سەرەکی » ئاراستە » قڵیشایەوە

لەیادەوەری بەندیخانەوە

قڵیشایەوە

بورهان قەرەداخی –هانۆفەر- ئەڵمانیا

(3)

(خۆدواندن)لەیادەوەریەکانی زیندانەوە:
ھەر کە ئێوارەی لێدەھات بێدەنگیەکی ترسناک باڵی دەکێشا بەسەر تەواوی شاردا. ھەتا تاریکی زیاتر ھروژمی بهێنایە، شار زیاتر نوقمی کەشێکی مات و پڕ لەترس دەبوو. لە ھەندێک گەڕەکەکانی وەک: ئازادی، قەرەجاوا، مامەیارە، سەرکاریز، شێخ محێدین و شارەوانی و جولەکان، زەرگەتەی کۆن ھتد. ھەرکە شەوی لێدەھات لەپڕ دەنگی ناڵەو دەستڕێژی گولە دەبیسترا، خێرا کارەبا دەبڕاو دنیا نوقمی تاریکی و تەقە دەبوو.ئیتر لەناو کۆڵانەکاندا دەنگی ھاوار ھاوارو جنێوو و ڕاکەڕاک تێکەڵ بە دەنگی میلھێنانەوەو دەستڕێژ دەبوو.لەپڕ لەدەرگای ماڵێک دەدراو ھەموو دەشڵەژان و کەس نەیدەوێرا بیکاتەوە، لە دەرگادان و تەقە بەردەوام دەبوو،دەنگی ژنێک بەنزمی و پڕ لەترسەوە:
+ کێیە؟!
دەنگێکی تر بەپەلەو بەخێرایی وەڵامی دەدایەوە:
— خۆمانین ئەو دەرگایە بکەرە؟
ژنەکە بەترسەوە:
+ خۆتان کێن ؟!
بەنزمییەکەوە:
— بیکەرەوە باجی ئاڵتون خۆمانین!!
ئیتر بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەنگی تەقەو لورە لوری پیکابی تەواری و نەژدەو ئیسعاف وجنێودان بەعەرەبی ئەو ناوەی پڕ دەکرد لەھات و ھاوار.
ھەتا بەیانیش کەس خەوی لێ نەدەکەوت و کەس نەیدەوێرا دەروماڵ بکات ؛ خۆ ئەگەر کەسێکیش نەخۆشێکی کتوپڕی ھەبوایە، یاخود ژنێکی دوگیان ژانی مناڵبوونی ھەبوایە. ئەوا دەبوو لەماڵ بمێننەوەو چاوەڕێبکەن تا بەیانی. ھەرکە بەیانیشی لێدەھات خەڵکەکە بەترسەوە دەچوون بۆ نوێژو نانکڕین. ئیدی بەدەم ڕێوەو بە نھێنی و بە ئەسپایی باسی تەقەو شەڕەکەی شەویان دەکردو لەژێر لێوەوە بەسوکی دەیان ووت: (ئەڵێن ئەمشەو پێنج جەلادیان تۆپاندووە)، یەکێکی تر وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: (ئۆخەی ئەو دەستەیان خۆشبێت)؛ لەگەڵیشیا ئاماژەیان بەو پەڵە خوێن و شوێن فیشەکانە دەکرد، کەبە دیوارو شوستەکانەوە جێمابوون.
خۆئەگەر ھەر شەوێکش ھێزەکانی بەعس زەرەروزیانی زۆریان لێ کەوتبایە، ئەوا بۆ بەیانی جەلادەکان بەمامەڵەو ڕویانەوە دیار دەبوو، داخی ئەوانیشیان بە ئێمە دەڕشت.
ئیتر بۆ شەوی دوای ئەوە ھەرچی تەواری و جاش و جەیشی شەعبی ھەیە، دەخرانە دۆخی کوتوپڕ(انزار)ەوەو بەئاشکرا ھەڵیان دەکوتایە سەرماڵان و ھەندێک جاریش بەدزی و نھێنیەوە دەچونە سەربانی ماڵەکان و لەوێوە چاودێری ھاتنە ناوەی پێشمەرگەو جوڵەی خەڵکیان دەکرد لەناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا.
