سەرەکی » دۆسێ » رەوتی سەدر ترسی هەیە لەلایەن ئەمریكاوە بكرێتە ئامانج

لە دژی مانەوەی هێزە بیانییەكانە لە عیراق

رەوتی سەدر ترسی هەیە لەلایەن ئەمریكاوە بكرێتە ئامانج

رەوتی سەدر كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە رابەرایەتی دەكرێت، قسە لەسەر ئەو زانیارییانە دەكات كە باس لە ئەگەری بەئامانجگرتنی دەكەن لەگەڵ چەند هێزێكی تر، بەهۆی یەكخستنی هەڵوێستیان لەدژی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق.
حاكم زاملی، سەركردە لە ڕەوتی سەدر، لە 14ی ئاداری 2019، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو»ناكرێت بەرانبەر بە پیلانەكان ئەمریكا لە ناوچەكەدا بێ‌ ئاگابین، ئەوەی گوێی خۆی بەرانبەر بە پیلانەكانی ئەمریكا بخەوێنێت، لەسەر ئەجێندای وڵاتەكە ڕێدەكات، بۆیە بەدووری نازانین ئەمریكا دەست لە ڕەوتی سەدر یان هێزێكی تر بوەشێنێت، بە تایبەت كە رەوتی سەدر لە 2003وە تائێستا، لە دژی ئاراستەی پاوەنخوازیی و داگیركاریی و دزینی نەوت و خاپوركردنی ژێرخان و یارمەتینەدانی عیراق و جێبەجێكردنی ئەجێنداكانی وڵاتە لە ناوچەكەدا وەستاوەتەوە».
بە گوتەی زاملی»رەوتی سەدر تاكە هێزە كە رووبەڕووی ئەمریكا بۆتەوە لە دوو جاردا، ڕاپەڕینی یەكەم و ڕاپەڕینی دووەم، و شەهید و برینداری لەو پێناوەدا بەخشیوە، و زیانی گەورەشی بە ئەمریكاییەكان گەیاندووە».
ئەو سەركردەیەی ڕەوتی سەدر دەڵێت»بەدووری نازانن ڕەوتی سەدر بكرێتە ئامانج، بە تایبەت كە رەوتەكە بەپێی ئەجێندا و پرۆگرام و ئاراستەی ئەمریكایی لە عیراق و ناوچەكەدا رێناكات».
پێشتر پێگەیەكی عیبری هەواڵگری، باسی لە مەترسییەكی گەورەی ئیدارەی ئەمریكا كردبوو بەهۆی یەكخستنی هەڵوێستەكان لەنێوان ڕەوتی سەدر و لایەنە شیعەكانی تری عیراق سەبارەت بە ڕەتكردنەوەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، هۆشداریشی دابوو لەو مەترسیانەی كە ڕەنگە ڕووبەڕووی هێزەكانی ببێتەوە لە عیراق لەسەردەستی كەتیبەكانی حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق.
پێگەی «دیبكا فایل» لە ڕاپۆرتێكیدا دەڵێت، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە و نیگەرانییەكانی ئیدارەی ئەمریكای بەرانبەر بە هێزەكانی مقاوەمە و حەشدی شەعبی دەربڕیوە، داواشی كردووە بنكەی ئەمریكایی دابمەزرێنن، بەڵام عەبدولمەهدی بە پۆمپیۆی ڕاگەیاندووە كە ناكرێت ئەمریكا لەڕووی یاساییەوە، بنكەی سەربازی نوێ‌ لە عیراقدا دابمەزرێنێت، بە هەمان شێوە هێزەكانی مقاوەمە لە عیراقدا بەهێز و دەستڕۆیشتوون.
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئیدارەی ئەمریكا وەڵامەكەی عەبدولمەهدی بە ڕەتكردنەوەی پلانەكانی داناوە بۆ دامەزراندی بنكەی سەربازی نوێ‌ بۆ ئەو هێزە سەربازیانەی كە ترەمپ دەیەوێت لە سوریاوە بیانگوازێتەوە بۆ عیراق، ئاماژەی بە دروستكردنی چەند بنكەیەكیش كردبوو لەئێستادا لە باكووری عیراق لە نزیك شاری كەركوك و لەبەرانبەر بنكەی ئاسمانی ئەمریكایی لە پارێزگای ئەنبار.
«دیبكا فایل» پێیوایە، هێزەكانی ئەمریكا ڕووبەڕووی مەترسییەكی تر دەبنەوە كە ئەویش ڕەوتی سەدرە، بە تایبەت دوای بانگەشەكەی نەسار روبەیعی سەرۆكی لیژنەی سیاسی رەوتەكە بۆ داڕشتنی یاسایەك كە هێزە ئەمریكایی و بیانییەكان پابەند بكات بە جێهێشتنی عیراق، ئیدارەی ئەمریكاش ئەم هەنگاوەی بە نسكۆیەكی ناچاوەڕوانكراو دادەنێت، لەكاتێكدا موقتەدا سەدر خۆی بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكان لەگەڵ لایەنەكانی تردا لە دژی بوونی ئەمریكایی لە عیراق، ئامادە دەكات.
راپۆرتەكە ئاماژە بە زیادكردنی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا دەكات لە عیراق و سوریا، باس لە پۆلێنكردنی بزوتنەوەی نوجەباش دەكات (یەكێكە لە هێزە شیعەكان) بە «ڕێكخراوێكی تیرۆریستی» بەو هۆیەی هێزێكی تایبەتی بۆ سوپای سوریا فەراهەمكردووە كە پڕچەكە بە موشەكی ئێرانی و تانكی (72- تی)ی روسی و ئەركەكانیشی خۆی لە گێڕانەوەی جۆلانی سوریادا دەبینێتەوە.
راپۆرتەكە باس لەو مەترسیانە دەكات كە ڕووبەڕووی هێزەكانی ئەمریكا دەبنەوە لە عیراق و سوریا لەلایەن كەتیبەكانی حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق.
«دیبكا فایل» دەڵێت»ئەمریكا پاڵپشتی زیاتری بۆ هێزەكانی لە عیراق، لە ئیسرائیل و ئەردەن و ئەوروپا (بە تایبەت لە بولگاریا و رۆمانیا)وە، رەوانە كردووە.
پێگەكە ئاماژەی بە بوونی ئاراستەیەك كردووە كە لێوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و عیراق، خۆیان بۆ كاركردن لە دژی گردبوونەوەی هێزە عیراقییە شیعەكان ئامادەكردووە كە لە خۆرئاوای عیراق و خۆرهەڵاتی سوریا، چالاكی و جموجۆڵیان هەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...