سەرەکی » دۆسێ » جارێكی تر هەڕەشەی شەڕ و ناكۆكیی سیاسی لە لوبناندا سەرهەڵدەداتەوە

هەڵوێستی ئەمریكا و ئێران لەبارەی رووداوەكانی هەفتەی رابردووی لوبنانەوە دەخرێتەڕوو

جارێكی تر هەڕەشەی شەڕ و ناكۆكیی سیاسی لە لوبناندا سەرهەڵدەداتەوە

بەدواداچوونی رۆژنامەوانی

دوو لایەنی سەرەكی پێكدادان و گرژییەكان
بەپێی زانیارییەكان، دوو لایەنی سەرەكی پێكدادان و گرژییەكان هێزەكانی حزبوڵڵا بەسەرۆكایەتی حەسەن نەسروڵای عەرەبی شیعە و سەمیر جەعجەع سەرۆكی كەتائیبی مەسیحی بوون.

لەو بارەیەوە، میشال عەون سەرۆك كۆماری لوبنان رایگەیاند، هەرگیز جێگەی قبووڵكردن نییە چەك ببێتە زمانی گفتوگۆی نێوان لوبنانییەكان، رێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نادرێت وڵات بكاتە بارمتەی بەرژەوەندییەكانی.
هاوكات، سوپای لوبنان دەستگیركردنی نۆ كەسی لە هەردوولا، حزبوڵلا و كەتائیب راگەیاند و ئاشكراشیكرد، دوو هاووڵاتی سووری لەنێو دەستگیركراوەكاندان، جەختیشی كردەوە لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی سەر بە سوپای لوبنان بە كۆڵان و گەڕەكەكانی بەیروت تاوەكو ئاسایش بە تەواوەتی دەگەڕێتەوە بۆ شارەكە.

لیستی تیرۆری ئەمریكا
بەرپرسێكی حكومەتی ئەمریكا كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاند، دەبێت سوپای لوبنان بەشێوەیەكی یەكلاییكەرەوە مامەڵە لەگەڵ كردە چەكدارەكانی حزبوڵڵایدا بكات، كە رۆژی پێنجشەممە لە بەیروت ئەنجامیدان.

ئەو بەرپرسەی ئیدارەی بایدن وتی، حزبوڵڵا لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە، كردەی توندی لە بەیرووت ئەنجامداوە و دەبێت سوپای ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی توند و یەكلاییكەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو كردانەدا بكات.

بە وتەی بەرپرسە ئەمریكییەكە، یەكێك لە ئامانجەكانی ئەمریكا لە هاوكاریكردنی لوبنان سەقامگیری و دابینكردنی ئاسایشە لەو وڵاتەدا، راشیگەیاند، هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ سوپای لوبنان بناغەی سەرەكی سیاسەتی واشنتۆنە تا بەرگری لە سەروەریی لوبنان و پاراستنی سنوورەكانی بكرێت، هەروەها بتوانێت رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە لە ناویاندا حزبوڵڵای لوبنان.

لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی بەیروت
رۆژی پێنجشەممە، سەدان كەس لە لایەنگرانی حیزبوڵڵا چوونە ناوچەی عەدلییە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، وێنەی دادوەر تارق بەیتاریان سووتاند كە دۆسێی لێكۆڵینەوەی تەقینەوەكەی بەیروتی پێڕاسپێردراوە و دژی ئەو خۆپێشاندانیان كرد.

دادوەر تارق بەیتار دووەم دادوەرە لەو دۆسێیە دەكۆڵێتەوە و رووبەڕووی رەخنە و هێرش دەبێتەوە.

حەسەن زەبیب، خۆپێشاندەری سەر بەحزبوڵڵا دەڵێت، هەندێك هەڵە هەن كە لەلایەن لێكۆڵەرە نوێكەوە ئەنجامدراون پێویستیان بە پێداچوونەوەیە، بۆ ئەوەی رێگەی راست سەروەر بێت و كەسوكاری قوربانیانیش خۆیان نەبنە قوربانی.

وتارێكی ئەمینداری گشتی
ئەو ناڕەزایەتییەی لایەنگرانی حزبوڵڵا لە دژی دادوەر تاریق بەیتار، لەدوای وتارێكی ئەمینداری گشتی حزبەكەیان هات كە دەڵێت، دەبێت ئەنجومەنی وەزیران چارەسەرێك بۆ بابەتی تەقینەوەكەی بەیروت بدۆزێتەوە.

حەسەن نەسروڵڵا رایگەیاند، «یەكەم قسەم لەسەر ئەو خاڵە، بە كەسوكاری شەهیدان دەڵێم، ئەگەر ئێوە چاوەڕێ دەكەن بەو دادوەرە بگەن، پێی ناگەن، ئەگەر چاوەڕێ دەكەن لە رێگەی ئەو دادوەرەوە بگەن بە دادپەروەری، هەتا ئەگەر بۆ بڕیارێكی بچووكیش بێت، ناگەن بە دادپەروەری».

لە 4ی ئابی 2020 سەدان تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم لە بەندەری بەیرووت تەقییەوە، بەهۆیەوە 214 كەس گیانیان لەدەستدا و 6000 كەسی دیكە برینداربوون، تەواوی ئەو گەڕەكانەی وێرانكرد كە لە بەندەرەكەوە نزیكبوون.

بەرپرسە سیاسی و ئەمنییەكان
میدیای سەربەخۆ و گرووپە بنكۆڵكارەكان دەڵێن زۆربەی بەرپرسە سیاسی و ئەمنییەكانی لوبنانی دەیانزانی كە ئەو هەموو تەقەمەنییە سوتێنەرە لەو بەندەرە هەڵگیراوە بەڵام بێدەنگییان لە بەرامبەری هەڵبژاردووە.
حزبوڵڵای لوبنانی كە بە لایەنێكی سیاسی و چەكداریی بەهێزی لوبنان دەناسرێت، لەو تۆمەتانەی لەسەر هەڵگرتنی تەقەمەنییەكان ئاراستە دەكرێن، پشكی شێریان بەركەوتووە.

لێدوان و زانیاریی جۆراوجۆر
لە بارەی رووداوەكانی ئەو رۆژەی بەیروت لێدوان و زانیاریی جۆراوجۆر هەیە. بەرپرسی بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی ساحل رایگەیاند لە رووداوەكەدا سێ كەس كوژراون كە گوللە بەر سەریان كەوتووە، 20 كەسی دیكەش برینداربوون، كە تەندروستیی سێ كەسیان خراپە. هەروەها وەزیری ناوخۆی لوبنان دەڵێت، شەش كەس لە پێكدادانەكاندا كوژراون.

سوپای لوبنان لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە: «لەمیانی چوونی خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی بۆ ناوچەی عەدلییە، خۆپێشاندەران لە ناوچەی تەیونە تەقەیان لێكراوە، سوپا دەستبەجێ گەمارۆی ناوچەكەی داوە و لە گەڕەكەكاندا بڵاوەی پێكراوە و پشكنینی ناوچەكە بۆ دۆزینەوەی تەقەكەرەكان دەستیپێكردووە».

سوپای لوبنان رایگەیاندووە، سوپا تەقە لە هەر چەكدارێك دەكات لە ناوچەكەدا دەربكەوێت، داوای لە دانیشتووانی ناوچەكە كردووە ماڵەكانیان چۆڵ بكەن، لە كاتێكدا قوتابخانەكانی نزیك لە ناوچەكە داخران.

نانەوەی پشێوی و هەندێك چەكداری دەمامكدار
سەرچاوەكان هەواڵ ئاشكرایان كردووە، ژمارەیەك خۆپێشاندەر دەستیانكردووە بەپشێوی نانەوە و هەندێك چەكداریش دەمامكداریش كە ژمارەكەیان نەزانراوە، تەقەیان لە سەربازانی سوپای لوبنان كردووە و سوپای لوبنان دوو نیشانەچی دەستگیركردووە. هاوكات گرتەی ڤیدیۆیی چەكدارێك بڵاوكراوەتەوە كە لەسەر شەقامەكانەوە ئار پی جی بەئاراستەی سەربازانی لوبنانی دەتەقیێنێت.

نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی لوبنان داوای دانبەخۆداگرتن و ئارامكردنەوەی دۆخەكەی كرد و داوای لە دانیشتووانی وڵات كرد دوای ئەو كەسانە نەكەون كە دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە.

گردبوونەوەی ئاشتیخوازانە
لە پێشهاتە نوێیەكانی رووداوەكەدا، حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە بڵاوكراوەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، خۆپێشاندەران گردبوونەوەی ئاشتیخوازانەیان كردووە دژی بەسیاسیكردنی لێكۆڵینەوە لە دۆسێی رووداوەكەی بەندەری بەیروت، بەڵام رووبەڕووی تەقەكردن بوونەتەوە و قوربانیی كەوتووەتەوە.