تەیب باراوی ھاوڕێم بۆی گێڕامەوە کە جارێکیان تەواری دەچنە سەربانەکەیان، بێئەوەی کەس پێیان بزانێت. بەڵام کاتێک دایکی دەیەوێت بچێت بۆ ھەورەبانەکەیان تاھێڵەکی ئارد بێنێت، لەپڕ چەند تارماییەک دەبینێت لەسەر بانەکە، ئەویش گڵۆپەکەی سەربان دادەگیرسێنێت و دەرگاکە دەکاتەوە. تەواریەکان بەعەرەبی چەند وشەیەکی پێ دەڵێن و گڵۆپەکە دەکوژێننەوە. دایکی تەیب بەشڵەژاوی دێتە خوارێ و دەڵێت: ڕۆڵە ئەوەندە ھاتوچۆی دەروماڵ مەکەن، ئەمن و تەواری سەر ھەموو بانەکانیان گرتووە، پێشیان وتم (تەپەتوور). ئیتر من نازانم تەپە توور چییە؟! تەیب باراوی ووتی: ھەموومان تابەیانی بەدوای وشەی (تەپە توور)دا گەڕاین تا بزانین چییە ؟! وتی: دوای بۆمان دەرکەوت، کەوتویانە: (گفی النور). ئیتر تەپە توریش بوو بەبابەتێکی خۆش لەماڵەکەماناو ھەمیشە دایکمان پێ توڕە دەکرد.
ئیتر لەزوربەی ئەو شەوانەدا ھەر تارمایی و جوڵەیەک دەربکەوتایە بەر دەستڕێژی گولەیان دەدا. لەو ئێشکگرتنەی شەواندا چەندین سەگ و کەرو مانگایان لێ بوو بەپێشمەرگەو کوشتنیان. ھەر لەپاڵ ئەوانەشدا چەندێن مرۆڤی بێلانەو دەرون شێواو(شێت)یان بەوشێوەیە شەھیدکرد:
پیاوی ناو زبڵەکە
یەکێکی تر لەقوربانیەکانی دەست بەعس وەھاب بوو.
وەھاب پیاوێکی باڵابەرزو ڕەشتاڵەی تۆکمەبوو. خەڵکی گوندی خەمزە بوو. و ەک (فەرمان خەمزەیی) پورزای وەھاب دەڵێت: (وەھاب ناوی تەواوی وەهاب عارف قادرە، خاوەنی سێ برابووە بەناوی، ڕەحیم و شەهاب و کامەران. وەهاب پێشتر پێشمەرگەی ئەیلول بووە. دوای ئاشبەتاڵ بەچەند ساڵێک دەبێتە پێشمەرگەی یەکێتی و پاشان لەکەرکوک دەگیرێت و دەبرێت بۆ ھەیئەی ئەمنی کەرکوک. بۆماوەی ساڵێک زیاتریش لەژێر ئەشکەنجەدا دەبێت. ئیتر توشی دەرونپەشێوی و شێتی دەبێت. وەهاب بێکەس نەبوو، بەڵام وەھاب کەس نەی دەتوانی کۆنترۆڵی بکات).
بۆیە لەسلێمانی وەک بێلانەو بێ نەوایەک دەگەڕاو خولی دەخوارد. پیاوێکی جگەرەخۆرو گەڕۆک بوو. بەڕۆژ لە گوزەری شەقامی گۆران و مزگەوتی گەورەو بەرخانەقاو مەجی بەگ دەبینرا، بەشەویش ڕوویدەکردە گەڕەکەکانی مەجی بەگ و ئسکان و مامۆستایان و کارێزەوشک ؛ بەڵام زۆرترین کاتی لە مەجیدبەگ دەمایەوە.
ئەگەر لێت بپرسیایە: (وەھاب بۆچی واتلێھاتووە ؟! خێرا دەستی دەکرد بەگریان).
ھەروەھا کاک زانا عبدولڕەحمان سەبارەت بەوەھاب دەڵێت(زۆر ئەهاتە لای كۆڵانی ئێمە هەندێك جار تفەنگێكی پێبوو كە ئاسنگەر بۆیان دروست كردبوو، من لەزۆر کەسم بیستووە كە پێشتر پێشمەرگەی یەکێتی بووە).
جگەلەمانەش وتەیەکی زۆر سەیرو بەناوبانگی ھەبوو کە بەردەوام دەیوتەوە، ئەیوت: (کابرا ئەوەندەی زەرەر کردوە، نازانێ قازانجەکەی چی لێبکات).
خاتوو (شادان)یش یادگاریەکی کومیدی وەھاب دەگێڕێتەوەو دەڵێت:(لەهەمووی خۆشترو کۆمیدی تر ئەوەبوو وەھاب بلوێری بێشكەی كوڕانی لەناو خاشاک وزبڵدا ھەڵگرتبۆوەو وەک دارجگەرە بەكاری دەهێناو جگەرەی پێ دەكێشا).
