سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » نور سوڵتان نزارباییڤ له‌ سه‌رۆكی كازاخستانه‌وه‌ بۆ سه‌ركرده‌ی گه‌لپەڕە 3

ده‌سه‌ڵاتی له‌ سه‌رۆك زیاتر ده‌بێت

نور سوڵتان نزارباییڤ له‌ سه‌رۆكی كازاخستانه‌وه‌ بۆ سه‌ركرده‌ی گه‌ل

نور سوڵتان نزارباییڤ سه‌رۆكی كازاخستان، رۆژی 20/3/2019 به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراوو له‌ په‌خشێكی راسته‌وخۆدا ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند و وتی: بڕیارمدا كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تیم بهێنم.

ئیمزاكردنی دوا مه‌رسوم
نزارباییڤی ته‌مه‌ن 78 ساڵ رایگه‌یاند: به‌م ساڵه‌وه‌ 30 ساڵ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ته‌واو ده‌كه‌م، بۆیه‌ ئه‌مه‌ كۆتا مه‌رسوم ده‌بێت وه‌كو سه‌رۆك ئیمزای بكه‌م. وتیشی: گه‌له‌ مه‌زنه‌كه‌م سه‌ربه‌رزیان كردم كاتێك منیان وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی كازاخستان هه‌ڵبژارد.
نزارباییڤ روونیشیكرده‌وه‌: وێڕای ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی، به‌ڵام وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای وڵات ‌و سه‌رۆكی پارتی نو ئۆتان (رووناكی نیشتمان) و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌ستووری ده‌مێنێته‌وه‌.

دیاریكردنی سه‌رۆكێكی كاتیی‌
به‌گوێره‌ی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ، ته‌نها رۆژێك له‌ دوای ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی نزارباییڤ، قاسم جومارت توكاییڤ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌و وڵاته‌ كرایه‌ سه‌رۆكی كازاخستان، دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاتە متمانه‌ی پێ به‌خشی و سوێندی ده‌ستووریی خوارد. به‌وه‌ش توكاییڤ تا مانگی‌ نیسانی 2020 ئه‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، كه‌ واده‌ی ته‌واوبوونی خولی سه‌رۆكایه‌تیی نزارباییڤه‌.

له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی روسیاشه‌
لای خۆیه‌وه‌، لیونید كلاشینكۆف سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری رابیته‌ی وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ له‌ ئه‌نجومه‌نی دوما له‌ په‌رله‌مانی روسیا به‌ ئاژانسی (سپۆتینگ)ی راگه‌یاند: قاسم توكاییڤ كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سه‌رۆكی كازاخستان راسپێردراوه‌، سیاسه‌تمه‌دارێكی به‌توانایه‌ ‌و بڕیاری راسپاردنیشی بۆ روسیا زۆر پۆزه‌تیڤه‌.

سه‌رۆكێكی بێ ركابه‌ر
نزارباییڤ كه‌ له‌ دایكبووی ساڵی1940 -ه‌، به‌وپێیه‌ی سكرتێری یه‌كه‌می حزبی شیوعی كازاخستان بوو، ئه‌و كاته‌ش كازاخستان یه‌كێك بوو له‌ كۆماره‌كانی یه‌كێتیی سۆڤێت، رۆژی 24ی نیسانی ساڵی 1990 كرا به‌ سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌. دوای هه‌ره‌سهێنانی یه‌كێتیی سۆڤێت و جیابوونه‌وه‌ی كۆماره‌كانی، كازاخستان دوا كۆمار بوو كه‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ یه‌كێتیی له‌ 16ی كانونی یه‌كه‌می 1991 دا راگه‌یاند، به‌ڵام نزارباییڤ هه‌ر به‌ سه‌رۆك مایه‌وه‌ ‌و بۆ چه‌ند جارێكیش له‌ چه‌ند پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردندا، به‌بێ ركابه‌ر به‌ سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.
ساڵی 2007 یش، په‌رله‌مانی كازاخستان مافی به‌ نزارباییڤ دا بۆ چه‌ند خولێك خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی وڵات كاندید بكاته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌و یه‌كه‌م و تاكه‌ سه‌رۆكی كازاخستانه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستهێنا.

