سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جەنگی: گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و رێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانپەڕە 27

لاهور شێخ جەنگی: گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و رێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان

ئەمڕۆ پێنج شەممە١٠ـی٦ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە ئۆرلیک شانون باڵیۆزی کەنەدا لە عیراق و ئاشلی دۆریک لێپرسراوی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا کە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەی بوو، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەكە و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق.

لاهور شێخ جەنگی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان لە پێناو دابینکردنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتییان، نیگەرانی خۆشی خستەڕوو لەو بارگرژییانەی کە لە ئارادان و وتی: گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و رێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان.

هاوسەرۆک جەختیکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێت لە خستنەگەڕی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی رێکەوتنەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای دەستوور، لە پێناوی دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی مووچەخۆران و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی شانە نوستووەکانی چەکدارانی داعش، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە کە دەتوانرێت لەو ناوچانە و لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقەوە کۆتایی بەو گرووپە تیرۆریستییانە بهێندرێت.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراقەوە لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند: بەلای ئێمەوە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی گرنگە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئامانجەکانمان بەدی بهێنین و گۆڕانکاریی راستەقینە بکەین، هەر بۆیە یەکێتیی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دوور لە دەستێوەردانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان و بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا، وتیشی لەو چوارچێوەیەشدا و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان یەکێتیی و بزووتنەوەی گۆڕان هەنگاوێکی گرنگیان نا بە پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، هانی هەموو لایەنەکانی تریش دەدەین کە لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا کۆببنەوە و یەکدەنگیی کورد بپارێزن.

وەفدی میوان پێزانینی خۆیان پێشکەش بە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و باری سەرنجی خۆیان خستەڕوو بەرامبەر بە کۆی ئەو پرسانەی خرانەڕوو.

 168 جار بینراوە