وەھاب، ھەمیشە وەک بێلانەیەک لەکەلاوە کۆن و سەر تەنورو ناو ئۆتۆمبێلی سکراب و بن پاسارو گوێسەبانەکاندا ڕۆژی دەکردەوە.بەردەوامیش کیسی نایلۆن و پەت و خاشاکی لەخۆیەوە دەپێچاو تەنەکەو قوتوی بەخۆیدا ھەڵدەواسی. زوربەی کاتەکانی لەناو زبڵخانە(حاویە)و خاشاکدا دەبردەسەر. ھەربۆیە بەپیاوی زبڵەکە ناسرابوو. یەکێک لەبەسەرھاتە خۆشەکانی وەھاب دەگێڕنەوەو دەڵێن: (جارێکیان شارەوانی دەیانەوێت بە سەیارەی خۆڵەکە، حاویە شینە گەورەکان بەتاڵ بکەن، لەپڕ گوێیان لە دەنگەدەنگێک دەبێت کە لە ناو حاویەکەوە دێت هاوار دەکات. کە دەبینن ئەوە وەهابەو لەناو ئەو خۆڵ و خاشاکەدا خەوتووە ؛ دواتر کە دەیهێننە دەرێ ئەویش دەڵێ: ئەوە بۆ ناهێڵن لەماڵەکەما بە ئیسراحەت بخەوم).
سەیرە، کاتێک کە حاویەیەکی خۆڵ ببێتە نیشتیمانت.
دیارە وەھاب باشتر لەئێمە دەیزانی کە گۆمەڵگا ونیشتمانەکەمان هیچ نییە، جگەلە زبڵدانێکی گەورە و مشەخۆران حوکمڕانی تێدا دەکەن.
کاک لوقمان غەفوری ڕۆژنامەنوس دەڵێت:(من تەمەنم ١٤-١٨ ساڵ بوو، بەدەیان جار نانم بردووە، بەڵام کێشەی وەھاب لەوەدا بوو، خۆی پیس ئەکرد. ھەر کەسێکیش خواردنی پێبدایە ئەیکردە کیسەوەو ھەڵیئەگرت تا بۆگەن ئەبوو، ئەوکات ئەیخوارد. چەندین جار پیاوانی گەڕەک پاکیان دەکردەوە و ڕیشیان بۆ ئەتاشی و جلوبەرگی خاوێنیان لەبەر دەکرد، بەڵام دوای دوو ڕۆژ وەک خۆی لێدەھاتەوە).
خاتوو (تانیا تاھیر)یش سەبارەت بە وەھاب دەگێڕێتەوەو دەڵێت:
(من مناڵ بووم لەگەڕەکی ئیسکان زۆر جار وەھابم دەبینی.
ھەندێک لە مناڵی گەڕەک لێی دەترسان، بەڵام زۆرێکیشمان خۆشمان دەویست. وەھاب جگەرەکێشێی سەیربوو. بیرمە زۆرجار جگەرەم لەنەنکم بۆ دەسەندو بۆم دەبرد. بەڵام وەھاب بەتەنھا حەزی لە جگەرەی یەکێتی بوو.
یەکێک لەخەسڵەتە جوانەکانی وەھاب ئەوە بوو، مناڵی زۆر خۆشدەویست و حەزیدەکرد بیانکاتە باوەش. ھەربۆیە ئێستا وەھاب بەشێکە لە یادگاری مناڵیمان. بەدەست خۆم نییە بیری دەکەم).
بەڵام بەداخەوە وەھاب لەشەوێکی پڕکڕێوەی زستاندا، لەسەر تەنورێکی نێو کۆڵانێکدا لەکارێزەوشک ڕەق دەبێتەوەو دەمرێت.
