سەرەکی » دۆسێ » لیبییەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەن

دوای شەش ساڵ لە روخانی قەزافی

لیبییەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەن

وێڕای نەبوونی كەشێكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە لیبیا، كۆمەڵی نێودەوڵەتی پێداگرە لەسەر ئەوەی كە دەبێت هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا ئەنجام بدرێت.
بەپێی میدیاكانی خۆرئاوا، لەئێستادا لە ناوەندە سیاسییەكانی لیبیا و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا، قسە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی دەكرێت بۆ ساڵی 2018 لەو وڵاتە.
نزیكەی 2.3 ملیۆن لیبی مافی دەنگدانیان هەیە و ئامادەن دەنگ بدەن، بەڵام دوای شەش ساڵ لە روخانی سەرۆك موعەمەر قەزافی، تائێستاش وڵاتەكە لەژێر دەستی ئەو گروپە چەكدارانەدایە كە لەنێوان یەكتریدا ناكۆكن.
لیبییەكان زۆر ناڕازیین لەوەی كە ژمارەی كۆچبەرەكان لە لیبیاوە بەرەو ئەوروپا لەڕێی بەلەمە هەرزان و مەترسیدارەكانەوە رووی لە زیبوونە، ئەمەش لەسایەی دوو حكومەتی دژ بە یەك و پەرلەمانێكی لەكاركەوتوو.
میلیشیا گەورەكان تەواوەتی ئەو ناوچانەيان كۆنترۆڵ كردووە كە تێیدان، حكومەتی ناوەندیش هیچ دەسەڵات و كاریگەرییەكی نییە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا وڵاتەكە رووبەڕووی قەیرانێكی ئابوری بۆتەوە و هیچ هیوایەكیش نییە بۆ باشبوونی دۆخی ئابوری.
لە مانگی حوزەیرانی 2014، هەڵبژاردن لە لیبیا بۆ دەستنیشانكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجادرا، هەموو كاندیدەكان بۆ ئەنجومەنەكە، وەك سەربەخۆ پێشڕكێیان كردبوو.
لە هەڵبژاردنەكەدا، كاندیدەكانی رەوتی نیشتمانی و لیبراڵی زۆرینەی كورسییەكانیان بردەوە، گروپە ئیسلامییەكانیش تەنیا نزیكەی 30 كورسیان دەستەبەر كرد، رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەكەدا زۆر لاواز بوو، بە جۆرێك كە تەنیا 18%ی ناوە تۆماركراوەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەشدارییان كردبوو.
دوابەدوای هەڵبژاردنەكە، ئیئتیلافی (فجر لیبیا) لەبری پارتە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنەكە، كودەتای ئەنجامدا.
كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لایەنی دەستباڵا بوو لەو ئیئتیلافە. دوای ئەنجامدانی كاریی توندوتیژی لەدژی نەیارانی (فجر لیبیا)، دادگای باڵا لە تەرابلوس هەموارە دەستورییەكانی هەڵوەشاندەوە كە لێوەی یاسای هەڵبژاردنەكان دانرابوو.
تەنیا گروپی (فجر لیبیا) دانی بەو بڕیارەی دادگاكەدا نابوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا دانی بەو بڕیارەدا نەنا، كۆمەڵی نێودەوڵەتیش بەردەوام بوو لەوەی كە دانی بە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنا و هیچ بایەخێكی بەو حوكمە دادوەرییە نەدەدا.

تەنگژەیەكی سیاسی
غەسان سەلامە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا كە لە مانگی ئابی 2017وە دەستی بەكاركردن كردووە، ئەركێكی زۆر قورسی كەوتۆتە ئەستۆ.
لەگەڵ ناوبانگ و هەڵوێستە پراگماتییەكانی، قسەی لەگەڵ زۆربەی توێژەكانی كۆمەڵگەی لیبی كردووە، وەك خوێندكاران و ئەوانەی لە خۆرهەڵاتی لیبیا دەژین.
لەو رووەشەوە توانیویەتی بگاتە دانانی پلانێكی كار كە لە سێ‌ قۆناغ پێكدێت:
-هەمواركردنەوەی رێكەوتنی سیاسی ساڵی 2015 كە جێگەی ناڕەزایی زۆرێك لەلایەنەكان بوو، هەرچەندە بۆ ئەو حكومەتە بەرزكراوەتەوە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە، بەڵام هیچ كاریگەرییەكی نەبووە.
-سازدانی كۆنگرەیەكی نیشتمانی.
-ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر دەستور و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەی ساڵێكدا.
واپێدەچێت بایەخی هەموان روویان لە رێگەچارەی سێیەم بێت.

فاكتەرە مەترسیدارەكان
هەندێك پێیانوایە سندوقی دەنگدان، لیبیا یەكدەخات، بەڵام پێشبینی دەكرێت زیاتر لەبەریەكی هەڵبوەشێنێت، چونكە هەڵبژاردنی ئاشتیانە پێویستی بە پێگەیشتنی سیاسی و بەگەڕخستنی دامەزراوەكان و هەرەمی ئەمنی دەوڵەتە بۆ خزمەتكردن بە گەل.
گەر بێت و یەكێك لەو پێكهاتانە دووربخرێنەوە، ئەوا پرۆسەی سیاسی دووچاری داڕمان دەبێت و دەبێتە مایەی لەدایكبوونی دیكتاتۆرییەكی نوێ‌، یان رێخۆشكردن بۆ خولێكی تری كودەتا سەربازییەكان، چونكە رەوشی لیبیا دڵخۆشكەر نییە و خاوەنی هیچ پایەیەكی دیموكراتی نییە.
كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكان مشتومڕ لەسەر مەسەلەی هەوڵی لیبییەكان دەكەن بۆ هێنانەكایەی گۆڕانكارییەكی سیاسی لەپێناو كۆتاییهێنان بەو قەیرانەی تێیدا دەژین، بەڵام ناكرێت هیچ شتێك بگۆڕدرێت تا لەسەرەتاوە كار بۆ یەكخستنی گروپە چەكدارەكان نەكرێت.
«بی بی سی» لە زاری راوێژكارێكی بیانییەوە كە لە لیبیا كار دەكات بڵاویكردبۆوە:»گەورەترین مەترسییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەئێستادا، ئیتر دەرەنجامەكەی بەهەرشێوەیەك بێت، رووبەڕبوونەوەیەكی چەكداریی هەمەلایەن و فراوانی لێدەكەوێتەوە كە پێشتر لیبیا رووداوی وەهای بەخۆوەنەبینیوە».
پێشبینی دەكرێت لیستی كاندیدەكان بۆ سەرۆكایەتی، فایز سەراج سەرۆك وەزیرانی ئێستا و خەلیفە حەفتەر فەرماندەی سەربازیی لە خۆرهەڵاتی لیبیا (دەركەوتووترین ئەو كەسێتیانەیە كە لە لیبیا ناكۆكیان لەسەرە) لەخۆبگرێت، هەروەها پارێزەرانی سەیفولئیسلام كوڕی سەرۆك موعەمەر قەزافیش، كار بۆ ئەوە دەكەن جیهان رازیی بكەن كە سەیفولئیسلامیش یەكێك بێت لە كاندیدەكان.
پێشبینی دەكرێت ئەو میلیشیایانەی دەستبەسەرییان كردبوو، لە ساڵی 2017دا ئازادییان كردبێت، بەڵام بۆ سێ‌ ساڵ دەچێت بە ئاشكرا دەرنەكەوتوو، لەگەڵ ئەوانەشدا تائێستا لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكانەوە داواكراوە، بەو هۆیەی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ساڵی 2011دا تۆمەتباركراوە.

