سەرەکی » ئابووری » كتێبی (سەلامەتی خۆراك) بڵاوكرایەوە

كتێبی (سەلامەتی خۆراك) بڵاوكرایەوە

یەکەی ئابووری

چاپی دووەمی كتێبی (سەلامەتی خۆراك) كە لەلایەن د.موحسین ئەحمەد پزیشكی ڤێتێرنەری و پسپۆڕی پاسۆلۆجییەوە نووسراوە، كەوتەوە بەر دیدی خوێنەران كە زانیاری نوێی تێدایە لەبارەی جۆری خۆراك و خواردەمەنییەكان و سوودە تەندروستییەكانی بۆ مرۆڤ بەشێوەیەكی سەلامەت و تەندروست.

لە پێشەكی ئەم كتێبەدا كە لەلایەن پرۆفیسۆر د.فەریدوون عەبدولستار و د.جەمیل عەبدوڵڵا قەرەداغییەوە پێداچوونەوەی زانستی بۆ كراوە، ئاماژە بەوە كراوە، پەرتووكی (سەلامەتی خۆراك) یەكێكە لە پەرتووكە گرنگەكان كە بایەخێكی زۆری هەیە بۆ گشت هاووڵاتیان، چونكە لەلایەن هەموومانەوە رۆژانە خۆراك و جۆرەكانی بەكاردەهێنرێت بەشێوەیەكی بەربڵاو و زۆرجار زێدەڕۆییكردن لە بەكارهێنانی بەشێوەیەكی نازانستییانە دەبێتەهۆی دروستبوونی جۆرەها كێشەی تەندروستی و لە ئەنجامدا كاریگەریی ئابووریی، جەستەیی و كۆمەڵایەتیشی لێدەكەوێتەوە كە ئەمەش بێگومان دەبێتەهۆی نەخۆشكەوتنی هاووڵاتیان، بۆیە خوێندنەوەی ئەم كتێبە لەلایەن هەمووانەوە زۆر پێویستە.

دواتر نووسەر لە دەستپێكی كتێبەكەدا كە لەسەر ئەركی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم چاپكراوە، نووسیویەتی: «ئەم پەرتووكە بە زانیاری گشتیی دەربارەی خۆراك و رۆژە جیهانییەكەی دەستپێدەكات، پاشان هەموو ئەو خۆراكانە باس دەكات كە لە سەرچاوەی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسییەوە سەرچاوە دەگرن، دواجاریش هەندێك نەخۆشی كە ئەكرێت هەر لە رێگەی خۆراكەوە بگەنە مرۆڤ، باس دەكات».

لەچوارچێوەی كتێبی (سەلامەتی خۆراك)دا كە لە دووتوێی 100 لاپەڕەدا بڵاوكراوەتەوە، ئەم بابەت و باسانە تاوتوێكراون: رۆژی جیهانیی خۆراك، خۆراك و سەلامەتی، هەڕەمی رێنمایی خۆراك، بۆمبەكانی جی لەساڵی جیهانیی پاقلەمەنییەكاندا، گۆشتی سوور، ماسولكە و گۆشت، شوێنی سەربڕینی ئاژەڵ، چۆنێتی خستنی ئاژەڵ بۆ سەربڕین، شێوازی سەربڕینی ئاژەڵ لە روانگەی زانستی پزیشكیی ڤێتێرنەرییەوە، شوێنی لێدانی چەقۆ، خوێن و تەندروستی گۆشت، تكەی گۆشت، قیمە، كەباب، جگەر، توخمی ئاسن، سەروپێ، گۆشتی ماسی، گۆشتی مریشك، سەربڕینی مریشك، بەشەكانی مریشك، پێستی مریشك، ملەقۆچە و باڵ، گۆشتەمەنی بەستوو یان لە قوتونراو، شیر، سوودەكانی شیر، شیر و تەندروستی ددان، شیر و تەندروستی دڵ، ماست، سوودەكانی ماست بۆ جەستەی مرۆڤ، هێلكە، پێكهاتەی بایۆلۆژی، هێلكە چۆن دروست دەبێت، بەهای خۆراكیی هێلكە، چۆنێتی جیاكردنەوەی هێلكەی تازە لە هێلكەی كۆن، دەردە گواستراوەكان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، خۆراك و نەخۆشی، دەردە پاشا، بەكتریای ئی كۆلای، گرانەتا، كۆمپایلۆبەكتر (بەكتریای سكچوون)، تای ماڵتا، دەردە پشیلە، ئەسكەلە پیسە (بەكتریای ئەنسراكس)، كرمی شریتی رەشەوڵاخ و كرمی شریتی ماسی).

 273 جار بینراوە