سەرەکی » مانشێت » دانوستان بەردەوام دەبێت

״بەم نزیكانە وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە״

دانوستان بەردەوام دەبێت

راپۆرتی، هەڵكەوت زەنگەنە

دانوستان و گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، وەفدی دانوستانكاریان پێكهێناوە و بڕیارە بەم نزیكانە وەفدی دانوستانكاری هەردوولا كۆببنەوە و تەوەری سەرەكیش گفتوگۆكردنە لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتی تەئكید لە «شەراكەت و هاوبەشی راستەقینە» دەكاتەوە.

״گفتوگۆیەكی جددی ‌و بەرهەمدار״
لە دوو رۆژی رابردووشدا دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: بەشداریكردنمان لە حكومەتی هەرێمدا گرێدراوە بە هاوبەشی كاریگەر ‌و راستەقینەوە. ئەو هاوبەشییەی كە لە رێكەوتنە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی و پارتی لە رۆژی 4/3/2019، ئیمزامانكردووە. وتیشی: وەفدی یەكێتی بۆ دانوستان لەگەڵ برایانی پارتی دەستنیشانكرا و دەسەڵاتی تەواویان هەیە كە بەزووترین كات لەگەڵ برادەرانی پارتی بكەونە گفتوگۆیەكی جددی ‌و بەرهەمدار بۆ كۆتاییهێنان بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەسەر هەموو ئاستەكان.

دوای نەورۆز (نوێنەران) كۆدەبێتەوە
هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، هێشتا لە بەغداش پرسی تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتی نوێی عیراق و متمانەبەخشین بە وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و داد پرسێكی گەرمە.
لەوبارەیەوە د.بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بڕیارە دوای نەورۆز ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە، وتیشی: تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتی نوێی عیراق و متمانەبەخشین بە وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و داد، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت لە دوای نەورۆز. «لە بەرنامەدایە ئەم پرسە یەكلابكرێتەوە و متمانە ببەخشرێتە وەزیرانی داد و بەرگریی و ناوخۆ».

كۆبوونەوەكان لە هەرێم
دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 30/9/2018، رۆژی 6/11/2018، یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەڕێوەچوو. پاشان گفتوگۆ و دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەستیپێكرد و لە خولی یەكەمدا وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی كرد و رۆژی 17/11/2018، لەگەڵ وەفدی یەكێتی و گۆڕان كۆبۆوە. لەوكاتەوە تائێستا لە هەولێر و سلێمانی چەندین كۆبوونەوە كراوە. سەرەڕای ئیمزاكردنی رێكەوتننامە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە رۆژی 18/2/2019، هەروەها ئیمزاكردنی رێكەوتننامەی سیاسیی لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 4/3/2019، بەڵام هێشتا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلانەكراوەتەوە.

كۆبوونەوەكان لە بەغدا
لەئاستی عیراقیشدا دوای هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە رۆژی 12/5/2018، رۆژی 3/9/2018، یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. شەوی 2\3/10/2018، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆك كۆماری هەڵبژارد، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، د.عادل عەبدولمەهدی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، شەوی 24\25/10/2018ش ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ كۆبۆوە و لە كۆبوونەوەكەدا متمانە بەخشرایە د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و 14 وەزیری كابینەكەی، بەهۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانیشەوە، متمانەبەخشین بە 8 وەزیری دیكە دواخرا، دوای چەند دانیشتنێكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەران و متمانەبەخشین بە 5 وەزیری دیكە، بەڵام بەهۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە، تائێستا كاندید بۆ وەزیرانی بەرگریی و داد و ناوخۆ یەكلانەكراونەتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكان: چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر

لەكۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكانی عیراقدا، جەخت لەپێویستیی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ...