سەرەکی » راپۆرت » لە هەموو ئاستەكاندا تاوتوێی دۆخی عیراق دەكرێت

كوردیش تێیدا بەشدارە

لە هەموو ئاستەكاندا تاوتوێی دۆخی عیراق دەكرێت

لە هەموو ئاستەكاندا تاوتوێی دۆخی عیراق دەكرێت بۆ چارەسەری پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و دۆسێی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانەی كە لە ناوچەكانی باشووری عیراق و پارێزگا جیا جیاكاندا دروستبوون. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەك نوێنەرایەتییەكی كورد بەشدارن لەو گفتوگۆیانەی كە لەمبارەیەوە دەستیانپێكردووە. لەوانەش گفتوگۆیەك كە دوێنێ بەسەرپەرشتی د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار و ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی عیراق و نوێنەرانی یەكێتی و پارتی، لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، بەڕێوەچوو.

״جێبەجێكردنی داخوازیی كورد مەرجی رێكەوتنمانە״
دوای كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و لایەنە سیاسییەكان، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا وەك قوناغێكی نوێ سەیری عیراق كرا، خۆپیشاندانەكان و داواكاریی مەدەنی و رەوای خۆپیشاندەران و چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكان گفتوگۆیان لەسەر كرا. «بەشێوەیەكی گشتیش گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ كرا»، راشیگەیاند: پڕۆژەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پەسەند دەكرێت و ئەو لایەنەشی لە بەغدا داخوازییەكانمان جێبەجێ نەكات، رێكەوتنی لەگەڵ ناكەین.

جێبەجێكردنی دەستوور
لە چەند رۆژی رابردووشدا وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆبوونەوە بۆ ئەوەی بە یەك وەفد و پڕۆژەی تێروتەسەلەوە بچن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی بەغدا كە هەروەك مەلا بەختیار رایگەیاندووە «مەسەلە سەرەكییەكانی كورد دەگرێتە خۆی، بەتایبەتیش مادەی 140 و جێبەجێكردنی دەستوور»، بێگومان»جێبەجێكردنی دەستوور»، نەك گوڵبژێری لە دەستووردا. سەعدی ئەحمەد پیرەش ئاماژەی بەوەداوە «دەستەیەكی هەشت كەسی لە نێوان یەكێتی ‌و پارتی پێكهێنراوە بۆ داڕشتنەوەی بەرنامەی هاوبەشی كوردستانی بۆ بەغدا»، پێویستیشە لەپێشدا ئەو ناهاوسەنگییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە ‌و ئەو ناكۆكییەی لەسەر پرسی كەركوك هەیە چارەسەر بكرێن كە وایكردووە رۆڵی كورد لە ئاستی مەسەلەكانی عیراقدا وەك پێویست نەبێت.

نێچیرڤان بارزانی: شەراكەتی راستەقینە
دوێنێش نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمی كردنەوەی سەنتەری مەشق و پەرەپێدانی وەزارەتی كارەبای هەرێمدا، رایگەیاند: دووبارە داوا لە لایەنە كوردستانییەكان دەكەم كە تەبا و یەكڕیز بن و بە بەرنامەیەكی هاوبەشی كوردستانییانە بەشداریی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق بكەن. «ئامانجی سەرەكیمان بەدیهێنانی شەراكەتێكی راستەقینە لە عیراق و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانە‌».

مەلا بەختیار: پابەندبوونی تەواو و راستەقینە بە دەستوور
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیش رایگەیاند: بە یەك وەفد ‌و یەك پڕۆژەوە دەچینە بەغدا بۆ دانوستان.
مەلا بەختیار لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (ئاژانسی هەواڵی sng) عیراقی راشیگەیاند: دۆسێكانی جێبەجێكردنی دەستوور و شەراكەتی راستەقینە، كەركوك ‌و مادەی 140، پێشمەرگە، نەوت ‌و گاز، پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی مەدەنی، لە بنەما سەرەكییەكانی دانوستاندنمان دەبێت لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق. وتیشی: مادەی 140 لە گرنگترین مادەكانی دەستووری عیراقە بە لای كوردەوە، ناتوانرێ‌ هەموار بكرێتەوە. ئاماژەی بەوەشدا «حكومەتێكمان ناوێ‌ هەندێك مادەی دەستوور جێبەجێبكات ‌و هەندێك بخاتە لاوە و بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەستوور جێبەجێبكات، بەڵكو پابەندبوونی تەواو و راستەقینە بە دەستوور لە بنەما سەرەكییەكانی رێكەوتنمانە لەگەڵ هەر لایەنێكی عیراقی».

سەعدی پیرە: هاوسەنگی لە كوردستان
هەردوێنێ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ‌و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكان، لە میانی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لێپرسراو و ئەندامانی بەشەكانی پەیوەندییەكان، رایگەیاند: دەستەیەكی هەشت كەسی لە نێوان یەكێتی ‌و پارتی پێكهێنراوە بۆ داڕشتنەوەی بەرنامەی هاوبەشی كوردستانی بۆ بەغدا، هەروەها گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە كوردستان ‌و كاروبارەكانی حكومەت ‌و پرسی كەركوك. وتیشی: جارێكی تر رێگە نادەین سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران خۆی بەرنامەی حكومەت بنووسێ‌ ‌و لە ناوەڕاستی كابینەكەدا پەشیمان ببێتەوە، بەڵكو دەبێ‌ بەرنامەكە بە هاوبەشی لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكەدا، بنووسرێ‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*