سەرەکی » وتار » فەرەنسا و سیاسەتی نوێی ماکرۆن

فەرەنسا و سیاسەتی نوێی ماکرۆن

ئامادەکردنی: حەمە عوسمان

بۆ جاری هەشتەم لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایروسی کۆرۆنا لە 15ی ئازاری ساڵی 2020ەوە لە فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دووبارە هاتەوە سەر شاشەی کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ پێشکەشکردنی بڕیار و رێنمایی نوێ کە بگونجێت بەپێی رادەی گەشەکردنی ئەو ڤایروسە لەو وڵاتە، لە هەمانکاتیشدا بەڵێنی چاکسازیی و چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی فەرەنسای دا، لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی ئایندەدا کە لە جۆرێک لە دەستپێشخەریی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەرەنسا دەچێت لەم کاتەدا، هەموو جارێکیش پێش ئەوەی بڕیارەکانی بۆ فەرەنسیەکان بخاتە روو، لەگەڵ ئەنجومەنی بەرگریی و ئەنجوومەنی زانستەکان بۆ تەندروستی و راوێژکارەکانی کۆدەبێتەوە.

کۆمەڵێک بڕیاری نوێ
پاش ئەوەی تەنها 12 رۆژه ژیان تاڕادەیەکی زۆر ئاسایی بۆتەوە، شەوی دووشەممەی رابردوو 12ی تەمموز، ماکرۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ڤیرۆس و جۆری دێلتا بەتایبەتی چەند بڕیارێکی تری نوێی خستەڕوو.

یەکەم
لە 21 ی تەمموزەوە، بەبێ پسووڵەی تەندروستی کەس بۆی نییە بچێتە شوێنە کەلتوریی و پشوودان و خۆشی کە لە 50 کەس تێپەڕێت، مەبەست لە پسووڵەی تەندروستی ئەوەیە کە ( هەموو تاکێک پسووڵەی خۆ کوتانی هەر دوو کووتانەکەی پێبێت).

دووەم
لەسەرەتای مانگی ئابەوە، پسووڵەی تەندروستی فراوان دەکرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن بچن بۆ قاوەخانە و چێشتخانە و ناوەندی بازرگانی و مۆڵەکان و نەخۆشخانە و گەشتکردن بە فڕۆکە و شەمەندۆفێر و پاس، دەشکرێت کە تێستی نێگەتیفی ( پی.سی.ئێر) ی نیگەتیف هەبێت کە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر بەکارە و بۆیان هەیە بچن بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە پێیان خۆشە.

سێیەم
لە 15 ی مانگی سێپتەمبەرەوە، کارمەندانی تەندروستی و خەڵوەتگەکان گەر خۆیان نەکوتاوە تا ئەوکاتە، پێویستە خۆیان بکوتن بە پێچەوانەوە بۆیان نییە کار بکەن و تەنانەت مووچەکانیانیشیان دەبڕێت.

چوارەم
لە پایزدا، تێستی کۆرۆنا جۆری (پی .سی.ئیڕ) دەبێت لەسەر خەرجی هاووڵاتیان دەبێت، کە پێشتر بە بێ بەرامبەر بوو.

هاندانی خەڵکی بۆ بەکارهێنانی فاکسینی کۆرۆنا
هەرچەندە تاکوئێستا و بەفەرمی کوتان بۆ کارمەندانی تەندروستی بە زۆرە، بەڵام بۆ هاووڵاتیان بە زۆر نییە، بەڵام بڕیاڕەکانی سەرۆکی فەرەنسا بە ئاڕاستەی ئەوە دەچێت کە وردە وردە خەڵکی ناچاربکات خۆیان بکوتن، چونکە لە دوای پشووی هاوینەوە بەبێ پسووڵەی تەندروستی ناتوانن ژیانی ئاساییان بەڕێبکەن.

