سەرەکی » دۆسێ » ئیسرائیل بۆ ئەسەد: ئێرانییەكان دەربكە

ئەگەری جەنگ هەیە

ئیسرائیل بۆ ئەسەد: ئێرانییەكان دەربكە

ئەفیگدۆر لیبرمان وەزیری بەرگری ئیسرائیل، داوا لە سەرۆكی سوریا دەكات، كۆتایی بە بوونی سەربازیی ئێران بهێنێت لە وڵاتەكەی، ئەمەش لە كاتێكدا ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی لەنێو سوریادا ئەنجامدا كە بە گوتەی خۆی پێگەكانی ئێرانی لەنێو وڵاتەكەدا كردۆتەوە ئامانج.
لە یەكەم كاردانەوەی تاران لەدوای هێرشەكان، ئێران «دەستدرێژییەكانی» بە پێشێلكاریی بۆسەر سەروەری خاكی سوریا لەقەڵەمدا و رایگەیاندبوو كە بە مافی خۆی دادەنێت، بەرگری لە خۆی بكات.
هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل، بە توندترین هێرشی لەو جۆرە لەنێو سوریادا دادەنرێن.
لەم ماوەیەی دواییدا، ئیسرائیل لە وەڵامی هەڵدانی 20 موشەك بەرەو پێگەكانی سوپای ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلان، زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی لە دژی «پێگە سەربازییەكانی ئێران» لەنێو سوریادا ئەنجامدا.
ئیسرائیل لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، موشەكەكان لەلایەن دوو فڕۆكەی جەنگی ئێرانییەوە هەڵدرابوون، لەبەرانبەردا ئێران نە تەئكیدی لەسەر لێدوانەكەی ئیسرائیل كردبۆوە و نە رەتیشكردبۆوە، بەڵام رایگەیاندبوو كە هێرشەكانی ئیسرائیل «بە بیانووی نادروست و بێ‌ بنەما ئەنجامدران».
ئێران سەدان سەربازی بە ناوی راوێژكاری سەربازییەوە بۆ سوپا لە وڵاتەكەدا بڵاوەپێكردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران چەكدار (كە لەلایەن ئێرانەوە پڕچەك دەكرێن و مەشقییان پێدەكرێت و كۆمەك دەكرێن)،شان بەشانی هێزەكانی سوپای سوریا لە دژی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن شەڕ دەكەن.
لە 10ی ئایاری 2018، ئیسرائیل رایگەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی، هەموو ژێرخانی سەربازیی تایبەت بە ئێرانیان لە سوریادا كردۆتە ئامانج (نزیكەی 70 ئامانج)- ئەوەش بە گەورەترین هێرشی لەو جۆرەی ئیسرائیل لە ساڵی 2011وە لە سوریادا دادەنرێت.
وێڕای ئەوەی ئێران و سوریا دوو دووژمنی سەرسەختی یەكترن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە لە مێژووی خۆیاندا تائێستا بەشێوەیەكی راستەوخۆ رووبەڕووی یەكتر نەبوونەتەوە.
وەڵامدانەوەی ئێران
تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەوە بڵاویكردەوە»ئێران بە توندی هێرشان لە سوریا ئیدانە دەكات. بێدەنگی كۆمەڵی نێودەوڵەتی هاندەرە بۆ دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل. سوریا تەواوی مافی خۆیەتی بەگری لە خۆی بكات».
قاسمی دەڵێت»ئیسرائیل بیانووی بێ‌ بنەما بۆ گەیشتن بە پێشێلكارییەكانی بۆ سەروەری خاكی سوریا بەكاردەهێنێت كە دژ بە هەموو بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكانە».
ئەو بەرپرسە ئێرانیە، ئاماژەی بە بوونی ئێرانی نەكردبوو لە سوریا.
قاسمی دەڵێت»هێرشەكان هەوڵێك بوون لەلایەن پشتیوانكارە نێودەوڵەتییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە لەدژی حكومەتەكەی سەرۆك بەشار ئەسەد شەڕ دەكات، ئەوەش دوای ئەو شكستە یەك لەدوا یەكانەی دووچاری هات و دوای ئەو گوزرە كوشندانەی لەم ماوەیەی دواییدا بەری كەوت».