خولەبوز پەپولەیەک بوو
یەکێک لەو کەسانە کەلە مەڵکەندی و لەبەردەم چاخانەکەی قالەی شاسواردا جەیش شەعبی و تەواری تەقەیان لێکردو شەھیدیانکرد (خولەبوز)بوو، خولەبوز پیاوێکی کورتەباڵا بوو، ھەمیشە جل و بەرگی کوردی لەبەرابوو، جامانەی دەبەست و فەقیانەی‌ لەدەستدا بوو. ڕێک دەتوت شارلی شاپلنە. جگەرەی دەکێشاو زۆر هێمن و لەسەر خۆ بوو، تاڕادەیەک ترسنۆک بوو. پەپولەئاسا بوو، کەسی ئازار نەدەدا. هەموو کەسێکیش خۆشیان دەویست. ئەوەندەی‌ من بزانم بۆیە ناویان نابوو خولە بوز، چونکە بوزی بەخەڵکەوە دەکرد. خۆ ئەگەر کەسێکیش بوزی پێوە بکردایە، ئەوا ئاوڕێکی بۆ ئەدایەوەو زەردەخەیەکی جوانی بۆ دەکرد. بەڵام خولە بوز تەنھا بەوە نیگەران و ھەراسان دەبوو کە قۆڵت بگرتایە یان قۆڵت بکردایە بەقۆڵیدا ؛ ئیتر خێرا دەشڵەژاو ھاواری دەکرد: دایکت دەگێم بەرمدە خنکام.
دەگێڕنەوە ئەڵێن لەسەروبەندی ئەو ھاوپەیمانێتی (جبھە)ەی کەحزبی شیوعی لەگەڵ حزبی بەعس گرتبویەبەر، لەساڵانی ١٩٧٢تا ١٩٧٨. شوعیەکان لەکانی ئاسکان بارەگایەکیان کردبۆوە،کوڕانی شار خولە بوز فێرئەکەن کە بچێت پیرۆزباییان لێ بکات. خولەبوزیش دەچێت بۆ لایان و پێیان دەڵێت: مۆڵگای جاشێتیتان پیرۆزبێت. ئیتر شوعیەکانیش زۆری لێدەدەن.
خولەبوز زیاتر لەدەڤەری مەڵکەندی و کۆڵانەکانی حاجی حان و پیرمەسوردا دەبینرا. ھەر لەوێشەوە دەچوو بۆ ناو بازاڕو دەگەڕایەوە. چونکە لەگەڵ دایکی دا لەماڵی عارفی موختار دەژیان.
بەھادین شێت نەبوو بلیمەت بوو
بەھادینیش یەکێکی ترە لە قوربانیەکانی تر.
بەھادین پیاوێکی ڕەشتاڵەی کەمێک سەر ڕوتاوەی ھێمن بوو.
بێ لانەو بێ نەوابوو. بەردەوام بەدوای کاغەزو کارتۆندا دەگەڕاو لەخۆی کۆدەکردەوە، تا بەئینگلیزی لەسەریان بنوسێت. ھەربۆیە زوربەی کاتەکانی بەدیار جگەرکێشان و نوسینی ئینگلیزی و گەڕان بەدوای کاغەزو کارتۆندا دەبردەسەر. بەھادین پیاوێکی ھێمن و لەسەرخۆ بوو، ھەمیشە لەبەر خۆیەوە قسەی دەکردو بۆڵەبۆڵی بوو، زۆر ڕاڕا بوو، ھەربۆیە تۆزێک دەڕۆی و دەگەڕایەوە.ھەرکاتێک بڕۆشتایە پێت بووتایە نابێت، ڕێک بەدەم بۆڵەبۆڵەوە بێئەوەی دەنگ بەرزکاتەوە دەگەڕایەوە. ئەم پیاوە بەردەوام گلەیی دەکردو بۆڵە بۆڵی دەھات ؛ جگەرەخۆرێکی عەجیب بوو. ھەمیشە کارتۆنێکی بەپەت بەملیدا ھەڵواسی بوو کە بەئینگلیزی لەسەر نوسیبوو. ھەرکە دادەنیشت بەدەم جگەرەکێشانەوە دەستیدەکرد بەئینگلیزی نوسین لەسەر پاکەت و کاغەزی ناو پاکەتی جگەرەکەی. بۆیە بەردەوام قەڵەم جاف و دەفتەرو کتێبی پێ بوو. ئینگلیزی زانێکی زۆرباش بوو. خەڵکی دەیانوت لەزیرەکیدا وێنەی نەبووەو بلیمەت بووە. ھونەرمەند (ھێرش عومەر ڕەزا)سەبارەت بەم پیاوە دەڵێت:(بەھادین لەگەڵ مەلا فایەق (کەخەڵکی پێیان دەوت مەلا ھوو) لای براگەورەکەی دەژیان کە ناوی کاک عەلادین بوو، کەکرێچی ماڵی باوکم بوو لای حەمامی شیرین لە کانی ئاسکان. بەھادین لەزمانی ئینگلیزیدا بلیمەت بوو، زۆر جار خوێندکارانی گەڕک ھەتا ئەوانەشی لەکۆلێژی زمانی ئینگلیزی دەیانخوێند، ھانایان بۆ دەھێنا. ئەمیش دەھات کارتۆنێکی بەملیا ھەڵدەواسی و زانیاریەکانی پێ دەوتن و بۆی شیدەکردنەوە.
ھەروەھا دەشڵێن کاتێک خوێندکاری پۆلی شەشەمی ئامادەیی بووە، لەلایەن دەزگاکانی بەعسەوە گیراوەو توشی ئەشکەنجەو لێدانێکی زۆر بووە ؛ ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی کە خوێندنەکەی لەدەست بدات. ھەربۆیە توشی شۆک دەبێ و بڕوای بەژیان نامێنێت. بەھۆی ئەمەوە ھۆشی لەدەستدەدات و توشی دەرونپەشێوی دەبێت. ھەندێکی تریش دەڵێن خوێندکاری کۆلێژی یاساو ڕامیاری(قانون سیاسە) بووە لەزانکۆی بەغداد و لەلایەن ڕژێمەوە دەگیرێت، لەژێر ئەشکەنجەدا توشی دەرونپەشێوی دەبێت. بەھادین ھەمیشە وەک بێ لانەیەک لە گوزەری سەراو شەقامی مەولەوی و سەرکارێز دەبینرا. وەک دەگێڕنەوە جارێکیان بەھادین لەبەرامبەر سینەما سیروان دانیشتبوو نان و کەبابی دەخوارد، ملازم موحسین بۆ ئەوەی توڕەی کات شەقێک لەخواردنەکەی ھەڵدەدات. بەھادینیش زۆر توڕە دەبێت و دەڵێت: گەواد ھای نعمه‌، كل خره‌.
ئیتر ملازم موحسینیش ملی خۆی شۆڕدەکاو دەڕوات.
ھەروەھا دەڵێن ڕۆژک بەھادین لەئەسحابە سپی دادەنیشێت، چەند ئەوروپییەک بەبەردەمیدا تێدەپەڕن، بەھادینیش بە ئینگلیزی دەست دەکات بەجنێودان بەڕژێمی بەعس و سەدام، ئەوانیش دەگەڕێنەوەو دەکەونە گفتوگۆ لەگەڵیدا.

ھونەرمەند (یاسین سعید)ی ھاوڕێم جارێکیان چیرۆکی شەھیدبوونی دوو دەروونشێواو(شێت)ی ناو سەیدسادق وعەربەتی بۆگێڕامەوە کە ئەوانیش: واحید وساڵەح فەلسەفەبوو.
ئەو شەوەی واحید سەربڕا
(واحید)پیاوێکی دەرونپەشیوو کاڵفام و بێ نەواوی شارۆچکەی سەیدسادق بوو. ھەتا بڵێی کەسێکی بێدەنگ و کەم جوڵە بوو، خەڵکی زۆر هاوکاریان دەکردو خۆشیان دەویست، چونکە پیاوێکی بێدەنگ و بێوەی بوو، ھەمیشە بەبێدەنگی لەکۆڵانی مزگەوتی گەورەی سەیدسادق دەمایەوە، زوربەی کات لەسەرمقەبایەک دادەنشیت و ڕووی ئەکردە خەڵکەکەو زەردەخەنەیەکی بۆ ئەکردن. ئەو پەپولەیەک بوو بۆخۆی دەھاتوو دەچوو.
مرۆڤێکی ھەمیشە بێدەنگ، زۆر جار ئەوەستاو بەتەماشاکردنێکی قوڵەوە تێی ئەیڕوانیت؛ هەرچەند قسەت پێ بووتایە ھیچ توڕەبوون و کاردانەوەیەکی نەبوو.
تەمەنی نزیکەی چل دوو ساڵێک دەبوو، زیاتر لەبن دیوارو ناو مقەباکۆن و ژێر چەتری دوکانەکان دەمایەوە. خەڵکی خۆشیان دەویست و خواردن و جلیان دەدایە.
بەداخەوە کۆمەڵێک جاش وخۆفرۆشی ئیستخبارات ؛ لەشەوێکی باراناویدا لە ساڵی ١٩٨٧دا، لەژێرناوی پاسداری ئێرانیدا سەریانبڕی و پارەیان لەسەر وەرگرت. ھەرکە ئەم ھەواڵە بەناو شاردا بڵاو بووەوە، خەڵکی بەنھێنی و بەغەمبارییەوە باسیان دەکردو زۆر غەمگین و دڵشکاوو بەداخ بوون.کەس ئەو زوڵم و غەدرە گەورەیەی لەبیرناچێت کەبەرامبەر ئەو پیاوە پەپولە ئاسایەکرا.