بەگشتی پەیامی ماکرۆن بۆ ئەوە بوو کە هانی فەرەنسییەکان بدات بۆ خۆکوتانی هەموو تاکێک لەو وڵاتە، پێی وایە ئەوە تەنها رێگەچارەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو ڤایروسە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە هەر دوای پەیامەکەی ماکرۆن 20 هەزار کەس لە چرکەیەکدا خۆیان ناو نووس کرد بۆ کوتان، لە ماوەی تەنها 24 سەعاتدا 1 ملیون و 330 هەزار کەس خۆیان ناونووس کرد بۆ کوتان و تا ئیستاش بەردەوامه، هەروەها 22 ملیون و 400 هەزار فەرەنسی گوێگری سەرۆک کۆمار بوون بۆ پەیامەکەی.

لەلایەکی تریشەوە، هەر لەم هەفتەیەوە کۆنتڕۆڵ توند دەکرێتەوە لەسەر ئەو فەرەنسییانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن و دەگەڕێنەوە بۆ وڵات بەتایبەتی لە هەندێک لەو وڵاتانەوە کە ترسیان زیاترە لە ڤایروسی کۆرۆنا، بۆ ئەم مەبەستە ئەو کەسانەی خۆیان نەکوتاوە هەر بەگەیشتنیان دوور دەخرێنەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەمەبەستی خۆپاراستن لەو ڤایروسە.

پێویستە متمانە بە زانست بکەین
ماکرۆن لە پەیامەکەیدا هیوای خواست کە هەموو تاکێکی فەرەنسی پابەندبێت بە لێپرسراویەتی و داوایکرد کە کەمتەرخەمی نەکەن لە خۆ کوتاندن و بە زووترین کات خۆیان بکوتن. هەر لەمبارەیەوە ماکرۆن وتی: گەلی فەرەنسا گەلێکی خاوەن زانست و رووناکییە، کاتێک زانست دەیەوێت بمانپارێزێت پێویستە ئێمەش باوەڕمان پێی هەبێت و سوودی لێوەرگرین.

هەروەها ماکرۆن بڕیاریدا کە لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنەوە واتە سەرەتای مانگی سێپتەمبەرەوە، بنکەی تەندروستی لە قووتابخانەکانی ناوەندیی و ئامادەیی و زانکۆکاندا دابمەزرێنێت بە مەبەستی کوتاندنی خوێنکاران پێش دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندن.

هەڵمەتی هەڵبژاردن
جگە لە پەیامی خۆپارستن لە ڤایروسی کۆرۆنا، ماکرۆن هەندێک بەڵێنی تری دا بە فەرەنسییەکان سەبارەت بە کێشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و لاوان و خانەنشینی، کە بە بۆچوونی شارەزایانی سیاسی، پەیامەکەی بەشێکی پێشوەختەیە بۆ هەڵمەتەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە وا بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە 10 مانگی داهاتوودا بکرێت، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم بەڵێن و چاکسازییانە کە ماکرۆن پێشنیازی دەکات و دەیەوێت متمانەی فەرەنسییەکان بەلای خۆیدا بگەڕنێتەوە پاش شکست هێنانی لە هەڵبژاردنی هەرێمەکان کە لە27 ی تەمموزی رابردوودا بەشکستییەکی بێ وێنە کۆتایی هات بۆ حزبەکەی له رویپیبلیک ئۆن ماخش (واتە کۆمار بەڕێوەویە) و لەهەمانکاتیشدا مسۆگەرکردنی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارە بۆ پێنج ساڵی تر، هەرچەندە تا ئیستا بەرەسی خۆی کاندید نەکردووە، بەڵام زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ماکرۆن لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا خۆی کاندیک دەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی فەرەنسا.

