خورجە

هه‌ڵه‌بجه‌

1
بیرمه‌ شتێكم بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ نوسی‌ بووبه‌و جۆره‌ :
قاچ، ده‌ست، چاو، قۆڵ
بیر، هۆش، خاك، خۆڵ
كاسه‌ هه‌وا هه‌پرون هه‌پرون
راستی‌ نازانم ئه‌و ده‌رده‌ دڵه‌ چی‌ بوو، لێ‌ هێشتا برینی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ خوێنی‌ لێده‌چۆڕێت و هێشتا چیرۆكی‌ ئازاره‌كان ته‌واو نه‌بوونه‌، چاره‌سه‌ری‌ چیرۆكی‌ ئازاره‌كان و ساڕێژكردنی‌ برین، به‌رپرسیاره‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ هه‌موو لایه‌ك به‌تایبه‌ت به‌غداو دواتر ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌، ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌ ئه‌ركی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌ فرمێسك بگۆڕێته‌وه‌ به‌ ئومێدو كۆتای‌ به‌و یاده‌ ماته‌مینیه‌ بێنێت، كه‌ زیاتر هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ك قوربانیه‌كی‌ ده‌رۆزه‌كار نیشانده‌دات، نه‌ك قوربانیه‌كی‌ نێو مێژوی‌ مرۆڤایه‌تی‌، بۆ ئه‌مه‌ ئیداره‌ی‌ شارپێویست بوو له‌ به‌غدا شه‌ڕی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ماف بكه‌ن، كوا له‌ كام ماڵی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق به‌ ناوی‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ داوای‌ لێبوردننامه‌كه‌ی‌ هه‌ڵواسراوه‌،كام شه‌قامی‌ به‌غدا ناوی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ لێنراوه‌و چه‌یكه‌ی‌ عومه‌ری‌ خاوه‌ر له‌ كام شاری‌ عیراق هه‌یه‌، تا تاجه‌گوڵینه‌ی‌ له‌ سه‌ر دابنرێت .
2
له‌ لاپه‌ڕه‌ 370ی‌ كتێبی‌ «جرائم الحرب « دا تا ئێستا نه‌زانراوه‌ عومه‌ری‌ خاوه‌ر كێیه‌ و له‌ ژێر وێنه‌كه‌یدا هه‌ڵه‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مێژووداین، له‌ كاتێكا كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچینه‌ دیرۆكه‌وه‌، بۆ من هه‌ڵه‌بجه‌ بوون و مانه‌وه‌یه‌، نه‌ك شكست و هه‌لاَتن، به‌لاَم ئه‌م بوون و مانه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت چی‌ بكه‌ین و چۆن، دوو ده‌یه‌ زیاتره‌ یادی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، لێ‌ هێشتا ده‌ڵێی‌ له‌ ساڵی‌ یه‌كه‌می‌ یادكردنه‌وه‌داین و هێشتا ده‌ڵێین « به‌ ته‌نیا جێی‌ مه‌هێڵن « .
چۆن بتوانین هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ینه‌ كلیلی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ مێژوو به‌ ڕووی‌ خۆماندا بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك ئه‌وانی‌ تر تاج و ته‌خت و به‌ختمان هه‌بێت، ئه‌مه‌ به‌ فرمێسك و شینگێڕی‌ سالاَنه‌ ناكرێت، ئه‌مه‌ كاری‌ زیاتری‌ ده‌وێت .
3
ئاخۆ رۆژی‌ 16ی‌ له‌ فڕگه‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ و به‌غدا چه‌ند پۆسكارتی‌ عومه‌ری‌ خاوه‌رو هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌درێته‌ هات و چۆكاران، ئایه‌ ناكرێت له‌و رۆژه‌دا له‌ فڕگه‌كانی‌ دنیادا به‌ هه‌زاران پۆسكارتی‌ عومه‌ری‌ خاوه‌رو پێناسه‌یه‌كی‌ یه‌ك دوو دێڕی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دابه‌شبكرێت، تۆ بڵێی‌ ئه‌وه‌ هێنده‌ گران بێت،من ئه‌م یاده‌ له‌ بری‌ گۆرانی‌ به‌ ته‌نیا جێی‌ مه‌هێڵنی‌ شیعره‌كه‌ی‌ ره‌فیق سابیر، كه‌ كاتی‌ خۆی‌ زۆر جوان بوو، گۆرانی‌ فۆلكلۆری‌ به‌له‌نجه‌ گوێده‌گرم، جا به‌ ده‌نگی‌ كاكه‌ حه‌مه‌ قوتو بێت، یان ناسری‌ ره‌زازی‌ :
به‌له‌نجه‌ گیان به‌ له‌نجه‌
ئۆخه‌ی‌ به‌ لارو له‌نجه‌
باره‌ سێو باری‌ كردوه‌
بۆ شاره‌كه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مه‌لی‌ ته‌ریو

1 مه‌لی‌ ته‌ریو یان مه‌لی‌ تاراو، دوركه‌وته‌، رۆیشتوو، سه‌رگه‌ردان، ده‌مێكه‌ ...