لەماوەی ساڵی رابردوودا، حكومەتی سوریا كە لەلایەن ئێران و سوریاوە پشتوانی دەكرێت، دەستكەوتی گەورەی لە رووبەڕبوونەوەی گروپەكانی ئۆپۆزسیۆندا بەدەستهێنا.

ئیسرائیل چی دەڵێت؟
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە 10ی ئایاری 2018 رایگەیاندبوو»ئێران هێڵی سوری تێپەڕاندووە»، جموجۆڵەكانی ئیسرائیلیش وەك «سزایەك» بوو بۆ ئەو وڵاتە.
بە وتەی نەتانیاهۆ»رێگە نادەین ئێران جێ‌ پێی خۆی لە سوریادا قایم بكات. بەڵام ئەگەر سوپای سوریا كەوتە جموجۆڵ لە دژی ئێمە، ئەوا ئێمە رووبەڕووی دەبینەوە».
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت»ئەوەی زیانمان پێبكەیەنێت، ئەوا حەوت قات زیانی پێدەگەیەنین، ئەوەی خۆی بۆ زیانگەیاندن بە ئێمە ئامادە بكات، ئەوە بەر لەوە ئێمە دەستپێشخەری دەكەین و گورزی خۆمانی لێدەوەشێنین».
لە میانی سەردانەكەیشی بۆ جۆلان، ئەفیگدۆر لیبرمان وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە لێدوانێكیدا رووی دەمی كردە سەرۆكی سوریای و پێی راگەیاند كە «ئێرانییەكان دەربكات»، چونكە بە وتەی ئەو «تەنیا زیانی پێدەگەیەنن».
چی لە جۆلان روودەدات؟
سوپای دەڵێت، هێزەكانی «فەیلەقی قودس»ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لەڕێی 20 موشەكەوە لە 10ی ئایاری 2018، پێگە شەربازییەكانی هێڵی پێشەوەی سوپای ئیسرائیلی كردۆتە ئامانج.
«سیستمی (گومەزی ئاسنین)ی بەگری ئاسمانی ئیسرائیل چوار موشەكی خستۆتە خوارەوە، 16 موشەكەكەی تر بەر لە گەیشتنیان بە ئامانج خراونەتە خوارەوە»، ئەمەش بە گوتەی سوپای ئیسرائیل. هیچ راگەیەندراوێك لەبارەی زەرەر و زیانەكان بڵاونەكرایەوە.
سوپای ئیسرائیل، وێنەی ئەو پێگانەی بڵاوكردەوە كە لەنێو خاكی سوریادا بۆردومانی كردبوون و لەڕێی مانگە دەستكردەكانەوە گیرابوون.
ئیسرائیل لە ساڵی 1967دا بەرزاییەكانی جۆلانی داگیركرد و دواتر لە هەنگاوێكدا كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو نەبوو، ئەو ناوچەی لكاند بە وڵاتەكەیەوە.
مەبەستی ئیسرائیل لە هێرشەكانی ئەم دواییە
گومانی تێدا نییە، پاشەكشەكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، هێندەی تر تەنگژەكانی لە ناوچەكەدا زیاتر كرد. نەتانیاهۆ لەنێوان ئەوانەدا بوو كە ترەمپی هاندەدا لەو رێكەوتنە پاشەكشە بكات.
ئێران بەتەواوەتی ئیسرائیل بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دادەنێت، چەند جارێكیش بانگەشەی لەناوبردنی دەوڵەتی جولەكەی كردووە.
نیگەرانییەكان بەهۆی پشتیوانی سەربازیی ئێران بۆ حكومەتی سوریا زیادی كردووە. نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، سوپای پاسدارانی ئێران چەكی پەرەسەندووی بۆ سوریا گواستۆتەوە، موشەكەكانی زەوی بە زەوی و سەكۆی موشەكە دژ بە فڕۆكەكان، دەكرێت ببنە مایەی هەڕەشە بۆسەر فڕۆكەكانی ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل لەپاش ئەو هێرشانەی لەدژی دامەزراوە ئێرانییەكان لە سوریا ئەنجامیدا، چاوەڕوانی هێرشی دەكرد لەلایەن ئێرانەوە.
