سەرەکی » مانشێت » کام کردار؟

کام کردار؟

سەردار عبدالکریم عبداللە

لە ساڵانی حوکمڕانی د.بەرهەم، لە پاڵ پشتیوانیە مەزنەکان و سێبەرە تۆخەکەی بەڕێز مامجەلالی سەرکۆمار و سکرتێری گشتی، بوونی بودجەیەکی زەبەلاحی، مسۆگەری، مفتی مانگانە وەک سلفە، وای کرد لە زەمەنی قەیرانەکاندا هەندێ لە هاوڵاتیان وەک خۆی لە دەرهاویشتەکانی شێوازی دەسەڵاتدارێتیەکەی د. بەرهەم نەگەن.
دکتۆر بەدرێژایی دەسەڵاتدارێتیەکەی جگە لەو بودجە موفتەی لە بەغداوە وەریدەگرت، نەیتوانیووە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی خۆماڵی بەدیلی بودجەی بەغدا زیادبکات. وەک دیارە پرۆسەی سەرفکردنی بودجە، کارێکی وا قوڕس نیە تا ببێ بە موعجیزە و جێگای شانازی پێوەکردن بی بۆ حاکمێک، بەڵکو ئەوەی سەلمێنراوە لە حوکمڕانیدا و جێگای شانازی بێ، بریتیە لە جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەڵەکەکردنی سەرمایەی پاشەکەوتکراوی دەوڵەت. بۆیە پرسیاری ئێمە لەسەر کۆی ئەو بەرنامە و کارانەیە کە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی دکتۆر ئەنجامی دراون، نەک تەنها لەسەر یەک دوو نمونەی داماڵراوی رازێنراوە. پێویستە کۆی کارەکانی لە حکومەتدا وەک یەک پاکێج وەرگرین، بۆ نمونە؛ ناکرێ پرۆسەی بەرنامەی تواناسازی تەنها لەو گۆشە پۆزەتیفەوە لەبەرچاوبگرین کە بۆتە هۆکاری زۆربوونی ژمارەی خاوەن بڕوانامە باڵاکان، دەبێ لە هەمان کاتدا دەرهاویشتە نێگەتیفەکانیش ببینین، کە کاریگەریان بەسەر ئەزمونی بازاڕی کار، سیستەمی کارگێڕی، بەهەدەرچوونی بودجە، لاسەنگبوونی پرۆسەی تەعلیم و رەفتاری هێزی کاری بەرهەمهێن هەبووە.
ناکرێ سلفەی زەواج، بەبێ رەچاوکردنی دەرهاویشتەکانی قۆناغی خێزاندارێتی هەمووی بەکارێکی باش بدەینە قەلەم، دەبوا د. بەرهەم بەر لە ئیتلاق کردنی سلفەی زەواج، سەرەتا بیری لەوە کردبایەوە کە ( گەنجەکان فێری ماسی گرتن بکا ، نەک فێری ماسی خواردن). بۆیە لەجیاتی سلفەی زەواج و بەرنامەی تواناسازی، دەبوا پێشتر هەزاران کادیری وەسەتی پیشەیی لە گەنجان بە تەکنیک و زانستی هاوچەرخ بۆ بازاڕی کار پێگەیاندبا، تا بتوانرێ بەهۆیانەوە چاکسازی لە سەرخان و ژێرخانی ئابووری بکرێ و هێزی کاری پیشەیی کوالیتی بەرز بەرهەمبهێنرێ و سەدان شوێنیش بۆ پڕکتیک هەبن، نەک بەفیڕۆدانی کات و سەرمایەکی زۆر بۆ هەزاران تێزی ماستەر و دکتۆرای تۆز لێ نیشتوو لە رەفەکان.
ئایا بە فعلی ئیدارەکەی د. بەرهەم ئیدارەیەکی رەشیدی، کرداری ئاوەدانیکار بووە؟ ئەگەر گوزەرێکی ئاسایی بە ئەرشیفی حکومەت لە ڕۆژگاری دەسەڵاتدارێتی ئەودا بکەین، بە ملیۆنان بەڵگە هەن دەیسەلمێنن حکومەتێکی تەژی لە کەموکوڕی هونەری، ئیداری و یاسایی بووە، کۆمەڵێ قەرز و گرفتی دارایشی بە میرات بۆ دوای خۆی جێهێشتوە.
یەکێ لە هۆکارەکان کە سندوقی قەرزی نێودەوڵەتی لە ٢٠١٨ ئامادەنەبوو قەرز بە عێراق بدات، ئەوەبوو لە درافتی وەرگرتنی قەرزەکەدا ئاماژە بە ( دامەزاراندنی فەرمانبەران ) کراوە، کە بەهۆی هەڵئاوسان لە ڕێژەی فەرمانبەراندا ئەمە لای ئەوان ڕێگاپێدراو نەبووە، بۆیە ناکرێ فەزڵی تەخشان و پەخشانی بودجەی گشتی بەهۆی فروانکردنێکی بێ بەرنامەی هەیکەلی حکومەت و دامەزراندنی هەڕەمەکی فەرمانبەرانەوە بکرێت بە دەستکەوت و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە کاربهێنرێ و بە پونتێکی ئیجابیش دابندرێ، چونکە ئەم هەڵە ئیداری و داراییەیانەی ئەو وای کردوە حکومەتەکانی دوای ئەو باجی گەورەی ئەو قەبەکردنە لە پەیکەری حکومەت بدەن.
ڕۆلی تەخشان و پەخشانی ئەو بودجە موفتە
ڕیکلامەکانیان (خەیاڵی هێلکە فرۆش)یان لای دەنگدەرانیان دروست کردوە، ئەگەر هاوڵاتیەک بەو هیوایەبێ لە کاتی سەرکەوتنی ئەو لیستە، کە قەرسیلیان بۆ دەهێننە چۆکان، وەک جاران بە لیستی درێژ خەڵک دادەمەزرێنن و دەرگای خوێندنی باڵاش لەسەر پشت دەکەنەوە، دەبێ ئەوە لای هەمووان روون بێ ئەم هەڵبژاردنە بۆ بەغدایە، نەک پەرلەمانی کوردستان، هەروەها پێشی ئەوانیش حزبی تریش هەبوون بە لێدانی هەمان قەوان، لە یەکێتی جیابوونەوە، کورسی زۆریشیان هێنا و لە هەرێم بەشداری دەسەڵاتیش بوون، دواتر بینیمان کابانی ماڵ هەر بێ مووچە بوون.
حازر خۆری و هاتنەسەر خەرمانی سوورەوەکراو نابێ بکرێ بەدەستکەوت و فشەی ئینتخابی، راستە کردار شەرتە، بەڵام کام کردار؟

