سەرەکی » وتار » مه‌حمود سه‌نگاوی‌ » شه‌هیدانی ئه‌شكه‌وتی داری خله‌…

شه‌هیدانی ئه‌شكه‌وتی داری خله‌…

شه‌هیدانی ئه‌شكه‌وتی داری خله‌ ناسنامه‌یه‌كی زێڕین به‌ به‌رۆكی شۆڕشی نوێوه‌

دوای ئه‌نفالی به‌عسیانه‌ و له‌و زه‌مه‌نه‌ی كه‌ به‌عس سه‌رمه‌ستی سه‌ركه‌وتنه‌كانی بوو وه‌ بڕیاری دابوو خه‌بات و شۆڕشی كورد بۆ چاره‌نووس ئیدی ته‌واو، له‌و ڕۆژگاره‌دا هه‌ڵوێستی پارتیزانه‌كان وه‌ڵامێكی توندی ئه‌و بڕیاره‌ ناكامه‌ی به‌عسی دایه‌وه‌ و كوڕه‌كانی ی.ن.ك بڕیاریاندا له‌ قوڵایی چۆڵه‌وانییه‌كانی گه‌رمیاندا ئاڵای به‌ گژداچوونه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن.
له‌ ساته‌وه‌خته‌كانی پارتیزانی پاش ئه‌نفالدا، كۆمه‌ڵه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی قاره‌مان و خۆڕاگری گه‌رمیان دوور له‌ باوه‌شی گه‌رمی كه‌س و كاریان به‌ فه‌رمانده‌یی شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د كه‌لاری، خه‌باتی پارتیزانی له‌ ئه‌شكه‌وتێكدا كۆی كردبوونه‌وه‌ و بیر و باوه‌ڕیان له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكخراوێكی شۆڕشگێریدا یه‌كی خستبوون و پێشمه‌رگایه‌تیش له‌ ئامێزی گرتبوون، له‌و چۆڵه‌وانییه‌ بێ باوه‌نه‌دا و له‌ كاره‌ساتێكی سرووشتی دڵته‌زێندا ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌ بوونه‌ ژێر هه‌ره‌سی ئه‌شكه‌وتی (داری خله‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی شێخ ته‌ویلی نزیك شاری كه‌لار)ه‌ وه‌و شه‌هید بوون كه‌ سه‌رجه‌میان حه‌وت شه‌هیدی قاره‌مانن به‌ ناوه‌كانی (مه‌لا ئه‌حمه‌د كه‌لاری، حاجی حه‌مید، حه‌یده‌ر، نوری قادر ڕه‌حیم ناسراو به‌پۆڵا، ڕه‌حیم ڕه‌شید ئه‌حمه‌د، محه‌مه‌د حسێن، دارا قادر سه‌مین).
له‌وڕۆژه‌دا، حه‌وت ئه‌ستێره‌ی گه‌شی ئاسمانی سه‌خترین هه‌لومه‌رجی كوردایه‌تی له‌ به‌رزییه‌وه‌ داچۆڕانه‌ خواره‌وه‌، ئه‌مانه‌ حه‌وت كه‌ڵه‌ مێردبوون كه‌ له‌ بارێكی ناسكدا باره‌گایان به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ پێچایه‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌ به‌ كۆڵێ خه‌م و ژان و ئاواته‌وه‌ ماڵ ئاواییكرد و بۆشاییه‌كی گه‌وره‌یان خسته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و كاته‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و كاریگه‌ری ئه‌م ڕووداوه‌ له‌و ساته‌وه‌خته‌دا بۆ سه‌ر براده‌ره‌ پارتیزانه‌كانی خواره‌وه‌ زۆر دژوار بوو، ئه‌شكه‌وتێكی گه‌وره‌ داڕمێ و ده‌رچه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڤاڵانه‌ داخرێ له‌و چۆڵه‌وانیه‌دا به‌بێ هه‌بوونی كه‌ره‌سته‌ی پێویست به‌چی ئه‌و هه‌موو خۆڵ و به‌رده‌ لا ئه‌چێت، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی مه‌ترسی هێزی ڕژێم و كێوماڵكردن.
له‌و مه‌فره‌زه‌ پێشمه‌رگه‌دا ته‌نیا شه‌هیدی فه‌رمانده‌ سه‌ید محه‌مه‌د و پێشمه‌رگه‌ی پارتیزان كاك حه‌مه‌ سۆران ڕزگاریان بوو كه‌ ئه‌وانیش پێش داڕمانی ئه‌شكه‌وته‌كه‌ چووبوون بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ جیهاز له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانی تریاندا، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا و له‌ سه‌ر گردۆڵكه‌یه‌كی نزیك ئه‌شكه‌وته‌كه‌ گوێیان له‌ زرمه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت، به‌ڵام نازانن چییه‌، كه‌ ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ده‌بینن هه‌وارگه‌كه‌یان داڕماوه‌ و ده‌رگاكه‌ی كڵۆم دراوه‌، ئه‌وسا تێئه‌گه‌ن ئه‌و زرمه‌یه‌ هه‌ره‌سی ئه‌شكه‌وته‌كه‌ بووه‌، ئینجا په‌یوه‌ندی به‌ براده‌رانی تره‌وه‌ ئه‌كه‌ن و له‌ ڕووداوه‌كه‌ ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ بڵاوبووه‌وه‌ هه‌ر كه‌سه‌ و به‌ جۆرێ لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرد، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ شووێنێكی زیخه‌ڵانی ته‌نگ بوو، خۆیان فراوانیان كردبوو وه‌ جارجاره‌ش ورده‌ به‌ردی لێ هه‌ڵئه‌وه‌ری، كه‌ به‌لای خه‌ڵكی شاره‌زاوه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و شووێنه‌ هه‌ره‌س ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وان گوێیان نه‌دابوویه‌، له‌وێ ڕاهاتبوون بمێننه‌وه‌، حه‌زیان نه‌ئه‌كرد به‌جێی بهێڵن تا دواجار بووه‌ مه‌نزڵگه‌ی هه‌تا هه‌تاییان.
شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش شه‌هیدبوونی به‌ كاك عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینادا نامه‌یه‌كی پڕ جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانه‌ی بۆ ئێران بۆ نووسیبووم كه‌ به‌ته‌مابووه‌ له‌گه‌ڵ براده‌راندا بێته‌وه‌ بۆ ئێران، به‌ڵام كه‌ زانیبووی ئێمه‌ داده‌به‌زینه‌ خواره‌وه‌ له‌ هاتنه‌كه‌ی وازی هێنابوو و چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ی كردبوو.
له‌و نامه‌یه‌دا باسی خه‌باتی نوێی بۆ كردبووم كه‌ چۆن ئه‌بێ هه‌وڵبده‌ین بخزێینه‌ ناو دڵی دوژمنه‌وه‌ و هه‌راسانی بكه‌ین و له‌و چۆڵه‌وانیه‌ بێ باوانه‌دا خۆڕاگر و وره‌ به‌رزبین، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ی شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د و چه‌ندین نامه‌ی دیكه‌ی هاوڕێ شه‌هیده‌كانم له‌ ساڵی 1996 نارد بۆ مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی به‌مه‌به‌ستی نمایشكردنیان له‌ پێشانگایه‌كی مێژووییدا، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی ڕوداوه‌كانی 31ی ئابه‌وه‌ له‌ ناوچوون.
شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌ هه‌مان كاتدا نامه‌ی بۆ هه‌ندێ براده‌ری تریش نووسیبوو به‌ تایبه‌تی بۆ كاك نه‌وشیروان و ملازم عومه‌ر و مامۆستا عه‌لی عه‌بدوڵڵا. ته‌رمی پیرۆزی ئه‌م هه‌ڤاڵه‌ شه‌هیدانه‌ هه‌تاكو ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری كوردستان له‌ ساڵی 1991 له‌ ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا مایه‌وه‌ و له‌ پایزی ساڵی 1991دا له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵان كاك كوردۆ قاسم و كاك عه‌دنان و كاك عوسماندا كارمان كرد بۆ ده‌رهێنانی ته‌رمه‌كانیان و له‌ خواره‌وه‌ش به‌سه‌رپه‌رشتی م. عه‌لی عه‌بدوڵڵا كار كرا بۆ ئه‌نجامدانی ڕێوڕه‌سمی ناشتنیان و كۆڕبه‌ستن و ئاگاداركردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ هێنانه‌وه‌ و به‌خاكسپاردنیان له‌ گۆڕستانی كه‌لاری كۆن.
له‌ كۆتاییدا، هه‌زاران سڵاو له‌ مه‌زاری هه‌میشه‌ پیرۆزتان ئه‌ی كوڕانی ڕۆژانی سه‌ختی خه‌بات و تێكۆشان.

print

 61 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*