سەرەکی » ئاراستە » راگه‌یاندنی‌ نوێ‌و گۆڕانكاریی سیاسی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ شۆڕشه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا

راگه‌یاندنی‌ نوێ‌و گۆڕانكاریی سیاسی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ شۆڕشه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا

المرصد العربی‌ للصحافه‌

كۆت‌و به‌ندی‌ كۆن‌و باوی‌ سه‌پێندراوی‌ سه‌ر راگه‌یاندن، هاووڵاتیانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ وا لێ كردووه‌ به‌ دوای‌ كه‌ناڵی‌ نوێدا بگه‌ڕێن بۆ په‌یوه‌ندی‌ كردن‌و به‌ره‌و جیهانی‌ گریمانه‌كراو هه‌ڵبێن. به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بزوتنه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌كان ماڵپه‌ڕ‌و پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان به‌كار هێناوه‌ بۆ بانگه‌شه‌‌و كۆ كردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌‌و دروست كردنی‌ خۆپیشاندان له‌ جیهانی‌ واقیعیدا، به‌ڵام جگه‌ له‌مانه‌ هه‌ندێك هۆكاری‌ تریش هه‌یه‌ له‌ پشت روخانی‌ رژێمه‌ عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌ د. یه‌قزان ئه‌لته‌قی‌ توێژه‌ر‌و رۆژنامه‌نووسی‌ لوبنانی‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا به‌ ناوی‌ (راگه‌یاندن‌و جیهانگیریی‌و دیموكراسی) باسی‌ ده‌كات‌و تیایدا جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ رۆڵی‌ گرنگی‌ هه‌یه‌ له‌ به‌هێز كردنی‌ ئازادی‌‌و دیموكراسی له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا به‌ گشتی‌‌و به‌ تایبه‌تیش له‌و وڵاتانه‌دا كه‌ شۆڕشیان تێدا روو ده‌دات. هه‌موو مه‌سه‌له‌كه‌ش له‌وێوه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، كاتێك هاووڵاتیاتی‌ پانتاییه‌ك ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ ده‌بڕینی‌ رای‌ خۆی‌، ئیتر كۆنترۆڵ كردن‌و سه‌پاندن‌و چه‌پاندنی‌ ده‌سه‌ڵات ره‌ت ده‌كاته‌وه‌. رۆژنانه‌گه‌ری‌ هاووڵاتی‌ له‌و كاته‌وه‌ گه‌شه‌ی‌ كرد، كه‌ هاووڵاتیان روویان كرده‌ راگه‌یاندنێكی‌ جێگره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئازادانه‌ رای‌ خۆیان ده‌ربڕن‌و باسی‌ بارودۆخی‌ ژیانی‌ خۆیان بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ حكومه‌ته‌كان‌و خاوه‌نكاره‌ زه‌نگینه‌كان له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئامرازه‌ باوه‌كانی‌ راگه‌یاندنیان قۆرغ كردووه‌.
هه‌ر له‌و كتێبه‌دا نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پانتایی‌و ده‌رفه‌ته‌ نوێیه‌دا كه‌ بۆ هاووڵاتیان ره‌خساوه‌، ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش ده‌توانن چاودێری‌ هاووڵاتیان بكه‌ن‌و ته‌نانه‌ت هێرشیش بكه‌نه‌ سه‌ریان. به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌وێوه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵدا، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك له‌ رێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ سه‌ركوتكارییه‌كانی‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بییان ئاشكرا كرد، به‌ڵام ئه‌و حكومه‌تانه‌ی‌ به‌ دڵیان نه‌بوو، هه‌وڵیان دا رێگرییان لێ بكه‌ن‌و كۆسپیان بۆ دروست بكه‌ن له‌ رێگه‌ی‌ هاك كردنی‌ په‌یج‌و سایته‌كانیانه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ ته‌نها ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بوێر بوون‌و رووداوه‌كانی‌ شه‌قامی‌ عه‌ره‌بییان ده‌گواسته‌وه‌‌و ئابڕوچوونه‌ سیاسییه‌كانیان ئاشكرا ده‌كرد. نموونه‌یه‌ك له‌و رێگرییانه‌ له‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ 26ی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ 2011دا رژێمی‌ میسر ئه‌وه‌ندی‌ بۆی‌ كرا خێرایی ئینته‌رنێت‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ مۆبایلی‌ كه‌م كرده‌وه‌.
د. یه‌قزان باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ نه‌یاره‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات به‌هۆی‌ فراوانبوونی‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ توانیان ده‌نگی‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ جیهان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و كه‌ناڵه‌ ئاسمانیانه‌ی‌ تا راده‌یه‌ك گرنگی‌ ده‌ده‌ن به‌ دیموكراسی‌‌و رای‌ پێچه‌وانه‌ش بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، پێشوازییان له‌و نه‌یارانه‌ كرد‌و راو بۆچوونیانی‌ بڵاو كرده‌وه‌.