کام کردار؟
ئایا ئەو کردارانە کامەن تا منی هاوڵاتی شانازی بەخۆم و حکومەتی ئاوەدانی د. بەرهەم بکەم؟ هێڵی ترامواکانی ناوخۆی شارەکان یان هێڵی شەمەندەفەری نێوان هەولێر، سلێمانی، کەرکوک و دهۆک؟ یان خەم لە زۆربوونی کارەساتەکانی ڕێگاوبان بەهۆی ئەو ئاسانکاریانەی کە بۆ بازرگانانی ئۆتۆمبێڵ لە ڕۆژگاری ئەو لە هەرێمدا کراون بخۆم؟
ئایا سەرجەم شۆستەکانی شار لە رۆژگاری ئەو کران بە مەڕمەڕ و شەقامەکان بە هێڵی زێبرا و سپی چنران، ڕێگا سەرەکیەکانیش کرانە جووت سایت و سیستەمی خوێندن لەسەردەستی وەزیرەکەیدا چاکسازی تیاداکرا و پاشان بە میرات بۆ حکومەتەکانی دوای خۆی بەجێ هێشتران؟
بەبێ رەچاوکردنی ماستەرپلان، بە ناوی وەبەرهێنان و رازیکردنی هەندێ کەس، شارەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی وا فراوان بوون، تا ئەو رادەیەی پێویستمان بە سەدان قوتابخانە و بنکەی پزیشکی و پۆلیس و تۆڕی ڕێگاوبان و ملیۆنان محاویلەی کارەبا بێ، کە دەبوا (حاکمی ئاوەدانی؟؟؟!!!) لە قۆناغی دیموکراتیدا زیاتر گرنگی بە فراوانی شاری ستونی بدات، بەڵام لە سایەی ئەو بێ پلانیەی فراوانبوونی شارەکان زەویەکی زۆر کشتوکاڵی بەپیتیشمان بە هەدەرچوون، ئەرکە داراییەکانی حکومەتیش ئەوەندە قوڕس بوون، بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی بەدیل بۆ قەرەبۆی زیادکردنی ئەم ئەرکە داراییانە پەیدابکات.
ئەمانە لەگەڵ هاتنە پێشەوەی شەری تیرۆرستان و دابەزینی نرخی نەوت، بوونە هاندەرێ بۆ زیادبوونی گلەیی هاوڵاتیان لە حکومەت، خۆشیان بۆ مەرامی تایبەتی هەمیشە لە یەکێتی و حکومەت کەوتنە گلەیی و گازاندە، لە ئێستادا و لە ڕێگای بایۆمەتری و بەرنامەی خزمەتەوە کاک قوبادی نوێنەری یەکێتی لە حکومەتدا وا خەریکە ئەو شەبەقانە پینەدەکات کە حکومەتی ئاوەدانی؟؟!! بەهۆی (تەبزیرەوە) لە جەستەی حکومەت کردبوویان، ئەمانەش بەڵگەن تاهیمەت و شکۆی مامجەلال لە بەغدا بزوێنەری ژیانی سیاسی و ئابووری بوو، گیرفانی حکومەت و میللەت لە هەرێم پڕبوو، نەک بە فەزڵی کەسانی تر بووبێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومەر شێخمووس:لە رۆژئاڤا كورد كارتی گرنگی سیاسی لەبەردەستە

عومەر شێخمووس سیاسەتمەدار و كەسایەتیی سەربەخۆی رۆژئاڤای كوردستان رایگەیاند: لە ...