سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » بەسرە دەروازەی تینووی خوارووی عیراقپەڕە 27

دەر و دراوسێ

بەسرە دەروازەی تینووی خوارووی عیراق

شاری بەسرە ناوەندی پارێزگای بەسرە كە دووەم گەورە شاری عیراقە ئەگەر جاران مووسڵ بە دووەم گەورە شاری عیراق دەهاتە ژماردن ئێستا دوای كاول وێرانبوونی بەشێكی زۆری ئەو شارە لە شەڕی داعشدا لە ئێستادا بەسرە بە دووەم گەورە شاری عیراق دێتە هەژماردن لە دوای بەغدادی پایتەخت .
بەسرە لە ئێستادا نەك هەر تاكە دەروازەی دەریایی عیراقە بۆسەر كەنداوی عەرەبی و هەموو دەریاكانی جیهانیش بەڵكو پایتەختی ئابووری عیراقە و ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی سێ‌ ملیۆن كەسە و دەوڵەمەنترین پارێزگای عیراقە لە بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی كە زۆرترین سەرچاوەو كێڵگەو بیری نەوت و غازی لێ‌ یە بە ڕادەیەك 59% لە سەدی یەدەكی نەوتی عیراق پێكدەهێنێت لەكۆی 115 ملیار بەرمیل یەدەكی خەمڵێنراوی عیراق.
هەروەها لە ڕێگەی بەندەرەكانی بەسرەوە بەشی زۆربەی هەرەزۆری نەوتی عیراق هەناردەی دەرەوە و بازاڕەكانی جیهان دەكرێت كە ڕۆژانە نزیكەی( 3.5) سێ‌ ملیۆن و نیو بەرمیلە كە داهاتەكەی 95% لەسەدی بوودجەی گشتی دەوڵەتی عیراق دابین دەكات .
ئەوەی ئاماژەم پێدا بە كورتیەكی زۆر پێگەی ستراتیجی بەسرەیە بۆ عیراق بەگشتی بەڵام با حاڵی ئەو شارە بەیان كەین بۆ تان كە دەبوو ئێستا یەكێك لە جوانترین و ڕازاوەترین شارەكانی جیهان بووایە دەستە خووشكی پاریس و نیویورك و دوبەی و ئەستەنبووڵ و تۆكیو شارە جوانەكانی تری جیهان بووایە ، بەڵام بە داخەوە پێچەوانەكەی ڕوویداوە ئێستا ئەو شارەو لە چەند ساڵ پێشووتریشەو دەناڵێنێت بە دەست كەمی و نەبوونی زۆرێك لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەكو ئاوی خواردنەوە كارەبا تەندروستی پەروەردە هاتوچۆ كێشەی نیشتەجێبوون و ئاوەڕۆ و پێویستەكانی تری ڕۆژانە. هەروەها دانیشتووانەكەی ئەو شارە بە هەژارترین بەشی گەلی عیراق دێنە هەژماردن هەربۆیە لە ساڵی 2010 ەوە جارجارە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورەو تووڕەییان دەربڕیووە بەرامبەر بەو ژیانە تاڵەی كە تێیدا دەژین بەڵام هیچ ئاكامێكی نەبووە ئەوەی ئەمجارە درێژترین خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتیە كەوا زیاتر لە دوو مانگە درێژەی هەیە، ئەویش بەهۆی كەمئاویبەرزبوونەوەی سوێریو ڕادەی خوێ‌ لە ئاوی شەتولعەرەب هەموو ئەو ڕووبارانەی كە دەڕژێنە ناوی بە جۆرێك كە بۆ خواردنەوەو و ئاودێری و كشتوكاڵیش دەستنادات لە هەمانكاتدا نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی ڕێكخراو بە شێوەیەكی تەندروست ئاوی بەسرە زۆر پیس بووە و واتە ژەهراوی بووە بە شێوەیەك ئامارەكان باسی زۆر حاڵەتی نەخۆشی تووشبوون بە پەتای سامناك دەكەن لە ڕێگەی كۆئەندانی هەرسەوە كە تائێستا 18 هەزار حاڵەت تۆمار كراوەلە نەخۆشخانەكانیدا .
قەیرانی گەورەی بەسرەو عیراق بە گشتی خۆی لە لاوازی حكومەت و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیدا دەبینێتەوە لە ناو كاربەدەستانی پلە باڵای وڵاتدا كە نە پلان و نە خەمی وڵاتیان نیە بەڵكو سەرگەرمی ژیانی تایبەتی و پلەو پۆست و ئیمتیازات و پاراستنی بەرژەوندییە تایبەتیەكانی خۆیان و حزبەكانیانن ئەگینا چلۆن ساڵانێكە وڵاتانی دراوسێ‌ خەریكی دروست كردنی بەنداو و گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەكانن كە دەڕژێنە خاكی عیراقەوە ئەم كارەبە دەستانەی عیراقیش مێشێك میوانیان نیە و بێ‌ دەربەستن .
ئەگەر قەیرانی سوێری و كەم ئاوی بەسرە بەنمونە وەربگرین سەرچاوەكەی ئەوەیە كە توركیاو سوریا بەنداوی زۆریان لە سەر هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات بنیاتناوە و ئاوی پێویستی بەشی عیراقیش بەرنادەنەوە و ئێرانیش بە هەمان شێوە بەنداوی زۆری لەسەر ئەو ڕووبارانە بنیاتناوە كە دەڕژێنە شەتولعەرەب وڕووبار ی دیجلەوە و بگرە ئاوی پیسیش بەردەداتە ناویانەوە كە دەبێتە هۆكاری ژەهراوی بوون و زیاتر سوێر بوونی .
لە كۆتاییدا بۆ هەر كەس و توێژەرێك كە لەم بابەتە هەستیارە بكۆڵێتەوە ئەوەی بۆ دەردەكەوێت كە هەموو حزب و گرووهە تائیفیەكان شكستیان هێناوە لە بەڕیوەبردنی وڵات وتیوەگلاون بە دۆسییەی زەبەلاح و حەیابەری گەندەڵی دیارترینیان تێوەگلانی پارێزگاری پێشووی بەسرەو سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاو ئەندامانی ئەنجوومەن و زۆری تریش بە گەندەڵی كارگێڕی و مالی و هەروەها هەڵاتنی ئەو پارێزگارە لە ڕێگەی ئێرانەوە و دەربازبوون لە داداگاو جێبەجێ‌ نەكردنی یاساو سەروەر نەبوونی و دەركردنی یاسای لێبووردنی گشتی و تایبەت بۆ تاوانباران زیاتر ڕێ‌ خۆشگكەرن بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی.
لە ئێستاشدا كە عیراق لە دووڕییانێكی سامناكدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ئەگەر بە هامان ستایڵی پێشوو كە بەشبەشێنەی تائیفی و حزبیە بەردەوام بێت و دەستوور جێبەجێ‌ نەكرێت و پێكهاتەیەك لە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیدا بێت بەسەر پێكهاتەكانی دی ئەوا عیراق ناتوانێت وەكو دەوڵەتێكی یەكگرتوو بمێنێتەوە دەبێت بازنەیەكی داخراودا بخولێتەوە و سامان و داهاتی وڵات لە شەڕو گەندەڵیدا خەرج بكرێت و بەسرەو شارەكانی تری عیراقیش بە تینووێتی و برسێتی بمێنێتەوە و و بگرە ئاوارە و دەربەدەری زیاتری وڵاتانیش بن .

 399 جار بینراوە