سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » یه‌كێتیی ئه‌وروپا دوژمنی زۆر بووه‌

گه‌لپه‌رست و پۆپۆلیسته‌كان داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌كه‌ن

یه‌كێتیی ئه‌وروپا دوژمنی زۆر بووه‌

جگه‌ له‌ ویلاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو روسیا، له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كانیشدا پارت‌و رێكخراوی وا دروستبوون كه‌ له‌ دژی مانه‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپان‌و ده‌یانه‌وێت ئه‌و یه‌كێتییه‌ نه‌مێنێت. ئه‌و پارتانه‌ راستڕه‌وی توندڕه‌ون‌و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ ئه‌نجامی كۆچی به‌لێشاوی په‌نابه‌ران بۆ ئه‌وروپاو ته‌شه‌نه‌كردنی تیرۆر له‌سه‌ر ده‌ستی ئیسلامی رادیكالی گه‌شه‌یان كردووه‌و له‌ ژماره‌یه‌ك وڵات ده‌سه‌ڵاتیشیان وه‌رگرتووه‌.

پارتی ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌ڵمانی
له‌ ساڵی 2013دا له‌سه‌ر ده‌ستی خاتوو فراوكه‌ بێتری دامه‌زراوه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌مان ساڵدا هیچ كورسییه‌كی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستنه‌هێنا، به‌ڵام له‌ خولی دواتردا توانییان %25ی كورسییه‌كان به‌ده‌ستبهێنن‌و ببنه‌ فراكسیۆنێكی گه‌وره‌ی ناو په‌رله‌مان. ئه‌و پارته‌ خه‌بات ده‌كات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و بێبه‌ریبوونی ئه‌ڵمانیا لێی، ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌وروپی كۆمه‌ڵه‌یه‌ك پێكبهێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی ئابووری، دراوی یۆرۆ به‌زیاده‌ ده‌زانن‌و ده‌یانه‌وێت لایبه‌رن، داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دراوی ماركی ئه‌ڵمانی ده‌كه‌ن. ئه‌و پارته‌ نیشتمانی خۆی له‌ پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌ داده‌نێت.

پارتی سه‌ربه‌خۆی به‌ریتانی
له‌ ساڵی 1993دا دامه‌زراوه‌و مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كیتیی ئه‌وروپایه‌. ئه‌و پارته‌ خه‌ریكه‌ ئامانجه‌كه‌ی دێته‌دی به‌چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپادا، پێشنیاری ریفراندۆمه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌و پارته‌ كردی‌و تیایدا سه‌ركه‌وتنیان هێنا، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا كێشه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دۆسێیه‌ به‌وه‌ی په‌رله‌مانی وڵات چوونه‌ ده‌ره‌وه‌كه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌و مۆڵه‌تێكی تریان داوه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌كی یاسایی‌و دانوستان، ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌و ته‌نگژه‌یه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌وا پارتی سه‌ربه‌خۆیی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ بۆ خۆی له‌قه‌ڵه‌مده‌داو رێخۆش ده‌بێت بۆ پارت‌و وڵاتی تریش، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا له‌ناو په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا كورسی زۆریان هه‌یه‌.

بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی فه‌ره‌نسا
ئه‌و پارته‌ پێشتر ناوی به‌ره‌ی نیشتمانی بوو، ژنه‌ سیاسه‌تمه‌داری وڵات مارین لۆپان رابه‌رایه‌تی ده‌كاو له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی رابردوودا له‌ به‌رامبه‌ر ئیمانوئێل ماكرۆنی سه‌ركرده‌ی گه‌نج‌و داكۆكیكه‌ر له‌ مانه‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به‌توندی شكستی هێنا. ئه‌و پارته‌ ده‌یه‌وێت وڵاته‌كه‌ی خۆی بڕیار له‌ سیاسه‌تی كۆچ‌و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بێگانه‌و موسڵمانه‌كان بداو یه‌كێتیی ئه‌وروپا كوێخوا نه‌بێت به‌سه‌ریه‌وه‌.

پارتی ئازادی نه‌مسا
ئه‌و پارته‌ تا ساڵانی حه‌فتاكانیش هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی هاوكاریی گه‌وره‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بێت بۆ به‌هێزكردنی، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ یورگ هایده‌ر بووه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌و پارته‌، سیاسه‌تیان گۆڕی‌و خۆیان كرده‌ دژی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ پارتی گه‌ل له‌ناو هاوپه‌یمانێتیی حكومه‌تدان به‌سه‌رۆكایه‌تی سباستیانكۆرتس و رێكه‌وتوون كه‌ سیاسه‌تی پشتیوانی له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا بكه‌ن، بۆیه‌ ئێستا جۆرێك له‌ بێلایه‌نی‌و بێده‌نگییان له‌و پرسه‌دا هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام داوای ریفۆرمكردنه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستیشیان یه‌كخستووه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی كۆچدا.

