سەرەکی » راپۆرت » بارمتەکانی سەددام ئەو ڕۆژانەیان لە بیر نەکردوون

بارمتەکانی سەددام ئەو ڕۆژانەیان لە بیر نەکردوون

لە پاییزی ساڵی ٢٠١٧دا، دوو زانستگەی جاپانی (ژاپۆنی) بانگهێشتنی شاعیر و ئەکادێمیکاری کورد (فەرهاد شاکەلی)یان کرد بۆ سەردانی جاپان و پێشکەشکردنی دوو ئاخاوتن لەبارەی مەسەلەی کوردەوە. هەروەها بۆ ئێوارەیەکی ئەدەبی بۆ ناساندنی فەرهەنگی کوردی و خوێندنەوەی چەند شیعرێکی خۆی بە زمانی کوردی و تەرجەمەی شیعرەکان بە زمانی جاپانی. زانستگەکان، یەکەمیان زانستگەی تۆکیۆ بوو، ئینستیتووتی لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو لەبارەی ئاسیاوە. دووەمیشیان زانستگەی (سەکرێد هارت)، ئینستیتووتی ئابووریی گەشەکردوو. لە ماوەی ئەو دە ڕۆژەی سەردانەکەی جاپاندا (٢٦ی ئەیلوول تا ٧ی ئۆکتۆبەر)، فەرهاد شاکەلی چاوی بە دەیان نووسەر و ئەکادێمیکار و سیاسەتمەداری ئەو وڵاتە کەوت. هەروەها بێجگە لە شاری تۆکیۆی پێتەخت سەری لە شارەکانی هیرۆشیما و کاماکوورایش دا. یەکێک لەو کەسانەی لە سێمینارەکەی شاکەلیدا ئامادە بوون ڕیووزۆ ئیکێدا، نووسەری ئەم کتێبە بوو، کە دانەیەکی لە کتێبەکەی پێشکەشی کرد.
کوردستانی نوێ لە ڕێگەی شاکەلییەوە داوای لە ئیکێدای نووسەر کرد کە ناساندنێکی کتێبەکەی بە زمانی ئینگلیزی بۆ ڕۆژنامەکەمان ئامادە بکات، ئەویش هاوڕێیەکی خۆی ڕاسپارد ئەم نووسینە ئامادە بکات، کە لێرەدا تەرجەمە کوردییەکەی بڵاو دەکرێتەوە.

کوردستانی نوێ

ڕیووزۆ ئیکێدا: میوانی سەددام؛ زرێی مرۆیانە، ١٢٠ ڕۆژ لە جەنگی کەنداودا، پەخشخانەی سینچۆشا، جاپان ٢٠١٧، ٣٢٥ لاپەڕە.

لە ئینگلیزییەوە: ش. زریان

ئەم کتێبە بە زمانی جاپانی نووسراوە و بە داخەوە، ئەگەرچی بەڵگەنامەیەکی گرنگی شەڕی کەنداوە، تا ئێستا تەرجەمەی هیچ زمانێک نەکراوە. لە سەردەمی کێشەی کەنداودا، کە جەنگی کەنداوی بە دوودا هات، نووسەر و ماڵ و منداڵەکەی لە لایەن هێزەکانی عیراقەوە، کە ڕۆژی ٢ی ئابی ١٩٩٠کووەیتیان داگیر کرد، وەک بارمتە گیران و گوێزرانەوە بۆ بەغدا. سەرۆکی عیراق سەددام حوسەین بەمانەی دەگوت میوانەکانی سەددام، بەڵام ڕاستییەکەی وەک زرێیەکی مرۆڤانە بە کار دەهێنران و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرا. ئەم بارمتانە کە لە نەتەوەی جۆراوجۆر پێک هاتبوون، ژمارەیان لە ٤٠٠٠ (چوارهەزار) کەس زیاتر بوو، بەشێکیان لە عیراق دانرابوون و بەشێکیشیان لە کووەیت.
ناوەڕۆکی ئەم کتێبە تۆماری ژیانی ماڵ و منداڵی نووسەرە لە ماوەی ئەو قەیرانەدا و گێڕانەوەی ئەو ڕۆژە تاڵ و ناخۆشانەیە کە لە کووەیت وەک بارمتە و لە عیراق وەک زرێی مرۆڤانە بەسەریان بردن. هەروەها باسی ئەوەیش دەکات کە حکوومەتی وڵاتەکەی خۆیان چیی بۆ کردن، یا نەکردن، بۆ ڕزگارکردنی ئەو هاووڵاتانەی خۆی کە لە وڵاتێکی بێگانەدا وەک بارمتە گیرابوون و دەستبەسەر بوون.

