكس زوو چاك ده‌بێته‌وه‌، لێ فریده‌ زۆر به‌ سه‌ختی بریندار ده‌بێ. به‌ جۆرێك كه‌ چه‌ند مانگ له‌سه‌ر جێگا ده‌كه‌وێت. سه‌رباری ئه‌وه‌ی فریده‌ خۆی كێشه‌ی جه‌سته‌یی هه‌بووه‌ و هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ ئیفلیج بووه‌، ئه‌و رووداوه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر په‌رێشانی ده‌كات. به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی زه‌لیلی تخێل ده‌بێ و توانای هه‌ستانه‌وه‌ی نابێ و دواین ساته‌كانی ژیانی به‌و شێوه‌یه‌ ئازار به‌خشبووه‌. وه‌ك له‌ فیلمه‌كه‌شدا هاتووه‌. سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌ فریدایه‌كی زه‌لیله‌ و له‌وێوه‌ به‌ فلاشباك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژیانی گه‌نجێتی. ورده‌ ورده‌ رووداوه‌كانی ژیانی ده‌ست پێده‌كه‌ن. دوای ئه‌و رووداوه‌ی ناو پاسه‌كه‌ ئه‌لێكسی هه‌رزه‌كار و خۆشه‌ویستی سه‌فه‌ر ده‌كات و به‌جێی ده‌هێڵێ. فریدا دوای ئه‌وه‌ عاشقی هونه‌رمه‌ند دیۆگۆ ده‌بێ. دیۆگۆیه‌كی كۆمۆنیست و مێباز، كه‌ دوو ژنی دیكه‌ی هه‌یه‌. كه‌ خۆی پێشتر دیۆگۆ ده‌ناسێ چۆن پیاوێكه‌. ژنه‌كه‌شی فریدا ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دیۆگۆ ناتوانێ باپه‌ندی ژیانی هاوسه‌رێتی ببێت. پیاوێك خولیای سێكسی هه‌یه‌ و دڵ به‌ ژنێك و دوان داناسه‌كنێ. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فریدا عاشقی ده‌بێ و دیۆگۆش به‌هه‌مان شێوه‌ عاشقی ده‌بێ. دیۆگۆی قه‌ڵه‌و له‌ ته‌مه‌ندا له‌ فریدا گه‌وره‌تره‌ و هونه‌رمه‌ندێكی قه‌ڵه‌وی كۆمۆنیسته‌. فریدا ئه‌وه‌ ده‌زانێ كه‌ دیۆگۆ وه‌فادار نییه‌ به‌ ژن، چون به‌سه‌ر دوو ژنه‌وه‌ هه‌میشه‌ عاشق به‌ سێكس بووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هۆی هونه‌ری شێوه‌كارییه‌وه‌ عاشقی یه‌ك ده‌بن. تا راده‌یه‌ك فریدا ده‌سته‌مۆی ده‌كات. دیۆگۆش گه‌رچی‌ كه‌سێك هه‌میشه‌ حه‌زی له‌ سێكسه‌ له‌گه‌ڵ ژنانی دیكه‌كه‌دا، به‌ڵام سۆز و خۆشه‌ویستییه‌كی زۆری بۆ فریدا هه‌یه‌. وه‌ك له‌ فیلمه‌كه‌دا باسكراوه‌ و له‌ ژیانی راسته‌قینه‌شیدا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بووه‌. فریداش ژنێكی ئازادبووه‌ و باوكی گرنگی زۆری پێداوه‌. وه‌ك له‌ فیلمه‌كه‌دا هه‌یه‌ ژیانی ئه‌و دوانه‌ پڕ بووه‌ له‌ خۆشه‌ویستی و شه‌ڕ و ئاشتبوونه‌وه‌. دوو ئه‌وینداری سه‌رشێتی چه‌پ بوون. دیۆگۆ له‌و چه‌پڕه‌وانه‌یه‌ كه‌ سه‌رسامه‌ به‌ ترۆتسكی. داكۆكی لێده‌كات. ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كیش ترۆتسكی له‌ ماڵی ئه‌وان ماوه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا فریدا هه‌ست و سۆز و سه‌رنجی ترۆتسكی راده‌كێشێت به‌ جۆرێك ئه‌م خانمه‌ ئه‌سمه‌ره‌ كۆنترۆڵی ئه‌و سه‌ركرده‌ چه‌په‌ ده‌كات و به‌ یه‌كه‌وه‌ سێكس ده‌كه‌ن.

سێكس و سۆزداری پانتاییه‌كی فراوانی له‌ ژیانی فریدا دا گیركردووه‌. له‌گه‌ڵ ئازاری جه‌سته‌یی و ده‌روونیدا خانمێكی سه‌رنج راكێش بووه‌. ئه‌سمه‌رێكی باریكه‌له‌بووه‌. به‌شی زۆری فیلمه‌كه‌ وێنه‌ی ئازاره‌ له‌ ژیانی فریدای نه‌خۆشدا. ئازاری دابڕان و هه‌وه‌سبازی دیۆگۆ و ئازاری جه‌سته‌ و پشت و قاچه‌ لاوازه‌كانی. كۆتایی فیلمه‌كه‌ش كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌ی تابلۆكانی فریدایه‌ كه‌ خۆی له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی زه‌لیلی كه‌وتووه‌ و دیۆگۆی مێردی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات. به‌ڵام له‌ دواساته‌كانی فیلمه‌كه‌دا فریدا به‌ قه‌ره‌وێڵه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌هێنرێته‌ ناو هۆڵی نمایشه‌كه‌وه‌.

 110 جار بینراوە