چاكسازیی ئابووری و به‌رهه‌ڵستیی دیموكراسی
به‌گوێره‌ی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ: له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا، نور سوڵتان نزارباییڤ هه‌وڵه‌كانی له‌ بواری چاكسازیی ئابووریدا چڕكردبۆوه‌، به‌ڵام به‌رهه‌ڵستی ریفۆرمی دیموكراسی له‌ سیستمی سیاسیدا ده‌كرد له‌ كازاخستان.
سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ ئاشكرایانكرد: چاودێرانی سیاسی ره‌خنه‌ی توندیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌كانی نزارباییڤ گرتووه‌ ‌و ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ زۆربوونی فشاری جه‌ماوه‌ری و ئه‌و ره‌شبینی به‌هۆی دۆخی ئابوورییه‌وه‌، كه‌ تائێستا وڵات ده‌ناڵێنێ به‌ده‌ست لێكه‌وته‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ 2014 دا، هه‌روه‌ها ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دێت له‌ بڕیاری نزارباییڤ بۆ ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی حكومه‌ت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا. نزارباییڤ یه‌كه‌م سه‌رۆكه‌ له‌ ئاسیای ناوه‌ڕاستدا ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی به‌هۆی كوده‌تا یان شۆڕشه‌وه‌ نه‌بووه‌.

چه‌ند هۆكارێك بۆ مانه‌وه‌ی رۆڵی كاریگه‌ری
سه‌رچاوه‌كانی ده‌نگوباس له‌ زاری هه‌ندێك له‌ چاودێرانی سیاسییه‌وه‌ ده‌ڵێن: وێڕای ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی نور سوڵتان نزارباییڤ له‌ پۆستی سه‌رۆكی وڵات، به‌ڵام رۆڵی گرنگی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ دروستكردنی بڕیاری سیاسی له‌ كازاخستان، ئه‌یش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك. یه‌كێكیان چونكه‌ هه‌ر وه‌ك سه‌رۆكی پارتی نو ئۆتانی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی هه‌موو كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كازاخستانی مسۆگه‌ر كردووه‌. هۆكارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌كو سه‌ركرده‌ی گه‌ل ناسراوه‌ و ده‌ستووری وڵات له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌تی. هه‌روه‌ها ساڵی رابردووش به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی كازاخستان دیاریكرا.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی نزارباییڤ، پێگه‌ی ڤزگلیاد له‌ بابه‌تێكیدا به‌نانیشانی (نزارباییڤ له‌ سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتدارتر ده‌بێ) نووسیویه‌تی: تائێستا ناتوانین قسه‌ له‌سه‌ر كۆتایی سه‌رده‌می سوڵتان بكه‌ین، چونكه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تییكردنی وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام وه‌كو سه‌رۆك نا، به‌ڵكو وه‌ك سه‌ركرده‌ی گه‌ل. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نزارباییڤ هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی هێزی ره‌سمی‌و ناڕه‌سمیی له‌به‌رده‌ستدایه‌، نزارباییڤ دامه‌زرێنه‌ری كازاخستانی سه‌ربه‌خۆیه‌‌و یه‌كێكیش بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی دژی هه‌ره‌سهێنانی یه‌كێتیی سۆڤێت بووه‌‌و له‌ سه‌ركردایه‌تی كردنیشی به‌رده‌وام ده‌بێت، ئیدی چ پێویستی به‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یه‌؟

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״سه‌دان ئیخوانیی میسر، كوێت جێده‌هێڵن״

دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی کوێت رایانگەیاند کە «باندێکی تیرۆریستیی سه‌ر ...