سەرەکی » ئابووری » گەندەڵیی لە عیراقداپەڕە 17

داتای مەترسیدار ئاشكرا دەكرێت

گەندەڵیی لە عیراقدا

یوسف عومەر رەشید
(2 – 2) و کۆتایی

نوری مالكی تەنها كێشەو گرفت نەبووە بۆ تێكدانی پەیوەندی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عیراق، بەڵكو سودی گەورەو گرنگی بینیی لە پێكدادانی عیراقییەكان (سونەو شیعە) بەوەی لەیەكێك لە وتارەكانی بەئاشكرا هێرشی كردە سەر ئەهلی سونەو بیری توندڕەوی تائیفی لەنێوان سونەو شیعە توند كردەوەو بە ئاشكرا دەڵێت: «ئەوانەی حسێنیان كوشت كۆتاییان نەهات لە ئێستادا بوونیان هەیەو حسێنیش بەڕەنگی دیكە بوونی هەیەو جارێكی دیكە كراوەتەوە ئامانج، حسێن‌و یەزید جارێكی دیكە بەریەكدەكەونەوە».
ئەم لێدوانەی مالكی وایكرد تۆوی دووبەرەكی‌و مێژووی خوێناوی عیراقییەكان زیندو بكاتەوە، لەهەمانكاتدا لەناو هێزە سونییەكان كارتلی سیاسیی بۆخۆی دروست دەكرد‌و دەستی بەسەر داهات‌و سامانی عیراقیشدا دەگرت.
دۆسێەی گەندەڵی لەلای نوری مالكی پڕۆژە بووە نەك كارێكی هەرزەیی‌و سەرپێی كە بریتی بێت لە بردن‌و بەكارهێنانی پارەو سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆی، هەرچەندە پڕۆسەكانی ئاشكراكراون، لەگەڵ ئەوەشدا بە بەرنامە كاری لەسەركردووە، دیارترین كاری مالكی ئەوەبوو پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراقی لەسەر كارەكەی لابرد، هەروەها بە حوكمی پۆستی سەرۆك وەزیران توانی تەواوی گرێبەستە دەرەكییەكانیش بە ویستی ئەو بێت.