لە یەكێك لە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر پێگەیەكی سەربازی ئێرانی لە سوریا، حەوت سەربازی ئێرانی كوژران.
دوژمنایەتی نێوان ئیسرائیل و ئێران
دوژمنایەتی و تەنگژەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە مێژوویەكی دووردرێژییان هەیە، بەڵام دوای ئەوەی ئێران بوونی سەربازی خۆی لە سوریا فراوانكرد كە وڵاتێكی هاوسنورە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو دوژمنایەتی و تەنگژانە زیاتر چڕبوونەوە.
ئێران بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بە چەك كۆمەكی حزبوڵڵای لوبنانی دەكات.
سەرباری ئەوەش ئیسرائیل ئێران بە رەوانەكردنی چەك بۆ مقاوەمەی فەلەستینی تۆمەتبار دەكات.
نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ ماوەیەكی زۆر دەچێت بەڵێنیداوە، رێگە لە پتەوبوونی سەربازیی ئێران لە سوریادا بگرێت.
ئیسرائیل لە مانگی نیسانی رابردوودا، لەنێو سوریادا پێگەیەكی سەربازیی بۆردومان كرد و لە بۆردومانەكەدا ژمارەیەك ئێرانی كوژران.
دوابەدوای ئەوەش لە مانگی ئایاردا، ئێرانییەكان چەند پێگەیەكی سەربازی سوپای ئیسرائیلیان لە بەرزاییەكانی جۆلان كردە ئامانج، بەڵام قەبارەی زەرەر و زیانەكانی ئەو هێرشە ئاشكرا نەكرا.
دوابەدوای ئەوەش ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی لەنێو خاكی سوریا «لەدژی پێگە سەربازییەكانی ئێران» ئەنجامدا، ئەو هێرشانەش هێندەی تر ئەگەری جەنگ و رووبەڕبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆی نێوان ئەو دوو وڵاتەی لەنێو خاكی سوریادا هێنایەئارا.
ترسی وەڵامدانەوەی ئێران
ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە، لە بەرانبەر هێرشەكانی بۆسەر «پێگە سەربازییەكانی ئێران لە سوریا»، لەلایەن تارانەوە وەڵام بدرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هێزێكی زۆری لە بەرزانییەكانی جۆلان مۆڵ دەدات.
ئیسرائیل لەئێستادا ژمارەیەكی زۆر تانك و زریپۆشی لە بەرزاییەكانی جۆلان كۆكردۆتەوە و ترسی ئەوەی هەیە، لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئێران لە سوریاوە هێرش بكرێتەری.
ئەم گومان و نیگەرانیانەی تەلئەبیب لەكاتێكدایە كە پێشتر بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بە بوونی چالاكی ئەتۆمی ئێران كردبوو، داوایشی لە ولایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی تری بەشدار لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە كردبوو، «پێشێلكارییەكانی ئێران لەو رووەوە رەچاو بكەن».
ولایەتە یەكگرتووەكان، لە هەفتەی رابردوودا پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا راگەیاند، بەڵام وڵاتانی ئەوروپایی، پابەندبوونی خۆیان بە رێكەوتنەكەوە دووپاتكردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پاشەكشەكردنی ئەمریكا بارگرانییەكی گەورە لەسەر ئێران دروست دەكات و رەنگە لە ئایندەیەكی نزیكدا كاریگەرییەكانی دەربكەوێت.
ئیسرائیل لەپێش هەموو ئەو وڵاتانەوە بوو كە ئەمریكایان هاندەدا لەنێو رێكەوتنە ئەتۆمییەكەدا نەمێنێت، پەرەسەندنی موشەكە بالیستییەكانی وڵاتەكەیشی بە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر دەوڵەتی عیبری و تێكڕای ناوچەكە دادەنا، وێڕای ئەوەش پێیوایە ئێران لەڕێی فراوانكردنی هەژموونی خۆیەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست»نەك تەنیا دەوڵەتەكەیان، بگرە دەیەوێت 6 ملیۆن جولەكەی تر، هاوشێوەی نازییەكان لەناوببات».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...