سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » عومران خان لە گۆڕەپانەكانی یاری…

دەر و دراوسێ

عومران خان لە گۆڕەپانەكانی یاری…

عومران خان لە گۆڕەپانەكانی یاری كریكێتەوە بۆ سەرۆك وەزیرانی پاكستان

عومران خان ناوی تەواوی عەمران ئەحمەدخان نیازی لە 25 نۆڤەمبەری 1952 لە ولایەتی لاهوری پاكستان لە دایك بووە، باوكی ئەندازیاری شارستانی بووەو دواتر ئارەزووی وەرزشی هەبووە بووەتە یاری كەری(كریكێت ) نێودەوڵەتی تیپی نیشتمانی پاكستان .
ئێستا سەرۆكی بزوتنەوەی ئینساف ی پاكستانەوە لە ساڵی 2013ەوە ئەندامی كۆمەڵەی نیشتمانی پاكستانە تا 2018 ئەو تاكە كورسیەیە كە بزوتنەوەكەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتەدا بە دەستی هێنا لەگەڵ ئەمەشدا چالاكوانێكی دیارو بەتوانای كاری خێرخوازی بووە تا ڕادەی دامەزراندنی یەكەم نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەركردنی نەخۆشی كوشندەی شێرپەنجە لە وڵاتەكەیدا بە ناوی نەخۆشخانەی شەوكەت خاتووم كە بە ناوی دایكی یەوە ناونراوە .
ئەو بزوتنەوەیە كە لە ساڵی 1996 ەوە دایمەزراند بەناوی بزوتنەوەی ئینساف سەرەتا تەنها یەك كورسی كۆمەڵەی نیشتمانی بە دەستهێنا وەكو نوێنەری شاری میانۆ دواتر بە هۆی كاریگەرییەكانی بەهاری عەرەبیەوە گەشەی زیاتری كردوو توانی لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی 2018 لە هەردوو حزبە كۆن و فەرمانڕەواكانی پێشووی بباتەوە واتە حزبەكەی نەواز شەریف كە ئێستا لە زینداندایە بە تۆمەتی گەندەڵی و حزبەكەی بەنەزیر بۆتو كە ساڵانێكی درێژە حوكمڕانی پاكستانن و تۆمەتی گەورەی گەندەڵی و خراپ بە كار هێنانی دەسەڵاتیان لە سەرە .
عومران خان چی لە هەگبەكەیدایە بۆ گەلی ڕووت و ڕەجاڵ و هەژاری پاكستان ؟
ئەگەرچی عومران خان لە بنەماڵەیەكی ئۆرستۆكراتی وڵاتەكەیەتی و خوێندنی لە زانكۆی ئۆكسفۆردی شانشینی یەكگرتوو تەواو كردووە بەڵام لە یەكەم هەنگاویدا كۆمەڵێك هەنگاوی ناوە كە موژدەی خێرو خۆشی دەدەن بە گەلی پاكستانی داماو ئەگەر بەردەوام بێت و لە نیوەی ڕێگادا پاشگەز نەبێتەوەو خۆی ڕادەستی تاقم و باندە زل و زەبەلاحەكانی ماڤیا ی ولاتەكەی نەكات .
سەرەتا هەر لە دوای سوێند خواردنی وەكو سەرۆكوەزیران لە نووسینگەكەی خۆیەوە دەستیپێكرد بڕیاری دا لە خانوویەكدا بژێت كە لە سێ‌ ژوور پێكهاتووە لە جێ‌ی ئەو كۆشكە زەبەلاحەی كە بۆ سەرۆكوەزیران تەرخان كرابوو بڕیاری دا بیكاتە مۆزەخانە و هەروەها بڕیاری دا لە كۆی 524 كەس لە خزمەتكارو دەستو پێ‌ و تەنها دووكەس بهێڵێتەوەبۆ كاروباری ماڵە بچكۆلەكەی كە 3 ژوورە هەروەها فرۆشتنی ئەو ڕەتڵە ئۆتومبیلە گران و دژ بە گولانەی كە بۆ سەرۆك وەزیران تەرخان كرابوو گێڕانەوەی پارەكەی بۆ گەنجینەی دەوڵەت .
هەروەها عومران خان لە یەكەم وتاریدا بۆ خەڵكی وڵاتەكەی و بە تایبەتی بۆ خاوەنكارو دەوڵەمەندەكان داوای لێكردنن كە هەموویان باجەكانیان كە لە سەریانە بیدەن بە دەوڵەت و پێی وتن من لە ئۆفیسەكەی خۆمەوە دەستم پێكردووە دەبێت ڕووبەڕووی هەژاری و قەرزاری ببینەوە هەروەها وتی دەمەوێت پاكستانێكی نوێ‌ ببینم لە ڕێگەی سەرلەنوێ‌ دامەزراندنەوەی پاكستان لە ڕێگەی جێبەجێ‌ كردنی سیستمێكی ئیسلامی چاودێر كۆمەڵایەتی كە بەربەستێك بۆ هەژاری و نەبوونی دابنێت هەروەها كەمكردنەوەو پووكانەوەی قەرزارییەكان هەروەها وتی دابو نەرێتێكی خراپمان بە میرات بۆ ماوەتەوە ئەویش پشت بەستنە بە قەرزو كۆمەكی دەرەكی بەم شێوەش ستەمە وڵات پێش بكەوێت و لە سەرپێ‌ ی خۆی بووەستێت .
سەرەڕای هەموو ئەمانە عومران خان كە خۆی بەلایەنگری هەژارانی وڵاتەكەی دەزانێت هەرچەند خۆی لە بنەماڵەی هەژارانەوە نەهاتووە چونكە هەژاران چینێكی بەرینی خەڵكی وڵاتەكەی پێكدەهێنن بۆیە بڕیاری بەگژاچوونەوەی پەتای گەندەڵی داوەو ئەكتیڤكردنی هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت و پشت بەخۆ بەستن واتە پشت بە پیشەسازی و توانای نیشتمانی و كۆتاییهێننان بە پاشكۆیەتی ئەمریكا .
بەڵام ئەوەی لای من لەوەیە جێگەی گومان بێت جێبەجێ‌ نەكرێت ئەوەیە كە پاكستان تاكە وڵاتی ئیسلامییە كە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمیە و سوپای پاكستانیش سوپایەكی بە هێزە و لەكاتی پێویستدا كە سیاسیەكان لە سەر هێڵی سیاسی سوپا لایان دابێت كودەتایان كردووە و دواترینیان كودەتاكەی ژەنراڵ پەروێز موشەرەف بوو كە خوودی عومران خان وەكو باس دەكرێت لایەنگری لێكردووە .
ئەوەی لە ئێستاشدا كۆتایی بە حوكمی دوو حزبی تەقلیدی ئەو وڵاتە هاتووە و بزوتنەوەی ئینسافی عومران خان دەستەڵاتی بەدەستهێناوە بێگومان بە بێ‌ پشتیوانی و هەماهەنگی سوپا نەبووە .
لە كۆتاییدا دەكرێت بپرسین عیراقیش پێویستی بە عومران خانێك هەیە لە نووسینگەكەی خۆیەوە دەستپێبكات لە كاتێكدا لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەیەكی وزاری نوێ‌ دایە كە بە یاسا یاسادانەرەكان چەندین ئیمتیازو مووچەی چەورییان بۆ خۆیان بڕیوەتەوە؟

 318 جار بینراوە