دیارترین گەندەڵییەكانی مالكی:
* لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عیراق لە ئۆكتۆبەری 2015 ئەوەی خستەڕوو كە 130 بەرپرسی حكومەتەكەی نوری مالكی لەگەندەڵی‌و بەهەدەردانی پارەو سامانی گشتی تێوەگلاون، كە دۆسێەكانیان پەیوەستبووە بە گرێبەستەكانی كڕینی چەك‌و مۆڵەتی كاركردن بە كۆمپانیاكانی نەوت‌و گرێبەستەكانی نەوت لەگەڵ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان.
* لە حساباتی ختامی عیراقدا گەورەترین كێشە بریتییە لەپاكتاوكردنی حسابی ساڵانی پێشوو، تا ساڵی 2016 یەكێك بووە لەكێشە گەورەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە گومان دەكرێت لەو چوارچێوەیەدا 350 ملیار دۆلار دیارنەمابێت.
* كڕینی چەك، بە ملیارەها دۆلار بۆ ئەم بوارە خەرجكراوە بەبێ ئەوەی كە ئەو چەكانە هاتبنە ناو عیراقەوە، ئەمە جگە لەوەی كە بەشێك لەو چەكانە لەجەنگی دووەمی جیهانیدا بەكارهاتوون یاخود نرخەكەیان بەرزترە لەچاو نرخی بازاڕدا. ئەمە جگە لەوەی پێدانی بەرتیل لەناو وەزارەتی ناوخۆ لە ئاستێكی باڵادابووە، چونكە نوری مالكی خۆی وەزیر بووە بەوەكالەت.
* یەك ملیار دۆلار بۆ نەخۆشخانەی سەربازی تەرخانكراوە، كە تایبەت بووە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نوێ‌و پێشكەوتووی سەربازی لەدوای بەدواداچوونەكان دەركەوتووە كە لەواقعدا پڕۆژەی لەو جۆرە بوونی نییە.
* دۆسێەی كڕینی فڕۆكە لەڕوسیا، یەكێك بوو لەدۆسێیە گەندەڵییە كۆمیدیاكانی نوری مالكی كە وەها پیشاندرا عیراق فڕۆكەی لەحكومەتی روسیا كڕیووە دواتر دەركەوت كە ئەو فڕۆكانە عیراقیبوون‌و لەكاتی جەنكی عیراق – ئێران حكومەتی تاران ناچاری كردوون لە روسیا بنیشنەوە.
* كەوتنی موسڵ (داعش‌و سپایكەر)، لەگەڵ خەرجكردنی ئەو پارە زۆرە بۆ سلكی سەربازی عیراق، بەڵام گروپی تیرۆریستی داعش بە چەند سەعاتێك نەینەوای كۆنترۆڵكردن كە نیشانەی خراپی سوپای عیراق بوو، كوشتارگەی بنكەی سەربازی سپایكەر لەو كاتەشدا قێزەوترین كار بوو لەكابینەكانی حكومەتەكەی نوری مالكی كە بەو جۆرە سەدان خوێندكاری سەربازی لە باكووری تكریت بكوژرێن كە زۆرینەیان سونەبوون، ئەمەش یەكێكە لە دۆسێیە گەورەكانی گەندەڵی لەسەری كە پێی دەوترێت بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.
* هێنانی ئامێری ئاشكراكردنی تەقەمەنی بە بەهای 232 ملیۆن دۆلار كە دواتر دەركەوتووە ئامێری ئاشكراكردن‌و ناسینەوەی شامپۆی پاككەرەوەیە نەك تەقەمەنی، لەسەر ئەم كەیسە مالكی كەسی نەداوەتەوە دادگا.
* لەدوای لابردنی پارێزگاری بانكی ناوەندی، دۆسێەی بانكە ئەهلیە وەهمیەكان سەری هەڵداوە بەجۆرێك دەركەوت كە 16 بانكی ئەهلی هەن كە پارە لە بانكی ناوەندی رادەكێشن لەڕێگەی پسوڵەی تەزویرەوە، هەرچەندە ژمارەیەك فەرمانبەریش دەستگیركران، بەڵام دەركەوت كە بە ملیۆنان دۆلار پارەیان لە بانكی ناوەندی راكێشاوەو حەواڵەی وڵاتانی دراوسێ كراوە بە تایبەتیش ئێران، ئەمەش بە ئامانجی كەمكردنەوەی كاریگەری سزا سەپێنراوەكانی سەر تاران.
* بەكارهێنانی ئاسمانی عیراق‌و فڕۆكەخانەكان بۆ گەیاندنی پاڵپشتی سەربازی بە حكومەتەكەی بەشار ئەسەد، ئەمەش لەلایەن روسیاو ئێرانەوە كراوە.
* ئەحمەدی كوڕی تێوەگلاوە بە حەواڵەكردنی (1.5) ملیار دۆلار لە داهاتی عیراق بۆ لوبنان، ئەوكاتەی باوكی سەرۆك وەزیران بووە.
* جگە لەمانە دەیان دۆسێەی دیكەی گەندەڵی‌و بەهەدەردانی پارەی وەهمی هەن لەسەر نوری مالكی، بەتایبەت بونی سەربازی فەزایی كە ژمارەیان 50 هەزار كەس بووەو پارەیان بۆ خەرجكراوەو لە وەقعیشدا شتی لەو جۆرە نەبووە.
لەدوای كۆتایهاتنی هەڵبژاردنەكانی عیراق (2018)، نوری مالكی خۆی ئامادەكردەوە جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، دوای ئەوەی خۆری ئاوابوو یەكێك لەو بابەتانەی لە مێدیاكانی عیراقدا زۆر باسی لێوەدەكرا، مەسەلەی فرۆشتنەوەی ئەو پۆستە بوو لەبەرامبەر بێدەنگبوونی دەسەڵات لەبەرامبەر ئەو كارانەی كردویەتی.