پێڕستی بابەتەکانی کتێبەکە:
•شتێکی نائاسایی، ساڵی ١٩٩٠.
•چەند ڕۆژی پێش مۆتەکە
•عیراقییەکان کووەیتیان داگیر کرد
•ژێرزەوینی پەنابەران لە سەفارەتخانەی جاپان لە کووەیت
•فێڵ و خەڵەتاندن بۆ بردنمان لە کووەیتەوە بۆ عیراق
•دیداری سەددام حوسەین
•سەددام حوسەین رێگەی دام قسە بکەم و وەڵامی دامەوە
•خێزانێکی دابەشبوو لەنێوان عیراق و جاپاندا
•ڕۆژانی تەنیایی وەک زرێی مرۆیی لە عیراق و دوور لە ماڵ و منداڵەکەم
•ڕزگاربوون و گەڕانەوە بۆ جاپان و یەکگرتنەوە لەگەڵ ماڵ و منداڵەکەمدا
•گەڕانەوە بۆ کووەیت دوای شەڕی کەنداو بۆ بەدەستهێنانەوەی بیرەوەرییەکان
لە دەرفەتێکدا وا ڕێک کەوت کە نووسەر لە باڵەخانەی تەلەڤیزیۆنی بەغدا چاوی بە سەرۆکی عیراق سەددام حوسەین بکەوێت. ڕووی لە سەرۆک کرد و پێی گوت کە من هەندێ بابەتم هەبوون دەمویست لەگەڵ بەڕێزتان باسیان بکەم. سەددام ئاماژەی بۆ نووسەر کرد و بە کامیرامانەکەی گوت کە ڕووی لێ بکات. نووسەر ئەم پرسیار و داوایانەی لە سەرۆک کرد:
«مەرجەکانی ئێوە چین بۆ دامەزراندنەوەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟»
«ئایا دەتوانین بچینە ناو پەناگاکەوە لە جێگەی ستراتێژی، واتە ئۆردووگاکە، ئەگەر شەڕ ڕوو بدات؟»
«تکایە پزیشک بنێرە بۆ جێگاکەمان بۆ بینینی ژن و منداڵانی نەخۆشمان»

بۆ ناساندنی ئەم کتێبە، سەفیری پێشووی جاپان لە ئینگلستان، لە ماڵپەڕی ئامازۆندا بەم جۆرە باسی دەکات:
نووسەر ساڵانێک دوای دەرچوونی لە دەستبەسەریی ڕێژیمی سەددام حوسەین، ئەم کتێبەی نووسیوە. لێرەدا بێجگە لەوەی بیرەوەریی ئەو ڕۆژانە دەگێڕێتەوە، هەوڵی داوە هەندێ هەڵوێستی سیاسییش باس بکات، بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ئەوان لە چ هەلومەرجێکدا ژیاون.
هاوبەندییەکانی، ئەوانەی سەددام وەک بارمتە گرتبوونی و وەک زرێی مرۆیی بە کاری دەهێنان، ئەو بوێرییەی نووسەریان لە بیرە کە لە ناو ئەو هەموو خەڵکەدا، ئەو بوو کە بە بەرچاوی کامیراکانی تەلەڤیزیۆنەوە دەستی هەڵبڕی و ڕوو بە ڕووی سەددام قسەی کرد و داواکارییەکانی هەموو گیراوەکانی خستنە بەردەمی. هەر دوای ئەو قسەکردنەی لەگەڵ سەددام حوسەیندا، سەرۆکی عیراق چوار پزیشکی نارد بۆ جێگاکەیان. ئەو منداڵەی کە زۆر نەخۆش بوو چاک بووەوە، هەروەهایش ئەو خانمەی کە تووشی سکێشە بووبوو.