لەبەرژەوەندی كێیە؟
دیپلۆماتكارێكی خۆرئاوایی بە (بی بی سی) راگەیاندبوو:»هۆشیارییەك هەیە لەبارەی مەودای مەترسی ئەنجامدانی هەڵبژارد لەم نزیكانەدا، هەموان بەدرێژایی كات باس لەوە دەكەن».
هەروەها دەڵێت»بەڵام دەبێت بەردەوام بین لەكاركردن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێك، دوای ئەوەی گوترا فەرەنسا هەموو لایەنەكان بەرەو هەڵبژاردن هاندەدات».

بۆچی خۆرئاوا بانگەشە بۆ هەڵبژاردن دەكات؟
وەك ئەو دیپلۆماتكارە خۆرئاواییە باسی دەكات»كۆمەڵی نێودەوڵەتی هیچ رێگەچارەیەكی تری لەبەردەمدا نییە، ناشتوانێت هیچ شتێك بكات بۆ كۆتایی هێنان بەو حاڵەتە چەقبەستووەی لە وڵاتەكەدا هەیە، بۆیە هەوڵ دەدات وای دەربخات كە شتێك دەكات».
غەسان سەلامە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە لیبیا، هیواخوازە بگەنە دانانی خشتەیەكی كاتی تا لیبییەكان بەشێوەیەكی خێرا بەرەو گۆڕانكاریی ببەن، تەئكیدیش لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو لایەنەكان و دەزگا سیاسی و سەربازییەكان دەكاتەوە تا پێكەوە كار بكەن، بەڵام بە گوتەی خۆی، لە هەمان كاتدا ئاستەنگی بۆ دروست دەكەن. هەموو لایەنە كاریگەرەكان دەیانەوێت لەئێستادا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت تا هەژموونی خۆیان زیاتر پتەوبكەن.
سەلامە دەڵێت»لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە هەموو لایەنەكان دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن قبوڵ بكەن».

ئاستەنگەكانی بەردەم دەستور
لیبیا پێش رۆژێك لە دەنگدان، پێویستی بە چوارچێوەیەكی یاساییە، رەشنوسی دەستوری نوێ‌ بۆ لیبیا دانراوە، بەڵام جێگەی رەزامەندی هەموان نییە.
دادگای باڵای لیبیا مافی ئەوە ناداتە دادگاكانی تر، هیچ رێوشوێنێكی یاسایی لەبارەی دەستورەوە بگرنەبەر.
هەندێك لە نێوەنگیرەكان لە نەتەوە یەكگرتووەكان هیوایان خواستووە، یاسایەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنەكان لە لیبیا دابنرێت لەسایەی دەستورێكی نوێ‌ كە رێگە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێ‌ خەوش خۆش بكات، نیگەرانیش هەیە لەوەی هەڵەیەك لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی دەستوریدا رووبدات.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كە لە ساڵی 2014دا ئەنجامدرا، حاڵەتێكی پشێوی لە لیبیادا دروست كرد، بە تایبەت لەو كاتەدا كە گروپە چەكدارەكان كەمتر رێكخراوبوون و ناكۆكییەكانیش شیاوی چارەسەربوون، بەڵام لەئێستا دۆخەكە بەشێوەیەكی زیاتر نەرێنی گۆڕاوە.