ئایا عیراق ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنێت؟
بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهان بە قۆناغی گەندەڵیدا تێپەڕیون‌و دواتریش توانیویانە بۆ ئاستێكی باش كۆنترۆڵی بكەن، یاخود نەیهێڵن. لەڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵیشدا عیراق لەناو 10 گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایە (لەعیراقیش گەندەڵتر هەیە)، بۆیە ئەم بابەتە كە بۆتە دیاردە لەسەر ئاستی جیهان، كۆنترۆڵكردنیشی هەروا سادەو ساكار نییە.
لەوڵاتێكی وەكو عیراقدا، لەسروشتی دروستبوونی دەوڵەتەكەوە تا دەگاتە ئێستا، بە قۆناغی نا سروشتیدا هەنگاوی ناوە، ئێستاش كە دوای قۆناغی دیكتاتۆریەتە نەك نەتوانراوە بنیاتی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی بنرێت كە یاسا حكوم بكات‌و بناغەیەك بۆ دیموكراسی دابڕێژرێت، بەڵكو بیری دیكتاتۆریەت لەبەرگی دیكەو بەناوی دیكەوە بوونی هەیە. سەركردەكانی ئێستای عیراق ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەكەی پێش 15 ساڵن كە دژی نەبوونی ئازادی‌و بیرورای سیاسیی‌و باش بەڕێوەنەبردن، وڵاتیان بەجێهێشتووەو قوربانی زۆریانداوە، بەڵام لەئێستادا ئەم سەركردانە هەنگاوەكانیان مەترسیدارن، مەرجەعی باڵا لە نەجەف، هێندەی حكومەت كاریگەری هەیە.
لەدوای كۆتایهێنان بە گروپی تیرۆریستی داعش، ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان گەورەترین بەربەرستە لەبەردەم حكومەتدا، داعش بە هەرشوێنێكدا تێپەڕی كردویەتی بە وێرانە، نەینەواو رومادی‌و سەعدیەو جەلەولا دیاترینن، ئەمە جگە لەو زیانە مرۆییەی خستیانەوەو ناوەندە كلتوریەكان‌و ژێرخانی ئابوورییان تەختكردووە، بەپێی ئامارەكان زیاتر لەچوار ملیۆن هاووڵاتی عیراق لەناوخۆی وڵاتەكەیاندا ئاوارەن، لەو ژمارەیە (2.6) ملیۆن كەس لەكەمپەكاندا دەژین، هەموو ئەم بابەتانە كۆكراوەی روداوەكانی چوار ساڵن جگە لە كەڵەكەبووەكان. هەرچەندە داتایەكی دروست لەبەردەست نییە بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عیراق لەدوای داعش بەڵام داتا ناڕەسمیەكان كۆكن لەسەر ئەوەی لانی كەم (150 – 200) ملیار دۆلاری پێویستە، لەكۆنگرەی كوێتیش كە لەسەرەتای ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، وڵاتان چوونە ژێرباری دابینكردنی نزیكەی (30) ملیار دۆلار، لەكاتێكدا عیراق چاوەڕوانی ئەوەبوو كە (88) ملیاری دەستبكەوێت. پێدانی ئەو پارەیەش لە چوارچێوەی سەرمایەگوزاری‌و ئاسانكاری بانكیی‌و دڵنیاییدابووە، ئەم وڵاتانە بەهۆی گەندەڵی بێشوماری عیراقەوە گومانیان هەیە لەپێدانی كۆمەك بۆیە چوارچێوەیان بۆ دیاریكرد.