ساڵەح فەلسەفە شەھیدێکی ترە
ساڵەح دەرونپەشێوێکی زاناو ژیربوو، شارەزایەکی باشی لەڕەوتی مارکسیەت چەپ هەبوو، جگەلەوەش ئاگاداری کیمیاو زانستی فیزیا بوو، لەگەڵ هەرکەس بوەستایە دەکەوتە گفتوگۆو باسی مارکسیەت وکیمیاو فیزیاو زانستی ئەوسەردەمەی بۆ دەکرد، لەچۆنیەتی دروست بوونی ماددەو گەردوون دەدوا. بۆیە ناویان نابوو ساڵەح فەلسەفە.
پیاوێک زەعیفی کەڵەگەت بوو، زیاتر شەرواڵێکی خاکی وکراسێکی سپی چڵکنی لەبەردەکردو ھەمیشە سەروقژی تەپتۆزاوی بوو.
بەردەوام جگەرەی دەکێشاو لەبەر خۆیەوە باسی لینین ومارکس وفەلسەفەی یۆنانی دەکرد، زۆرجار قسەی لەسەرئەستێرەو ھەسارەکان دەکرد. پێدەکەنی و دەیووت ئێوە هیچ نازانن، ژیان چییە؟ نازانیت!؟ ئەی دەریا چییە؟! شاخ چییە؟! چۆن دروست بووە ؟! باسی شتی زۆر سەیری دەکرد، تەنانەت خۆشی پێکەنینی دەهات بەوانەی لە چواردەوری دەوەستان و پرسیاریان لێ دەکرد. بەڵام ساڵەح قسەت پێببڕیایەو گاڵتەت پێبکردایە، یان داوای جگەرەی بکردایەو نەت دایەتێ، یان جنێوت بەمارکس بدایە، زۆر توڕەدەبوو، ھەڵدەچوو. زۆرجارکتێب ودەفتەری پێ بوو شتی دەنوسی، کەبتووتایە ئەوکتێبەم بەرێ، تۆڕە دەبوو.
بەردەوام قەرەباڵخ و شپرزەبوو.
لەشەوێکی ساڵی 1989دا لە عەربەت لەبەردەم دوکانەکاندا جاش و تەواری تێان خوڕیبوو، وەڵامی نەدابوونەوەو نەوەستابوو، ئیتر تەقەیان لێ کردو کوشتیان. (یاسین سعید)ی ھاوڕێم ووتی: من خۆم بەیانیەکەی چومە سەر تەرمەکەی کەکەوتبوو.
ئیتر ھەرکە ڕۆژدەبووەو خۆر ھەڵدەھات، شار بۆنی خوێن و پرسەی لێدەھات، بورکانێک بوو، بەردەوام دەکوڵاو لەخۆیدا پەنگی دەخواردەوە. تا دەھات شارەکە شڵەژاو و نائارام دەبوو ؛ بەندیخانەکانیش ڕۆژ بەڕۆژ پڕ دەکران لەگەنج و لاو. خۆئەگەر، بەھەر کۆڵان و سەرسوچ و شەقامێکی ناو بازاڕدا گوزەرت بکردایە، ئەوا لوتت دەتەقی بەلوتی سەدان تەواری و ئەمن و ئیستخبارات و جەیشی شەعبی و پۆلیسدا. نزیک ھەموو بنکەو خوێندنگەیەکی کوڕان و کچان، ھەمیشە بە پیکابی تەواری و جەیشی شەعبی چواردەوریان گیرابوو. لەھەر چەند سەد مەترێکدا توشی گروپێکی پشکنین دەبویت و لەھەر فولکەیەکیشدا ڕووبەڕوی چەند پیکابێک لە تەواری و جاش و جەیشی شەعبی و پۆلیس دەبویتەوە. بەردەوام پیکاب و نەجدەکانیش چەند کەسێکیان بەچاوبەسراوی و کەلەپچەکرای تێدا بوو. بەسەدان ئەمن و جاش و ھەواڵدزو سیخوڕو چڵکاوخۆریان بڵاوکردبۆوە. ھەر چەند مەترێک نە دەڕۆیشتیت، لەپڕ لەناوەڕاستی شەقامەکەدا دەنگی: (ولک گواد، ابن گەحبە)ی چەند تەواری و ئەمنێکت بەبەرزی دەبیست، کە بە قۆناغە تفەنگ و شەق کەوتونەتە گیانی گەنجێک و دەیانبرد.