پارتی سه‌ربه‌ستی هۆڵه‌ندا
مه‌سه‌له‌ی كۆچ‌و بوونی ئیسلام له‌و وڵاته‌ بوونه‌ته‌ دوو پرسی گرنگ له‌ ئه‌جیندای ئه‌و پارته‌ی به‌ گه‌لپه‌رست‌و توندڕه‌و ناسراوه‌. ئه‌و پارته‌ ئامانجی وایه‌ كه‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كۆمسیۆنه‌كه‌ی هه‌ڵبووه‌شێته‌وه‌و وڵاتان له‌ پیاده‌كردنی سیاسه‌تی خۆیان رۆڵ وه‌ربگرنه‌وه‌. له‌ دوای به‌ریتانیا ئه‌و پارته‌ش داوا ده‌كات له‌ هۆڵە‌نداش به‌هه‌مان شێوه‌ ریفراندۆمی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپا رێكبخرێت. خێرت فێڵده‌رز سیاسه‌تمه‌داری راستڕه‌و رابه‌رایه‌تیی ئه‌و پارته‌ ده‌كات.

یاسا و دادپه‌روه‌ریی له‌ پۆڵۆنیا
له‌ ساڵی 2011دا دروستبووه‌، جیاوازی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی ئه‌و پارته‌ له‌گه‌ڵ پارته‌ چه‌پ‌و لیبراڵه‌كانی تر له‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و به‌ ته‌نیا له‌ دژی سیاسه‌تی یه‌كێتیی ئه‌وروپایه‌و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌ران‌و بێگانه‌كان، نایه‌وێت یه‌كێتییه‌كه‌ سیاسه‌تی بۆ دابڕیژێت له‌سه‌ر پرسی كۆچبه‌ران‌و ده‌یه‌وێت خۆی بڕیار بدات.

پارتی فیدیسزی هه‌نگاری
ئه‌و پارته‌ پارێزگارو گه‌لپه‌رست‌و راسیزمه‌. فیكتۆر ئۆربانی سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵات سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. زۆر له‌ ڤلادمیر پوتینی سه‌رۆكی روسیا نزیكه‌و له‌ دژی دۆخی ئێستای یه‌كێتیی ئه‌وروپایه‌، هه‌میشه‌ له‌ دژی هاتنی كۆچبه‌رانه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی، یه‌كێتییه‌كه‌ی ته‌نها بۆ بواری ئابووری ده‌وێت،‌و نایه‌وێت بڕیارو راسپارده‌كانی جێبه‌جێ بكات. تا ئێستا چه‌ندینجار سه‌رپێچی كردووه‌و ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌.

یه‌كگرتووی ئیتالی
پێشتر ئه‌و پارته‌ تایبه‌ت بوو به‌ باكووری ئیتالیا كه‌ باری ئابوورییان زۆر باشه‌، به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ له‌ به‌شی باشووری هه‌ژار جیاببنه‌وه‌و خه‌باتیان بۆ ده‌كرد. ئێستا له‌ناو هاوپه‌یمانی حكومه‌تدایه‌‌و بووه‌ به‌ پارتێكی سه‌رتاسه‌ری وڵات، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌مه‌ند دروستبوون، گه‌شه‌یان كردووه‌‌و خۆیان به‌ شت ده‌زانن‌و ده‌یانه‌وێت سه‌روه‌تی ناوچه‌كه‌یان ته‌نها بۆ خۆیان بێت. به‌ سیاسه‌تی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ناڕازین‌و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دراوی یۆرۆ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی پێنج ئه‌ستێره‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی پاردا %32 ی هێناو، بۆته‌ پارتێكی سه‌ره‌كی وڵات.

پارتی ئانۆی چیكی
ئه‌و پارته‌ له‌ توندڕه‌وه‌كانه‌و له‌لایه‌ن ئه‌ندریه‌ بابیش گه‌وره‌ ملیاردێری وڵاته‌كه‌وه‌ دامه‌زراوه‌و ئه‌و كه‌سه‌ وه‌ك تره‌مپ وایه‌، بۆیه‌ ناویان لێناوه‌ تره‌مپی چیك، ئه‌و پارته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2017 دا رێژه‌ی %29 ی ده‌نگه‌كانی هێناو رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ وڵاته‌كه‌دا ده‌گێڕێت، سه‌ره‌تا داوای چاكسازیی له‌ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن، ئینجا ورده‌ ورده‌ ده‌یانه‌وێت رۆڵی كه‌م بكه‌نه‌وه‌و ئیدی هه‌ڵی بووه‌شێننه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:DW ، ویكیپیدیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

جیهان و پڕۆژە نوێكەی چین

لە 25/26 لە پكینی پایتەختی چین، دووەمین كۆڕبەندی «پشتوێن و ...