لەعیراقدا سیانەی (گەندەڵی – تیرۆر – مەزهەب) گەورەترین بەربەستن لەبەردەم پێشكەوتندا
تیرۆر‌و مەزهەب‌و دەستوەردانی دەرەكی‌و دروستبونی تۆڕی بەرژەوەندخوازو لاوازی لێپرسینەوە هۆكاری سەرەكین بۆ كۆنترۆڵنەكردن‌و بەگژدانەچوونەوەی گەندەڵی، ئەمانەش وایانكردووە كە سەرەڕای بەشداری لاوازای هاووڵاتیانی عیراق لەهەڵبژاردنی ئایاری 2018، هەمان دەموچاوی سیاسیی لەعیراق دەربچنەوە.
بەوتەی عادل عەبدولمەهدی كە وەزیری نەوتی عیراق بووە، لە (2003 – 2015) داهاتی عیراق (850) ملیار دۆلار بووە، رووبەری خاكی عیراقیش (437.027) كیلۆمەتر دوجایە، بۆیە هەر كیلۆمەترێك لەخاكی عیراق لەو ماوەیەدا نزیكەی دوو ملیۆن دۆلاری بەردەكەوێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە نزیكەی (30%) خاكی عیراق بیابان‌و شاخ‌و روبارەكانە.
ئەم پارە زۆرە نەیتوانیبێت، ئاوی خواردنەوەو كارەباو ژیان‌و گوزەرانێكی شایستە بۆ عیراق دەستەبەر بكات، هەرگیز عیراق ناتوانێت بە (90) ملیار دۆلاری بودجەی 2019 كە خەرجییەكانی ئەو ساڵەشی پێ دابین بكات، وڵات ئاوەدان بكاتەوە.
تێوەگلانی كەسە باڵاكانی وڵاتێك بەتایبەت كە دەسەڵاتی لێپرسینەوەش لەژێر كۆنترۆڵی خۆیاندایە هێندەی دیكە پڕۆسەكە ئاڵۆزتر دەكات، ئەمە جگە لەوەی دەستوەڕدان لەكاروباری سیاسیی‌و حوكمڕانی لەعیراقدا لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە كە بۆتە هۆی دروستكردنی كارەكتەری سیاسی كە ئینتیمای بۆ نیشتمانەكەی نەبێت، خاڵێكی جەوهەرییە لە بەگژداچونەوەی گەندەڵیدا.
دانانی عادل عەبدولمەهدی بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئومێدێكی گەورەی بەخشیوەتە عیراقییەكان، تا حكومەتێكی خزمەتگوزار ئامادەبكات، بەڵام لەئێستادا فرۆشتنەوەی پۆستە باڵاكان لەعیراقدا یەكێكە لە مەترسییە گەورەكانی بەردەمیی هەرچەندە تا ئێستا بەڵگەیەكی تەواو نەخراوەتەڕوو، بەڵام لەدانانی سەرۆكی ئەنجومەی نوێنەران‌و دەرچونی هەندێك وەزیر باس لەپێدانی بەرتیل دەكرێت، بۆیە ئەوانەی ئومێدیان لەسەر وەیس هەڵچنیبوو، وەیس سونی دەرچوو.
لەعیراقدا دەزگاكانی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی‌و هێنانەدی شەفافیەت بوونیان هەیە وەكو دەزگای چاودێری دارایی‌و دەستەی لێپرسینەوەو ئەنجومەنی نوێنەران‌و تەنانەت دادگاو یاساش هەیە، بەڵام ئەم دامەزراوانە بونەتە بەشێكە لەپڕۆسەكە ئەگەر لەناواخنیشدا نەبێت بەڵكو لەكردارو هەڵسوكەوتیاندا رەنگیداوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی كارەكتەرە سیاسیەكانیش بە حوكمی پێگەو نفوز كەسانی نزیك لەخۆیان داناوە.
پێویستی بە ئیرادەیەكی
بەهێز هەیە
بۆ روبەڕووبونەوەیەكی سەرتاسەری گەندەڵی، عیراق پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە، بەحكومی ئەوەی كە لەعیراقدا دەبینرێت، مەرجەعی باڵای شیعە یاخود هێزێكی دەرەكی دەتوانێت كۆتایی بەم پاشاگەردانییە بهێنێت دەنا ئەوەی لەڕوخساری سیاسییەكانی عیراقدا دەبینرێت‌و دەبیسترێت، جێگەی ئومێد نییە، خۆپیشاندانە یەك ملیۆنیەكانی ساڵی 2018ی موقتەدا سەدر لەناوچەی سەوز‌و خۆپیشاندانەكانی هاووڵاتیانی بەسرە، نەیانتوانی هەنگاوێكی جدی بنێن بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی‌و چاككردن‌و دابینكردنی گوزەران‌و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان. سیاسییەكان، هاووڵاتیان بە بابەتی لاوەكی سەرقاڵ دەكەن بۆ نمونە كردنەوەی ناوچەی سەوز بەڕووی هاوڵاتیاندا وەكو دەستكەوت پیشاندراوە.
درامای گەندەڵی لەعیراق، ئێستاش لە قۆناغی سەرەتایدایە، ئەمەی لێرەدا خراوەتەڕوو مشتی ناو خەرمانێكە، گەندەڵی لەعیراق بۆتە كرمێك كە رۆژانە وڵات دەخوات‌و دەیخاتە ژێرباری قورسترەوە.

لە كۆتاییدا
عیراق لانەیەكی گەورەی ئابووریی بوو لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، خاوەنی دامەزراوەی پیشەسازی‌و كشتوكاڵی بوو، هاتنی سەدام حسێن بۆ سەر حوكم لەساڵی 1979 سەرەتای تێكچونی ژیان‌و گوزارەتی عیراقییەكان بووە، هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێران (1980 – 1988)‌و دواتر داگیركردنی كوێت لە (1990) ‌و سەپاندنی گەمارۆ بەسەریدا بۆ ماوەی 13 ساڵ‌و تا روخاندنی لە 2003، عیراقی كردە بێشەیەكی وێران، لەدوای پڕۆسەی ئازادكردنیشەوە تائێستا، لانیكەم عیراق نەگەڕاوەتەوە سەر نیوەی ئەو هێزە ئابوورییەی هەیبووە ئەمەش لەكاتێكدایە عیراق خاوەنی سامانێكی گەورەی سروشتی‌و مرۆییە، بەڵام بەهۆی خراپ بەكارهێنان‌و لێنەپرسینەوەو كۆنترۆڵكردنی بۆ بەرژەوەندی گروپ‌و تاقمێك رۆژگارێكی خراپتر لەئێستا چاوەڕێی دەكات، دوور نییە تا 2020 خەڵكی ئەم ناوچەیە بەتایبەت باشور لەبەر بێ خزمەتگوزاری كۆچ بكەن‌و بەهۆی هەژاری‌و نەدارایشەوە بمرن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرهەمی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی لە كوردستان زیادی کردووە

یەکەی ئابووری كەرتی كشتوكاڵی هەرێم لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی بارانێكی زۆر ...