كورتەیەك لە مێژووی كۆن و هاوچەرخی لیبیا

رەوتەكان-

-سەدەی حەوتی پێش زایین-فینیقییەكان لە ناوچەی تەرابلوسی خۆرئاوای وڵاتەكە نیشتەجێ‌ دەبن كە تا ئەو دەمە بەربەرەكان تێیدا نیشتەجێبوون.
-سەدەی چواری پێش زایین- یۆناییەكان دەست بەسەر ناوچەی بەرقەی خۆرهەڵاتی وڵاتەكەدا دەگرن و ناوی لیبیای لێدەنێن.
-74 ساڵ پێش زایین-رۆمانەكان لیبیا داگیردەكەن.
-643ی زایینی-عەرەب رۆمانەكان دەردەكات لە لیبیا و ئاینی ئیسلام لە وڵاتەكەدا بڵاودەكاتەوە.
-سەدەی 16-لیبیا دەبێتە بەشێك لە دەوڵەتی عوسمانی، و عوسمانییەكان ولایەتەكانی تەرابلوس و بەرقە و فەزان لە یەك قەوارەدا كە سەنتەرەكەی تەرابلوس دەبێت، یەك دەخەن.
-1911-1912 ئیتاڵیا دەست بەسەر لیبیادا دەگرێت و لەژێر چنگی عوسمانییەكان دەریدەهێنێت، عومەر موختار جەنگێك لە دژی حوكمڕانی ئیتاڵی دەستپێدەكات كە 20 ساڵ درێژەدەكێشێت.
-1942 هاوپەیمانان ئیتاڵییەكان لە لیبیا دەردەكەن و دواتر لەنێوان فەرەنساییەكان و بریتانییەكاندا دابەش دەكرێت.
-1951 لیبیا لەژێر حوكمی پادشا ئیدریس سەنوسی سەربەخۆیی وەردەگرێت.
-1969 عەقید موعەمەر قەزافی لە كودەتایەكی سپیدا رژێمی شاهانە لەو وڵاتەدا دەڕوخێنێت.
-1992 نەتەوە یەكگرتووەكان سزاكان بەسەر لیبیادا دەسەپێنێت، دوای ئەوەی بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی فڕۆكەی نەفەرهەڵگری سەر بە كۆمپانیای بان ئەمریكان لەسەر ئاسمانی لۆكاربی سكۆتلەندی لە كانونی یەكەمی 1989دا دەخاتە پاڵی.
-2011 سەرهەڵدانی ناڕەزایی توند لە بنغازی كە دواتر شارەكانی تر دەگرێتەوە.ئەو ناڕەزاییانە دەبێتە مایەی بەرپابوونی جەنگی ئەهلی، و دەستوەردانی بیانی، و دواتر دەبێتە مایەی روخانی دەسەڵاتەكەی قەزافی و كوژرانی.
-2014 هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا، هەموو كاندیدەكان بۆ ئەندام بوون لەو ئەنجومەنە وەك سەربەخۆ پێشڕكێیان دەكەن.
لە هەڵبژاردنەكەدا، كاندیدەكانی رەوتی نیشتمانی و لیبراڵی زۆرینەی كورسییەكانیان دەبەنەوە، گروپە ئیسلامییەكانیش تەنیا نزیكەی 30 كورسی دەستەبەر دەكەن، رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەكەدا زۆر لاواز بوو، بە جۆرێك كە تەنیا 18%ی ناوە تۆماركراوەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەشدارییان كردبوو.
دوابەدوای هەڵبژاردنەكە، ئیئتیلافی (فجر لیبیا) لەبری پارتە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنەكە، كودەتای ئەنجام دەدات.
كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لایەنی دەستباڵا بوو لەو ئیئتیلافە. دوای ئەنجامدانی كاریی توندوتیژی لەدژی نەیارانی (فجر لیبیا)، دادگای باڵا لە تەرابلوس هەموارە دەستورییەكان هەڵوەشێنێتەوە كە لێوەی یاسای هەڵبژاردنەكان دانرابوو.
تەنیا گروپی (فجر لیبیا) دانی بەو بڕیارەی دادگاكەدا نابوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا دانی بەو بڕیارەدا نەنا، كۆمەڵی نێودەوڵەتیش بەردەوام بوو لەوەی كە دانی بە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنا و هیچ بایەخێكی بەو حوكمە دادوەرییە نەدەدا.
-2016 دوای چەند ساڵێك لە پشێوی و شەڕوپێكدادان، حكومەتێكی «یەكێتیی نیشتمانی» دادەنرێت كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانپێدانراو دەبێت و بارەگاكەی لە بنكەیەكی دەریایی لە تەرابلوس دادەنێت. ئەو حكومەتە لەلایەن دوو حكومەتی ركابەری تر و میلیشیا جیاجیاكانەوە دژایەتی دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا: سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنین

دوای ئەوەی ئێران رێژەی رێگەپێدراوی پیتاندنی تێپەڕاند و پیتاندنی یۆرانیۆمی ...