نووسه‌ر له‌و كتێبه‌دا ده‌ڵێ: ئینته‌رنێت دیارده‌ی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌‌و مه‌ترسیدارترین حزبه‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ بیست‌و یه‌كه‌مدا، راگه‌یاندنی‌ نوێ بارودۆخی له‌بار‌و ره‌خساوی‌ ته‌كنۆلۆژیا سه‌پاندویه‌تی‌، له‌گه‌ڵ خواستی‌ گۆڕین‌و چاكسازی له‌ رژێمه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا زه‌مینه‌یان خۆش كردووه‌، به‌ڵام ئه‌م راگه‌یاندنه‌ نوێیه‌ ناتوانێ كۆتایی به‌ دیكتاتۆرییه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بهێنێت. به‌ڵكو ده‌كرێ ئه‌م راگه‌یاندن به‌سوود بێت له‌ دروست كردنی‌ هه‌ندێك گۆڕانكاری‌ دیموكراسی‌ ئه‌گه‌ر به‌ رووكه‌شیش بێت، چونكه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ یارمه‌تی‌ لۆجستی‌ پێشكه‌شی‌ شۆڕشه‌كان بكات‌و هه‌ر جۆره‌ سه‌ركوت كردن‌و داپڵۆسینێكی‌ حكومه‌ته‌كان ئاشكرا بكات.
ئه‌و پسپۆڕه‌ی‌ بواری‌ راگه‌یاندن پرسیاری‌ ئه‌وه‌ ده‌وروژێنێت، داخۆ ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئینته‌رنێتیان هه‌یه‌‌و توانای‌ به‌كارهێنانی‌ سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان هه‌یه‌ ده‌بێ چه‌ند بێت به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ژماره‌ی‌ خۆپیشانده‌ران له‌ میسر‌و تونس‌و یه‌مه‌ن؟ ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كرانه‌وه‌ی‌ سیاسییه‌كان به‌ رووی‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندندا وای‌ كردووه‌ نه‌توانن خۆیان له‌ لێپێچینه‌وه‌ بدزنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆڵی‌ جه‌ماوه‌ر له‌ چاودێری‌ كردنی‌ ره‌فتاری‌ حكومه‌ته‌كان‌و خراپ به‌كارهێنانی‌ ده‌سه‌ڵاتدا زیاتر ده‌بێت.
به‌و پێیه‌ی‌ راگه‌یاندن ده‌سه‌ڵاتی‌ چواره‌مه‌، ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندن ته‌نها به‌ گواستنه‌وه‌‌و گه‌یاندنی‌ زانیارییه‌كانه‌وه‌ ناوه‌ستێ، به‌ڵكو ئاسانكاریش بۆ پرۆسه‌ی‌ گه‌یاندن ده‌كات له‌ كاتی‌ ململانێ‌و قه‌یرانه‌كاندا. ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندن دوای‌ هه‌ڵقوڵانی‌ خێرای‌ لێشاوی‌ زانیارییه‌كان هه‌وڵی‌ دا به‌شداری‌ كردنی‌ جه‌ماوه‌ر له‌ دروست كردنی‌ بابه‌ته‌ میدیاییه‌كاندا مسۆگه‌ر بكات، كه‌واته‌ جه‌ماوه‌ر له‌مه‌ودوا ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ نییه‌ كه‌ بابه‌تی‌ میدیایی‌و راگه‌یاندنی‌ له‌سه‌ر دروست ده‌كرێت، به‌ڵكو خۆیشی‌ بابه‌تی‌ میدیایی دروست ده‌كات.
سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ نوێ له‌ كاتی‌ شۆڕشه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بیدا رۆڵی‌ هه‌بووه‌‌و توانی‌ پاشه‌كشه‌ به‌ راگه‌یاندنی‌ كۆن بكات‌و ناچاری‌ بكات به‌ رۆڵی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌‌و هه‌ندێك رژێمی‌ عه‌ره‌بیشی‌ ناچاری‌ گۆڕانكاریی كرد، به‌ڵام نووسه‌ر ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م شۆڕشانه‌ به‌ شۆڕشی‌ فه‌یسبووك وه‌سف بكات، ئه‌و پێی‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر وا بكرێت، وه‌سفێكی‌ خراپ بۆ دۆخه‌كه‌ كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش یه‌كه‌ جار كه‌ په‌نا بۆ سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان برا له‌ بزوتنه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌كاندا، 16ی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ 2001 بوو، ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ جۆزێف ئیسترادا-ی‌ سه‌رۆكی‌ فلپین كورسی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێهێشت.
له‌ كۆتاییدا ده‌كرێ بڵێین، ته‌كنۆلۆژیا هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ رووی‌ دا نه‌بوو، به‌ڵكو واقیعی‌ گه‌لانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ بوو بزوتنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایی دروست كرد، له‌ بیكاری‌‌و گرانیی‌و گوزه‌رانی‌ خراپ، به‌ڵام ته‌كۆنۆلۆژیاش رۆڵی‌ به‌رچاویشی‌ هه‌بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قازانقایه‌..قه‌ڵایه‌كی‌ قایمی‌ قاره‌مانێتیی‌

م. عه‌لی هه‌میشه‌ لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی ...