سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » پێداگریی یەكێتی بۆ؟

پۆلەتیک

پێداگریی یەكێتی بۆ؟

لە ماوەی مانگەكانی رابردوودا بەئامانجی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتە سیاسییەكان كۆبوونەوەی بێشوماریان كرد بۆ رێكەوتن‌و پێكهێنانی حكومەت، حكومەتی هەرێم لەبەرئەوەی سیستەمی مەڵتی پارتی سیاسیی تێدا چەسپیوەو هیچ حزب یان دوو حزبێك بەتەنیا بەبێ بەشداری پێكردنی پارتە سیاسییەكانی تر نەیانتوانیوە حكومەت پێكبهێنن، بەڵام ئەگەری بەشداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەم كابینەیەدا جیاواز دەبێ‌و گرنگە جەماوەرو خەڵكیش بزانن ئەم پێداگرییەی یەكێتی بۆ؟
لە كابینەكانی رابردوودا چەند فاكتەرێك وایانكردبوو كە بەشداری یەكێتی لەناو حكومەتدا شەراكەتێكی راستەقینەی نەبێ، ئەوەش پەیوەست بووە بە ئەدای كاری سیاسیی پارتە سیاسییەکەو رۆڵی یەكێتی لەناو حكومەتدا، جگە لەوەی ناسەقامگیری‌و تەنگژەی سیاسیی لەكوردستان‌و ناوچەكە فاكتەری دیكەی بەهێزبوون، هەروەك فاكتەرە ناوخۆییەكانی یەكێتیش كاریگەری زۆریان لەسەر ئەداو شێوازی كاری سیاسیی ئەو حزبە هەبووە لەناو حكومەتدا، بەڵام ئەوەی ئێستا یەكێتیی پێداگری لەسەر دەكات فاكتەری جیاوازترن‌و پێویستە جەماوەریش هۆشیاریی زیاتریان لەبارەی ئەم جۆرە لە پێداگریی یەكێتی‌و فاكتەرەكانی ئەم پێداگرییە هەبێ.
هەڵوێستی پارتە سیاسییەكان لە دوای هەڵبژاردنی ئەیلولی (2018)ی پەرلەمانی كوردستان‌و ناكۆكبوونیان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەربارەی دەرەنجامەكانی یەكێتی‌و بێدەنگی لایەنەكانی تر دەربارەی ئەو بابەتە، وایكرد یەكێتیش دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن قبوڵ بكات، ئەوەش پاسێكی تری سیاسیی دا بەپارتی دیموكراتی كوردستان‌و فاكتەرێكی كاریگەربوو بۆئەوەی پاكێجە سیاسییەكانی بەمیتۆدو شێوازەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
رێكەوتنی گۆڕان‌و پارتی‌و هەڵوێستی گۆڕان بەرامبەر داواكارییەكانی پارتی لەم كابینەیەداو بەتایبەتیش دەربارەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم لەپەرلەمان، ئەم كابینەیە بۆ گۆڕان كۆتایی یەكجاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان بوو، لەبەرئەوەی پارتی سیاسیی نوێ لەكوردستان‌و بەتایبەتیش لەسلێمانی دروست بوو وەكو (نەوەی نوێ)، ئەوە وایكرد دەنگەكانی گۆڕان لەكورتییەكی زۆربدات، جگە لەوەی هەڵوێست‌و ئەدای كاركردنی نوێنەرانی گۆڕان‌و بەشداری سیاسییان لەكابینەی رابردوودا فاكتەری گرنگ بوون بۆ پاشەكشەی ئەم حزبە سیاسییە لەكوردستان، بۆیە بەهەموو مەرجەكانی پارتی رازی بوون‌و لەبەرەی گەل‌و جەماوەرو بەرژەوەندی گشتییەوە لەئێستادا وتەبێژیی بۆ كردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكەن، ئەو سەرۆكایەتییەی پێیانوابوو گەورەترین كێشەیە بۆ هەرێمی كوردستان‌و ئەو كەسێتییەی كاری بۆ دەكەن بیكەنە سەرۆكی هەرێم، هەر ئەو كەسەیە كە لەڕوانگەی ئەندام پەرلەمان‌و سەرۆك پەرلەمانەكەی گۆڕان بە نەخوێندەوار ناویان دەبردو پێیانوابوو هۆكاری سەرەكین بۆ بوونی گەندەڵی‌و نەبوونی حوكمی رشید لە كوردستان، بەڵام لەئێستادا پێچەوانەی وتارە سیاسییەكانیان كار بۆ هەمان كەسێتیی دەكەن؟
بۆیە یەكێتی پێویستە بۆ ئەم قۆناغەی كوردستان تا دەكرێ پێداگربێ، نەك بۆ پۆست‌و بەرژەوەندی‌و كورسی زیاتر، بەڵكو بۆ كوالێتی بەشداریی سیاسیی یەكێتی لەحكومەت‌و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستاندا، كە ئەوەش خواستی جەماوەرو كادرەكانی یەكێتی‌و خەڵكی كوردستانیشە، بۆیە شێوازی رێكەوتن‌و شەراكەتی یەكێتی ئەگەر راستەقینە نەبێ، ئەوا یەكێتی ئۆپۆزسیۆن بێ گەلێك باشتر دەبێ بۆ خودی حزبەكەو جەماوەرەكەشی، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا پێویستە پارتی واقیعی سیاسیی كوردستان بخوێنێتەوە، كە بەبێ بەشداریی كارای یەكێتی، كابینەی نۆ ناتوانێ حوكمی هەموو كوردستان بكات و ئەگەری لێكەوتەی سیاسیی زیاتری لێدەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەرگی هاووڵاتی و بێدەنگیی حكومەت

لە كەمپەین و پڕوپاگەندە سییاسییەكاندا، بەتایبەت لە كەمپەینەكانی هەڵبژاردندا، زۆرینەی ...