هەر لەو ماوەیەدا دەستی کرد بە وەرزش، بە تایبەت ڕێکردن، بۆ ئەوەی هێزی خۆیان بپارێزن. ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە سەرۆکوەزیرانی ئینگلستان مارگارێت تاتشەر و سەرۆکی ئەمەریکا بوش، هێرش دەکەنە سەر عیراق، ئەگەرچی هەزاران کەسی بارمتە، چ خەڵکی ئەو وڵاتانە و چ خەڵکی وڵاتانی دیکە لە عیراقدا هەبوون. دوای ڕزگاربوونی، باسی ئەو ئەزموونە تاڵەی بە تەوسەوە دەخستە چوارچێوەیەکی دیکەوە و دەیگوت بۆ کلینیکی لەشجوانی چووبووینە عیراق، بۆ ئەوەی تەندروستیمان باشتر بکەین. هەر لەم بوارەدا، نووسەر لە ماراتۆنێکدا بەشداریی کرد و ئەوەی پێشان دا کە چەندە سوودیان لە ماوەی دەستبەسەرییەکه‌یان وەرگرتووە.
ئەم کتێبە، لە لایەکی دیکەیشەوە، شایانی سەرنجدانە. نووسەر باسی خۆشەویستیی خۆی بەرانبەر هاوسەرەکەی و منداڵەکانی دەکات. لە جەژنی سەری ساڵدا منداڵەکانی بە دایکیان گوتبوو، بۆ دیاریی سەری ساڵی نوێ، دەمانەوێ باوکمان بگەڕێتەوە بۆ ناومان.
نووسەر لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە باسی هەڵوێستی حکوومەتی وڵاتەکەی خۆی دەکات، حکوومەتی جاپانی، لە کاتی ئەو کێشەیەدا. ڕاستییەکەی ئەم کێشەیە و بەم جۆرە، لە دوای جەنگی گێتیگری دووەمەوە، ئەمە یەکەمین ئەزموون بوو کە بەرۆکی حکوومەتی جاپانی دەگرت. ئەوان نەیاندەزانی چۆن بجووڵێنەوە. لەوەیە ئەمە ببێتە ئەزموونێکی وەها کە لە پاشەڕۆژدا بتوانن وردتر و بوێرانەتر هەڵوێست بنوێنن بۆ پاراستنی ژیان و گیانی هاووڵاتانی خۆیان. قەیرانی کەنداو و شەڕی کەنداو زەنگی هۆشیارکردنەوە بوون بۆ حکوومەتی جاپان، کە لە دوڕگەیەکی ئارام و ئاشتیدا ژیانیان بەسەر دەبرد. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمەی گەلی جاپان بە جیددی بیر لەوە بکەینەوە چۆن ژیانی خۆمان و چۆن وڵاتەکەمان بپارێزین.

ڕیووزۆ ئیکێدا کێیە؟
(١٩٥٢): لە ڕۆژاوای جاپان لە دایک بووە. (١٩٧٥): لە زانستگەی کۆبێ خوێندنی تەواو کردووە و ماستەری لە ئابووریدا وەرگرتووە. هەر لەو ساڵەدا لە کۆمپانیای سوومیتۆمۆ کۆرپۆرەیشندا دەستی بە کار کرد. (١٩٧٧): ژنی هێناوە و ئێستا سێ منداڵیان هەن؛ کچێک و دوو کوڕ. (١٩٨١): لە بەشی بازرگانیی نەوتی خاودا کارێکی تازەی دەست کەوت. (١٩٨٧): بە هۆی کارەکەیەوە خۆی و خێزانەکەی لە کووەیت نیشتەجێ بوون. (١٩٩٠): خۆی و ماڵ و منداڵەکەی لە لایەن سوپای عیراقەوە کە کووەیتی داگیر کرد، گیران و وەک بارمتە لە کووەیتەوە گوێزرانەوە بۆ عیراق و وەک زرێی مرۆڤانە لە ئۆردووگایەکی سوپای عیراقدا دەستبەسەر بوون. لەو ماوەیەدا هێنرانە بەردەم کامیرای تەلەڤیزیۆنی عیراقی بۆ ئەوەی بڵێن ئەمانە دەستبەسەر نین، بەڵکە میوانی سەددام حوسەینن. دوای ١٢٠ ڕۆژ ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ جاپان. (٢٠٠٢): کارێکی تازەی وەرگرت و بوو بە بەڕێوەبەری گشتیی لقی کۆمپانیاکە لە ڤییەتنام. (٢٠١٣) ماڵنشین کرا و ئێستا لە شاری تۆکیۆی پێتەختی جاپان دەژی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*