ئەو چاکسازییانەی کە وا بڕیارە ماکرۆن بیکات
یەکەم / چاکسازیی کێشەی خانەنشینی
کێشەیەکی ئێجگار ئاڵوزە و هەستیارە، تائێستا بەشێوەیەکی گشتگیر چارەسەر نەکراوە، هەموو جارێکیش بۆتە مایەی ناڕەزایی ئۆپۆزسیۆن و رێکخراوە مەدەنی و سەندیکا چەپەکان و ناکۆکی لە ناو پەرلەمان دروستکردووە، هەرچەنده ماکرۆن و حکومەتەکەی دەستیانپێکرد بەڵام بەهۆی ناڕەزایی جەماوەر و هێلەک زەردەکان و پاشان هاتنی ڤایروسی کۆرۆنا ئەم هەوڵە بۆ چاکسازیی دواخرا، بەڵام واپێدەچێت ماکرۆن دووبارە هەوڵی ئەو چاکسازییە بدات کە یەکێک بوو لە بەڵێنەکانی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتی ساڵی 2017 بەتایبەتی کە هەڵبژاردنەکان نزیک بۆتەوە بۆ سەرۆکایەتی فەرەنسا.

ماکرۆن لەمبارەیەوە وتی: چاکسازیی بۆ کێشەی خانەنشینی دەستپێدەکەم کاتێک هەلومەرجی باری تەندروستی کۆدەبێتەوە، واتە دوای ئەوەی کە کۆنترۆڵی ڤایروسی کۆرۆنا دەکرێت و ژیان ئاسایی دەبێتەوە. لەم رووەوە زۆر شتی ئاشکرا نەکرد، بەڵام چەند سەرەداوێکی دەرخست لەوانە ماکرۆن پێیوایە پێویستە کە ماوەی کارکردن درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی درەنگ تر خانەنیشینی دەستپێبکات کە تائێستا 63 ساڵە و ماکرۆن بەنیازە درێژتری بکاتەوە تا 65 ساڵ. ئەم چاکسازییەی ماکرۆن کە بەنیازە بیکات هەموو کاتێک جێگەی نیگەرانی و ناڕەزایی ئۆپۆزسیۆن بووە بە تایبەتی چەپەکان، ئەوان پێیان باشە کە لە تەمەنی 60 ساڵیەوە خانەنشینی بۆ هاووڵاتیان دابین بکرێت بۆئەوەی بتوانن لە تەمەنێکی گونجاودا خانەنشین بن و کەمێک زیاتر بە بەختەوەری بژین. هەربۆیە ئەم چاکسازییە کارێکی سیاسی هەستیارە و تائێستا چارەسەر نەکراوە.

دووەم / پێداچوونەوە بە مووچەی بێکاران
ماکرۆن بە نیازە لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا بە مووچەی بێکاراندا بچێتەوە ئەویش بە رەچاوکردنی باری ناهەمواری لاوان لە بارودۆخی ناهەمواری کۆرۆنا و زۆر بوونی بێکاراندا.

سێیەم/ لاوان
ماکرۆن لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە لاوانی بیرنەچۆتەوە و بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەدا کە وڵاتەکەی پێیدا تێدەپەڕێت بە هاتنی ڤایروسی کۆرۆنا و نا جێگیری باری دەروونیان، بۆ ئەم مەبەستە لە داهاتوودا هاوکاریی لاوانی بێکار دەکات بۆ خەرجی و پێداویستییەکانی رۆژانەیان و دابینکردنی مووچەی ئامادەبوونیان بۆ هەوڵدان لە دۆزینەوەی کار، هاوکاریان دەبێت بۆ کردنەوەی خوولی فێرکردنی پیشە بە مەبەستی دۆزینەوەی کار و گەڕانەوەیان بۆ بازاڕی کارکردن بۆ ئەمەش دەبێت چاوەڕوانی کۆتایی هاوین بکرێت.

گەڕانەوەی هێلەک زەردەکان
دوای پەیامەکەی سەرۆک ماکرۆن، لە تییوتەردا لە ماوەی 24 سەعاتدا 30000 لە هێلەک زەردەکان دووبارە سەریانهەڵدایەوە و بانگەشەی گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکی فراوان و بەهێز دەکەن دژی بڕیارەکانی ماکرۆن سەبارەت، کۆرنا ڤایروس و چاکسازی لەسەر پرسی خانەنشینی.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

 315 جار بینراوە