بەردەوام دەنگی لورەی ئیسعاف و پیکابی تەواری و جەیشی شەعبی و نەجدە ھەراسانی دەکردی و ھەمیشە ھەستت دەکرد لەسەر ئاگریت و ھیچ کاتێک نابێت بەتەمای خۆت بیت. ھەر ئەوەندەت دەزانی لەپڕ دەبوو بەڕەشبگیر، شەرواڵت لەپیابوایە، ڕیشت ھەبوایە، قژت درێژ بوایە، کاسکێتت لەسەر بوایە، کاسێتێکی حەمەجەزاو کتێب و بڵاوکراوەی یاساغت پێبوایە،شیعرەکانی جوامێر(شێرکۆ بێ کەس)و کتێبەکانی مارکس و لینینت پێبوایە،گۆرەوی سپیت لەپیا بوایە، پانتۆڵی تەسک وکابۆو قەمسەڵەی ئەمریکیت لەبەردابوایە،جل و بەرگەکەت ڕەش بوایە، وێنەی پێناسەکەت ڕوون نەبوایە، بترسایتایەو بشڵەژایتایە….ھتد. ئەوا دەگیرایت و لەکونە ڕەشکەی کەمنی تێدام توندیان دەکردیت.
خۆ ئەگەر ھیچیشت لەسەر نەبوایەو نەسەلمێنرایە، ئەوا چەند مانگێک بەشت تێھەڵدان و سوکایەتی پێکردن و زیندان دەبوو. پاشانیش لەشەوێکی تاریکداو لەکەلاوەیەکدا، یاخو لەپەنای گوفەک و زبڵدان(حاویە)ێکدا، بەچاو بەستراوی لەپیکابێکەوە فڕێیان دەدایتە خوارێ و بەرەڵایان دەکردی.
ھەندێک جاریش کە بۆکڕینی پێویستیەک دەچویتە بازاڕ، پێش ئەوەی پێویستیەکەت کڕیبێت لەپڕ دەنگی چەند تەقەیەک دەبیسراو ھەرچیت دەبینی ڕای دەکرد، بەکورتی کوڕ ئەو کوڕە بوو بەپەلە دەڕابەی دوکانەکەی داباتەوەو ڕایکردایە. جابیھێننە پێش چاوی خۆتان، لەیەک چرکا ئەو ھەموو دەنگی دادانەوەی دەڕابەی دوکانانە، چ ھەرایەکیان دەنایەوە. ھەر خەڵکت دەدی بەدەستی بەتاڵ و عەرەبانەی میوەو سەوزەوە ڕایاندەکردو دەیانووت ئەرەوەڵا قڵیشایەوە. ئێ چی بووە ؟!ژنێک عەباکەی تۆپەڵکردووەو خستویەتیە بن باڵی و ھەناسەبڕکێیەتی،دەوەستێ و دەڵێ:
+ ئەی خوا ھاوار..
— ئەرێ چیبووە پورێ؟
+ ڕۆڵە بڕۆ شار بووە بەگۆمی خوێن، ھەرئێستا دوو ماتۆڕ سوار تەقەیان لە دوو ئەمنکردو کوشتنیان و چەکەکانیان بردن؛ کوڕەکەم تۆ چیەکەی لەم ناوە!؟ بڕۆرەوە بۆماڵ تانەیان گرتووی. بەخوا ھاکا ئەمن و تەواری و جەیش و جاش ئێستا پەیابوون و دابارین.لەتۆڵەی خوێنی ئەوانا سەدان کەس ئەبەن. بڕۆ ڕاکە.
— باشە پورێ گیان.
چەند ناخۆش و ترسناک بوو، ھەموو خەڵکی ناو بازاڕەکە دەشڵەژان و سەریان لێ دەشێواو نەیاندەزانی بەرەو کوێ ڕاکەن.
ئیتر بازاڕ کەسی تێدا نەدەما و ھەموو بەرەو ماڵەوە چۆڵیان دکرد.
زور جاریش خەڵکی هەر بۆ خۆشی و گەمەی خۆیان، لەپڕ دەیانقیژاندو ھاواریان دەکرد: قڵیشایەوە.
ئیتر زۆرێک لە کچ و ژن و گەنج و عارەبانە بەدەستەکان ڕایاندەکردو دەترسان. خێرا دەبووە بەزم و ڕەزم و پێکەنین. ھەر بەپێکەنینیشەوە ھاواریان دەکرد ڕامەکە ترسنۆک.
