سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » پێداگریی یه‌كێتی و هاوبه‌شیی گۆڕان و پارتی

رونتر

پێداگریی یه‌كێتی و هاوبه‌شیی گۆڕان و پارتی

پارتی و گۆڕان به‌هاوبه‌شی و به‌بێ گوێدانه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی، هه‌نگاوده‌نێن‌و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستانی خستۆته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌رو پێشهاتی جۆراوجۆر، ئه‌و پرسانه‌ی ئه‌م دوولایه‌نه‌ هاوپه‌یمان و هاوئامانجه‌ ده‌ستی بۆده‌به‌ن، به‌تایبه‌تیش پرسی كاراكردنه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ هه‌رێم، به‌بێ سازان و رێكه‌وتنی پێشوه‌خته‌و كۆده‌نگی له‌باره‌یه‌وه‌، ناتوانێت سوود به‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بڕیار بێت چوار ساڵی داهاتوو جیاواز له‌ڕابردوو بێت، ده‌بێت كۆی ئه‌و پرسانه‌ی كه ‌هه‌ڵگری ره‌هه‌ندی نیشتمانین به‌سازانی هه‌مووان بێت، ئه‌مه‌ رێگە دروسته‌كه‌ی گه‌یشتنی هه‌رێمه‌ به‌ ئارامی‌و سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ له‌حوكمرانی.
چونكه‌ ئه‌گه‌ر پارتی‌و گۆڕان بۆچوونیان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بێت، كه‌ هه‌موو شتێك به‌ڕێكه‌وتنی ئه‌م دوولایه‌نه‌ ته‌واو ده‌بێت‌و هه‌رچی خۆیان خواستیان ده‌توانن جێبه‌جێی بكه‌ن، ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر خزمه‌ت به‌ داهاتوو ناكات، به‌ڵكو گرفت‌و ئاسته‌نگی تریش ده‌خوڵقێنێ و ئه‌م دوولایه‌نه‌ هاوپه‌یمانه‌ش به‌رپرسیارێتی هه‌ر دۆخێكی تریان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆو باشترین رێگەش له‌به‌رده‌م پارتی‌و گۆڕاندا ئه‌وه‌یه‌، چیتر هه‌نگاوی تری پێچه‌وانه‌ی كۆده‌نگی نه‌نێن‌و ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ ترازانی كۆده‌نگی ده‌ستیان پێكردووه‌، به‌ته‌واوی له‌خاڵێكدا بیوه‌ستێنن.
ئێستا گۆڕان‌و پارتی وه‌ك دوو رووی دراوێك‌و وه‌ك دوولایه‌نی هاوئاواز ده‌بینرێن، كه‌ له‌ هه‌رلایه‌كه‌وه‌ سه‌یری ده‌كه‌ی، گۆڕان وه‌ك هانده‌رو پشتیوانی پارتی ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ بێگومان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ مه‌رجی پارتی بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆڕان ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ ده‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی دێنه‌ پێشه‌وه‌، له‌ یه‌ك به‌ره‌دا بن‌و له‌ سه‌ره‌تاكانی رێكه‌وتنه‌كه‌شه‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ ده‌بینرێت، كه‌ رێكه‌وتنی پارتی‌و گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دوولایه‌نه‌ كوردستانییه‌ بۆ چوار ساڵی داهاتوو به‌هاوبه‌شی ئاو بكه‌ن به‌ئاشێكدا كه‌ پارتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی خستویه‌تییه‌ گه‌ڕ، پارتی له‌ڕێگه‌ی ئیمزاكردنی رێكه‌وتنێكه‌وه‌ هاوپه‌یمانێكی بۆخوی سازاند، تاوه‌كو بۆ هه‌رپرسێك كه‌ مه‌به‌ستی بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ته‌واوبێت، به‌كاری بهێنێت.
كاراكرنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم‌و پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی پارتی‌و گۆڕانیش(كه‌ هه‌موو ئامانجه‌كانی پارتی تیادا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌و بۆ جوانكاریش ناوی لێنراوه‌ پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش‌و له‌ سایه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌ هاوبه‌شه‌ی ئه‌م دوولایه‌نه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی داهاتووی هه‌رێم وه‌ك رابردوو خاوه‌ن بڕیارو خاوه‌ن قسه‌ی كۆتایی ده‌بێت، كه‌ ئه‌م شێوازه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی به‌ ته‌نها ماكیاژێكی ره‌نگ ئاڵی بۆ كراوه‌ به‌خواستی پارتی) ئاماژه‌یه‌كی تره‌ كه‌ پارتی چی مه‌به‌ستی بێت، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی ئه‌نجامی ده‌دات‌و ئه‌مه‌ش پیشاندانی وێنه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌ كه‌ ئێستا گۆڕان ئه‌وه‌نده‌ی ته‌واوكاری پڕۆژه‌و ئه‌جێندای پارتییه‌، هه‌رگیز ئه‌وه‌نده‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن ئیراده‌و بڕیار نییه‌و بۆ داهاتووش ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی زیانی زۆر له‌ هه‌رێم ده‌دات‌و ته‌نها هێزێكیش كه‌ توانای وه‌ستاندنی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی هه‌یه‌، به‌ ته‌نها یه‌كێتییه‌. چونكه‌ یه‌كێتی ئێستا جگه‌ له‌وه‌ی خاوه‌نی روئیایه‌كی رۆشنه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگی راسته‌قینه‌و سه‌رجه‌می ئه‌وانه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌نگیان پێی نه‌دا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ قۆناغێكی نوێی سیاسیدان‌و ئامانجیان گۆڕانكاری‌و ئارامی‌و خۆشگوزه‌رانییه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ڕۆژگارێكدا به‌هۆی ناوو ناونیشانی گه‌وره‌وه‌ ده‌نگیان به‌لایه‌نی ترداو له‌یه‌كێتی زویر بوون، باشتر له‌وه‌ تێده‌گه‌ن ئه‌وه‌ی پێداگری له‌سه‌ر گۆڕانكاری‌و قۆناغێكی نوێ ده‌كات، به‌ته‌نها یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، كه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئامانجه‌كانی روون بوون، كه‌ وه‌ك لایه‌نێكی گرنگی نیشتمانی به‌ هه‌مووانی راگه‌یاند، ده‌بێت چوار ساڵی داهاتووی هه‌رێم جیاواز بێت‌و كه‌ركوك‌و به‌غداو هه‌رێمیش پێویسته‌ یه‌ك پاكێج بن، بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێتی ئامانجی وه‌رگرتنی پۆست‌و ئیمتیازی گه‌وره‌ نییە، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ئامانجیه‌تی شه‌ریكێكی راسته‌قینه‌ی هه‌موو شتێك بێت كه‌ چاره‌نوسی هه‌رێمی پێوه‌ به‌نده‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌پێناوی حكومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوودا

سه‌ركه‌وتنی هه‌ر حكومه‌تێك په‌یوه‌سته‌ به‌شێوازی بیناكردن‌و جۆرو ستراتیژی كاركردنی، بێگومان ...