هەردوو رێكخراوەكە، داوایان كردووە سوپای لوبنان «بەرپرسیاریێتی بگرێتە ئەستۆ و بەخێرایی بێتە نێو رووداوەكەوە بۆ راگرتنی ئەو تاوانبارانە».

خۆپێشاندانی لایەنگرانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، دووەم داواكاریی ئەو دوو حزبەیە بۆ دوورخستنەوەی تارق بەیتار، كە لێكۆڵەری دادە لە دۆسێی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت.

داواكارییەك بۆ دوورخستنەوەی بەیتار
سەرچاوە دادوەرییەكانی لوبنان ئاشكرایانكردووە، دادگای تێهەڵچوونەوە داواكارییەكی بۆ دوورخستنەوەی بەیتار رەتكردووەتەوە، ئاشكرایكردووە ئەوە كارە لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە چونكە بەیتار «یەكێك نییە لە دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوە».

پێشتر هەریەك لە عەلی حەسەن خەلیل، وەزیری پێشووی دارایی و غازی زعیتەر، وەزیری پێشووی كشتوكاڵ، داوایان لە دادگا كردبوو بەیتار لە پۆستی لێكۆڵەری دادی دۆسێكە دووربخاتەوە، بەڵام دادگا دانیشتەكانی خۆی بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسێیەكە هەڵپەسارد، لەبەرئەوەی دادگای تایبەت پێكهێنراو بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، هێشتا بڕیارینەداوە داواكارییەكەی ئەو وەزیرە قبوڵ بكات یان رەتبكاتەوە.

گوشاری بەرپرسانی سیاسی
ئەگەر دادگا داواكارییەكەی تایبەت بەدوورخستنەوەی بەیتار رەتبكاتەوە، بەیتار وەك لێكۆڵەری دادی دۆسێیەكە دەستبەكار دەبێتەوە و دەبێ وادەی پرساندن بۆ هەریەكە لە زعیتەر و نیهاد مشنوق، وەزیری پێشووی ناوخۆ دیاری بكات.

لەو كاتەوەی بەیتار لە جێگەی فادی سوان لێكۆڵینەوە لە دۆسێی تەقینەوەكەی وەرگرتووە، پاش ئەوەی سوان بە گوشاری بەرپرسانی سیاسی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، بەیتار داوای لێكۆڵینەوە لە حەسان دیاب، سەرۆك وەزیرانی پێشووی كردووە و داواشی كردووە لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر بەرپرسانی پێشووی دەزگاكانی ئاسایش بكرێت.

داواكاریی لێپێچینەوە لە بەرپرسە سیاسی و ئاسایشییەكان، وایكردووە چوار وەزیری پێشوو، لە دادگای جیاواز سكاڵا تۆمار بكەن لە دژی بەیتار و داوای دوورخستنەوە لە دۆسێیەكەی بكەن.

پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو هەوڵانەی رەتكردووەتەوە كە بە تۆقاندن ناوی بردوون بۆ سەر بەیتار و وایداناوە تیرۆری حزبوڵڵا سەروەریی لوبنان لەباردەبات.

هەڵوێستی ئەمریكا
نید پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتی: ئێمە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندین جار وتوومانە پشتگیری دەسەڵاتدارانی لوبنان دەكەین و داوایان لێدەكەین لێكۆڵینەوەكان لە تەقینەوە گەورەكەی بەندەری بەیروت بەزوویی و پیشەییانە كۆتایی پێبهێنن.

پرایس وتی: قوربانیانی تەقینەوەكەی ساڵی 2020 شایستەی دادوەری و لێپێچینەوەن و دژی هەر هەڕەشەیەكیشین بۆ سەر دادوەران و پشتگیری لە سەربەخۆیی دادگاكانی لوبنان دەكەین.

هەڵوێستی ئێران
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسرائیلی بە پاڵنەری روداوەكانی لوبنان تۆمەتبار كرد و رایگەیاند، بە وردی و لەنزیكەوە چاودێری ئەو روداوانە دەكەن.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەو بڕوایەدان حكومەت و گەلی لوبنان بە یەكێتی و یەكڕیزی، لەو پیلان و ئاژاوانە رزگاریان دەبێت كە وەك هەمیشە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆیان دروست دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لە گرنگی سەقامگیری و ئاسایشی لوبنان دەكاتەوە و بەوردی و لە نزیكەوە چاودێری ئەو روداوانە دەكات كە لە چەند رۆژی رابردودا لە لوبنان رویانداوە.

 151 جار بینراوە