یەکێک لە تایبەتمەندییە ھەرە جوانەکانی خەڵکی ئەم شارە، ھەمیشە لەگەرمەی ناخۆشیەكانیشیدا، بیریان لای پێكەنین و گاڵتەوگەپ بووە.
ڕۆژێکیشیان دەمەو ئێوارە بوو، لەشەقامی گۆرانەوە بەرەو سەرا دەرۆیشتم. ئەوکات خوێندکاری پۆلی سێھەمی ناوەندی بووم. پایز بوو، بلوزێکی گەورەو فشی ڕەنگ قاوەیم لەبەرا بوو ؛ خوارەوەی بلوزەکەم کردبوە ناو پانتۆڵە قەیفەکەمەوە. باران نمە نمی دەکرد. منیش تۆزێک گۆیژم کڕی و ھەر بەدەم ڕێگاوە زۆر خۆشی و چێژەوە دەمخوارد، ئاگام لەدنیانەبوو.
کاتێک گەیشتمە سەرسوچی میوانخانەی مەولەوی و بەرەو کتێب فرۆشەکان شۆڕ بوومەوە. بەدەستی ڕاستدا لەژێر دار توەکەدا ئەفسەرێک بە دارحەیزەرانێکەوە ڕاوەستابوو. مەفرەزەیەک لە ھێزی تایبەت (قوات خاصه‌) لەچواردەوری بوون و خەڵکیان دەپشکنی و داوای پێناسیان دەکرد. لەپشتیشیانەوە پێکابێکی خاکی وەستابوو، کەچەند کەسێکیان سەرخستبوو. لەپڕ ئەفسەرەکە بە دارەکەی ئاماژەی بۆ من کرد و وتی: تعال، انت،انت..
منیش بەترس و لەرزێکەوە چوومە بەردەمی و وەستام، لەوە ئەچوو پێشتر چاودێری منی کردبێت و گومانی لەوەکردبێ کە شتێک لە ناو بلوزەکم و لاکەلەکەمدایە، ھەربۆیە خێرا بە نوکی دارەکەی، ویستی کەلەکەو کەمەرم بپشکنێت. کاتێک کەنوکی دارەکەی برد بۆ کەلەکەم و تەقەی ھات. ھەر ھێندەمزانی وەک بەر خاکەنازو چەکوش درابم، ئاوا بەر شەق و دار درام.
ھێندەم بەخۆمزانی لەسەر ئەرزەکە کەوتوم و ھەر شەق و دارە بەرم دەکەوت. ھەموو دەموچاوو لاشەم قوڕاوی و خوێناوی بوو، گوێم لەدەنگێک بوو بوتی: کافی، خلی ولی، عوف. أنهض گواد.
منیش بەو پەڕی تێکشکاویەوە ھەرچۆنێک بوو، ھەستام ؛ بەڵام ھەموو گیانم خوێناوی و قوڕاوی بوون. دەفتەرو قوتوی ئەندازە (طاقم هندسة‌)کەشم، کەچەند خولەکێک لەوەو پێش کڕیبووم و خستبومە ناو بلوزەکەمەوە. کەئەو لێی بوو بوو بەنارنجۆک و پۆستەر، لەوناوەدا تێکەڵ بەقوڕو گۆیژو خوێن بوو بوون. جارێکی تر ئەفسەرەکە بەتوڕەییەوە وتی: (اركض)، شەقێکی لە دواوە تێھەڵدام و وتی: (روح گواد، لاتباوع).
منیش لەتاوخۆم نەمزانی چۆن ڕامکرد، چونکە یەکەم جارم بوو لەژیاندا توشی شتی واببم. گوێم لێبوو یەکێک وتی: ئەوە (ملازم محسین)لێی دای؟! من تا ئەوکاتە نەمدەزانی ملازم محسین کێیە؟! لەوە بەدواوە ناوی(ملازم محسین) وەک چەقۆیەک وابوو بیکەن بەچاوو دڵما.
ئیتر خۆشم نەمزانی چۆن گەشتمە سەر سوچەکەی سەرو چاخانەی شعب.لەوێدا پیاوێک دەستیگرتم و وتی: وەرە کوڕم وەرە، خۆت پاکبکەرەوە. ئیتر بردمیە ناو چاخانەی کۆڵانەکەوە، منیش سەرو دەموچاوم شت و دەستێکی تەڕم بە جلەکانمدا ھێناو سوپاسمکردو لێمدا ڕۆیشتم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یوسف و تۆفیقی ئـەحمەد شەماڵ

نەوزاد كەریم لەگەڵ كۆتایی ئەو شەوە درێژو ساردەی كەپاش رێگا ...